جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 69ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستە سکرتێر و ئەندامانی سکرتارییەت دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و ئەرک و ئامانجەکانیان دووپات دەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد و ستایشی یەکێتییەکەیان لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێرانە و خەباتی مەدەنی دەکات.
دەقی پەیامەکەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:-
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
بە بۆنەی (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک یەکەمین ڕێکخراوی ئافرەتانەی پێشەنگ کە لە هەناوی شۆڕش و خەباتی گەلەکەماندا دروست بووە، خواستە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستانی لەگەڵ داوا ڕەواکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ئاوێتە کردووە و ڕۆڵێکی گهورهى لە هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکانی ئافرەتاندا گێڕاوە.
یەکێتییەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیيدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گهشى تۆمار کردووە، بۆتە قوتابخانەیەکیش بۆ هاندان و پتەوکردنی بڕوابەخۆبوونی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و تێکۆشەر و سەرکردە.
ئەمڕۆش یەکێتیی ئافرەتانى كوردستان هاوشانی ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆک لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتان، لە ڕۆڵ و ئەرکە مەدەنی و یەکسانخوازییەکەی بەردەوامە و دڵنیام پاڵپشت به پاشخان و ئەزموونهكهى، لە ئەرکەکانی ئەم سەردەمەشیدا سەرکەوتوو دهبێت.
لەم یادەدا وەک هەمیشە پشتیوانی بۆ خەبات و ئەرک و ئامانجهكانتان دووپات دەکەمەوە، هیوادارم لە تێکۆشانتان بۆ بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و سەرخستنی بیر و کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، سەرکەوتوو بن.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2021/12/11