به‌فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی ژماره‌یه‌ك بەرکەوتووی چەکی کیمیایی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ر ده‌كرێن

بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەرکردن دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەمڕۆ تەنها 18 بەرکەوتوو بەڕێکەوتن، بە هۆی ئەوەی ئێران بڕیاری داوە ڕێگە نادات بەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، بڕۆنە وڵاتەکەیان.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، کە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیان لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕی پزیشکی دیاری کراون، ئەمڕۆ 18 کەسیان بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێ دەکەون”.

عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “لەبەر ئەوەی 35 بەرکەوتوویان دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ڕێگەیان پێ نادرێت گەشت بکەن تاکو هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە وەردەگرن”.

ناوبراو گوتیشی: “بڕیاری ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان، ساڵی 2019 دەرچووە و بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی بۆ تەرخان کراوە، بەڵام بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە کاتی خۆیدا نەتواندرا بەرکەوتووان ڕەوانەی تارانی پایتەختی ئێران بکرێن بۆ چارەسەر”.

دەشڵێ: “بەهیواین حکوومەت باشتر کار لەسەر میکانزمی ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووان بۆ چارەسەر بکات، کە بەشێکی بەرکەوتووان چاندنی گلێنەی چاویان بۆ دەکرێت و پێویستیان بەوەیە بەردەوام پزیشک بیانبینێت، بۆیە داوا دەکەین بوجەیەکی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت”.

ھەواڵی زیاتر