پارێزگاری هەولێر: بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی لافاوەکە و شەهیدانی پێشمەرگە ئاهەنگی سەری ساڵ ناگێڕین

ئومێد خۆشناو رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی لافاوەکەی هەولێر و شەهیدانی پێشمەرگە ئەمساڵ بۆ سەری ساڵ وەکو پارێزگای هەولێر هیچ بۆنەیەکی فەرمی ئەنجام نادەن. پارێزگاری هەولێر لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی رۆژی 17-12-2021 رایگەیاند، کۆی گشتی زیانەکان 20 تا 21 ملیار دینار دەبێت. هەروەها دەشڵێت، ئاو چووەتە 2509 ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە، 402 خانوو زیانمەندبوون، 867 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، 153 دووکان و مارکێت و کارگە زەرەرمەند بوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 19-12-2021 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لافاوەکە 15 گوند و ناحیەی گرتووەتەوە، هەروەها 12 کەس گیانیان لەدەستداوە کە تاوەکو ئێستا تەرمی دووانیان نەدۆزراونەتەوە. رۆژی هەینی بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لافاو دروستبوو و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار دیناری بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە تەرخانکرد. بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، هەردوو گوندی بێستانە و کەردز زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و مەترسییان لەسەرە، بۆیە تیمیان ناردووەتە ئەو دوو گوندە. دوێنێ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا لیژنەیەکی 11 کەسی بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر پێکبهێنرێت. بە گوتەی ئومێد خۆشناو، لیژنەکەی پارێزگاری هەولێر لە دوێنێوە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان دەکەن. لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، بەهۆی ئەوەی کە قەبارەی زیانەکان زۆرە، لە بودجەی فریاکەوتن هاوکاریی هەولێر بکرێت. زۆرینەی زیانەکانی لافاوەکە بریتین لە تێکچوونی خانوو، کەلوپەلی نێو ماڵ و ئۆتۆمبێل، هاونیشتمانیانیش داوا دەکەن حکومەت بەهانایانەوە بچێت و قەرەبوویان بکاتەوە. 

ھەواڵی زیاتر