هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

به‌ گوژمه‌ی ٤٤٩ ملیۆن دینار پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌ڕۆ له‌ سلێمانی جێبه‌جێ ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ پارێزگای سلێمانی پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌ڕۆ به‌ گوژمه‌ی ٤٤٩ ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.

٢٣ ی تشرینی دوومی ٢٠٢١، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یانی ده‌كات، به‌ گوژمه‌ی ٤٤٩ ملیۆن دیناری عێراقی، ده‌ست به‌ ڕۆنانی پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌ڕۆ له‌ پارێزگای سلێمانی كراوه‌.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، پڕۆژه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ ڕاكێشانی تۆڕی ئاوه‌ڕۆ بۆ جیاكراوه‌كانی هه‌شتی ئابڵاخ له‌ گه‌ڕه‌كی چوارچرا، كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاری سلێمانی و به‌تایبه‌تی له‌ سێكته‌ری ئاوه‌ڕۆ ده‌بێت.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار باس له‌ سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی داهاتی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات، پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆكه‌ له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سلێمانییه‌.
له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانییه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌جۆرێك حه‌فته‌ نییه‌ كه‌ تێیدا، پڕۆژه‌یه‌ك یان زیاتر له‌ دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كرێت.
له‌ ڕابردوو و هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، (له‌ ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا كۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢١)، به‌ گوژمه‌ی سێ ترلیۆن و ١٩١ ملیار و ٨٠٧ ملیۆن و ٨٥٤ هه‌زار و ٨٧٠ دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی كردووه‌.
به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تێچووی كۆی پڕۆژه‌كان به‌ سێ به‌ش پۆلێن كراوه‌، ئه‌وانیش پڕۆژه‌ ته‌واوكراوه‌كان، پڕۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كان و ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌ستبه‌كار نه‌بوونه‌.
به‌پێی داتاكه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی ٤١٠ ملیار دیناری عێراقی، كۆی گشتی پڕۆژه‌ ته‌واو كراوه‌كانه‌، كه‌ ته‌نیا له‌ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوودا پێشكه‌شی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.
له‌ داتاكه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری هاتووه‌، گوژمه‌ی دوو ترلیۆن و ٧٥٠ ملیار دیناری عێراقی بۆ پڕۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا خه‌رج كراوه‌.
له‌ پۆلێنی سێیه‌میشدا پڕۆژه‌ ده‌ستبه‌كارنه‌بووه‌كان هه‌ن، ئه‌و پڕۆژانه‌؛ ئه‌و پڕۆژه‌ پێویستیانه‌ن كه‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ و دێنه‌ جێبه‌جێ كردن، كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌، گوژمه‌ی زیادتر له‌ ٣١ ملیار و ٨٠٧ ملیۆن و ٨٥٤ هه‌زار و ٨٧٠ دیناری عێراقی، بۆ پڕۆژه‌ ده‌ستبه‌كار نه‌بووه‌كان ته‌رخانكردووه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دێنه‌ جێبه‌جێ كردن.