کلارا عۆدیشۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێت: “کەمکردنەوەی کورسی کۆتا هێڵی سوورە و وەکو پێکهاتەکان بە توندی بەرپەرچی ئەو پێشنیازە دەدەینەوە، لەگەڵ ئەوەی تا سەرۆک بارزانی مابێت مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت، چونکە هەموو کاتێک پشتگیری لە پێکهاتەکان دەکات و رێگە نادات هیچ حزب و لایەنێک دەست بۆ کورسی پێکهاتەکان ببات و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان هەیە تێک بدات.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 111 کورسییە و 100 کورسی بۆ لایەنە سیاسییەکانە و 11 بۆ پێکهاتەکانە، کورسی پێکهاتەکان دابەشی سێ جۆر پێکهاتە کراون، 5 بۆ مەسیحیەکان و 5 بۆ تورکمان و کورسییەکیش بۆ ئەرمەنەکان، ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانن، بەشێک لە لایەنەکان جارێکی تر داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان دەکەن. پێکهاتەکانیش دەڵێن، دەستبردن بۆ کورسی پێکهاتەکان بە هێڵی سوور دەزانین و لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکەین.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، دیار کرد، وەکو پێکهاتەکان بە هیچ شێوەیەک رازی نابین کورسییەکانی ئێمە کەم بکرێنەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەگەریاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، داوا دەکەین کورسییەکانی ئێمە زیاد بکرێن، چونکە بە هەزاران خەڵکی ئێمە لە دەرەوەی وڵات چاوەڕێ دەکەن ژیان و گوزەرانی پێکهاتەکان باشتر بکرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
عۆدیشۆ، ئاشکراشی کرد: “ئەو فراکسیۆن و لایەنانەی داوا دەکەن کورسی پێکهاتەکان کەم بکرێتەوە، با سەرەتا ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن بۆچی ئەو داوایە دەکەن، ئەگەر ژمارەی پێکهاتەکان کەم بێت لەبەر ئەوانە، چونکە ئەوان بڕوایان بە پێکەوەژیان نیە، هەر ئەوەش بۆتە هۆکار کە خەڵکی ئێمە روو لە دەرەوە بکات، لە هەمان کاتدا ئەو کورسییانەی بۆ پێکهاتەکان دانراون لەبەر ئەوە نیە کە ژمارەمان کەمە، بەڵکو کوردستان وڵاتی ئێمەیە و بە ماڵی خۆمان دەزانین، شەهیدمان داوە، بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆمان بە ئازادی بژین، بۆیە داوای ئەو لایەنانە رەت دەکەینەوە و بە جددی لەسە رادەوەستین و کار دەکەین بۆ زیادکردنی کورسییەکانی پێکهاتەکان.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: ” تا سەرۆک بارزانی مابێت مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت، چونکە هەموو کاتێک پشتگیری لە پێکهاتەکان دەکات و رێگە نادات هیچ حزب و لایەنێک دەست بۆ کورسی پێکهاتەکان ببات و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان هەیە تێک بدات، بۆیە فراکسیۆنی پارتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەو کارە خراپەی هەندێک حزب و لایەنی سیاسی سەر نەگرێت، سەریش ناگرێت، چونکە ئەو حزبانە کاریگەرییەکی ئەو تۆیان نیە و کار ناکەن بۆ باشترکردنی رەوشی کوردستان، بەڵکو کار دەکەن بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، هەر ئەوانیش هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک بێ هیوا بێت و بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری پشتگیریی فراکسیۆنی پارتی لە پێکهاتەکان، کلارا عۆدیشۆ، رایگەیاند، ئەو پشتگیرییەی فراکسیۆنی پارتی لە پێکهاتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارتی هەموو کاتێک خۆی لە پێکهاتەکان کردۆتە خاوەن و بەرگری لە مافی پێکهاتەکان کردووە، پارتی پارێزەری پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێدا پارێزراو بێت، پارتی هەموو کاتێک دەیەوێت کوردستان بەهێز بێت، بەو پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە بەهێزتر دەبێت، ئەگەر لایەنەکانی دیکەش بیانەوێت پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوان بن و پشتگیری لە پڕۆژەکانی ئەوان بکەن، با پرۆژەیاسایەک پێشکەش بکەن کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێت، بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن، نەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار بۆ تێکدانی ئەو بارودۆخە بکەن، ئەگەرنا هەر لایەنێک پشتگیری لە پێکەوەژیان بکات پێکهاتەکان بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەن، بەڵام جگە لە تێکدانی بارودۆخی کوردستان دوژمنایەتیی حکوومەت هیچی دیکەیان نەکردووە ئەمە لە کاتێکدایە دەبێت هەموومان پشتگیری لە حکوومەتی هەرێم بکەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە هەن چارەسەر بکرێن و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت”.