هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئاگادارییەك لە هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆ ماتۆڕسوارەكان

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاگاداری ماتۆڕسواران دەكاتەوە بەتایبەت ئەو ماتۆڕسوارانەی كە  كاری دلیڤەری دەكەن، پێویستە پابەندی سەلامەتی بن و هۆكارەكانی سەلامەتی لە دەست كێش و كڵاو و سەرئەژنۆ  بەكار بهێنن،  و خۆیان دور بگرن لە رۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و بێزاركردنی هاووڵاتیان، چونكە رۆژانە هاووڵاتییەكی زۆر سكاڵا دەكەن كە ماتۆڕسكیلی گەیاندنی خواردنگەكان بێزاریان دەكەن و سیمای شاریان ناشرین كردووە.
هاوكات هاتووچۆی سلێمانی  داوا لە خاوەن چێشتخانەكان و فاست فودەكان  دەكات هاوكاریانبن شان بەشانی هاتووچۆ شۆفێرەكانیان ئاگادار بكەنەوە دووربن لە سەرپێچی و بێزاركردنی هاووڵاتیان،  دەبێت  هەموو ماتۆڕسوارێك  خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیل بێت  یاخود هەر ماتۆڕسوارێك مۆڵەتی لێخورینی نییە بە زووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەشی مۆڵەت بكات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیل و بە پێی یاسا كار ئاسانیان بۆ دەكرێت، بە پێچەوانەوە هەر ماتۆڕسوارێك  پابەند نەبێت دەستبەسەر ماتۆرسكیلەكەیدا دەگیرێت و رەوانەی گەراجی دەستبەسەراگرتن دەكرێت و توندترین سزا دەدەرێت.  
راشیده‌گه‌یه‌نن: داواكارین لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارەكەمان لە ئەگەری هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە پەیوەندی بكەن  بە  ژمارە 100سەنتەری رێكخستنی پەیوەندییەكان (JCC) یان پەیوەندی بە ژمارە 188 ی كۆنترۆڵی هاتووچۆی بكەن بەمەبەستی ناردنی مەفرەزە و لێپێچینەوە لە شۆفێرانی سەرپێچیكار.