سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپاوە پێگەیشت و له‌و میانه‌یه‌دا داوای له‌ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد، فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران.

سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندایان تاووتوێ کرد، سەرۆکی حکوومەت داوای کرد، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران. هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، بازرگانانی مرۆڤ و تۆڕی نێودەوڵەتی قاچاخچییەکان، کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گەڕانەوەی زیاتر لە 400 کۆچبەر دا، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارە بەم نزیکانەش، چەندین کۆچبەری دیکە بگەڕێنەوە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی ستراتیجییەکی درێژخایەن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا کردەوە، بۆ سنووردانان بۆ کۆچکردنی نایاسایی، هەروەها داواشی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کرد، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەورووپا و هاوکاری دارایی و تەکنیکی، پشتیوانی لە کارنامەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتر پێشکەشی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بکات کە لە هەرێمی کوردستانن.

لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها باس لەو ڕێکارانەش کرا کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالییەوە گیراونەتەبەر سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی.

سەرۆکی حکوومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە تیمێکی تەکنیکی کە لە بروکسلەوە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

ھەواڵی زیاتر