ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە21ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی کۆڕبەندی( دایەلۆگی مەنامە2021) کە بە بەشداری بەرپرسانی باڵای جیهانی، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین سازکرابوو ، گەڕایەوە هەولێر.
لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت بەشداری پانێلێکی گفتوگۆکردنی کرد لەبارەی گۆڕانکاریی و پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە. سەرۆکی حکومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی عەڕەبی ئەنجامدا، وەک پاشای بەحرەین، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین ، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەمینداری گشتيی کۆمکاری عەرەبی، وەزیری بەرگری ئەمەریکا و ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری سینگاپور، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیماراتی، وەزیری دەرەوەی یۆنان و وەزیری دەرەوەی بەحرەین.
لەدیدارەکاندا، تاووتوێی پرسەکانی ناوچەکە کران، لە نێویشیاندا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرەپێدانی پەیوەندیی و ھەماھەنگیی لە سەرجەم بوارەکاندا.