ڕۆژی سێشەممە ٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کەسایەتی فەرەنسی و کوری خاتوو دانیال میتران، جیلبێرت میتران کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ھاوسۆزی و ڕۆلی مێژوویی خاتوو دانیال میتران لە یارمەتیدانی گەلی کوردستان ھەبوو ، و بە مرۆڤێکی مەزن و دۆستێکی گەورەی وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە کە دڵسۆزی و فرمێسکەکانی خاتوو دانیال میتران بۆ مەزلوومیەتی گەلی کورد ھەرگیز لە یاد ناچێ و ، راشیگەیاند گەلی کوردستان ھەرچی بۆ یادی خاتوو دانیال میتران بکات ھەر کەمە و لە ئاست یارمەتی و دڵسۆزیی خاتوو دانیال بۆ گەلی کوردستان نیە.
سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک فرانسۆا میتران ، سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا و ھاوسەری دانیال میتران کرد، کە ڕۆلی بەھێزی ھەبوو بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە دوای ڕاپەرین.
سەرۆک بارزانی سوپاسی گەلی فەرەنسا و حکومەت و سەرۆکەکانی فەڕەنسای کرد کە لە ھەموو بارودۆخێکدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون.
لە بەرانبەردا جیلبێرت میتران سوپاسگوزاری خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان راگەیاند بەرانبەر ئەو وەفایەی بۆ خاتوو دانیال میتران ھەیانە.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و کونسوڵی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوون.