هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کارتی ڤاکسین بۆ سەردانی دامودەزگاکان دەکرێتە مەرج

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە داهاتوودا کارتی ڤاکسین بۆ سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت بە مەرج، بۆیە نەک تەنها ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن، بەڵکو هەموو هاووڵاتییان پێویستیان بە کارتی ڤاکسینە. ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی دەکەن شەپۆلی سێیەم و چوارەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بن و ژمارەی تووشبووان بەرزبێتەوە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێستا لەناو شەپۆلی سێیەمی کۆرۆناداین و رێژەی توشبون تائێستا 8% لە باشور و ناوەڕاستی عێراق دوبارە ژمارەی توشبوان لە هەڵکشانە و پێدەچێت شەپۆلی چوارەم رومان تێبکات”.

گوتیشی: “تائێستا زیاتر لە 40 هەزار کارتی ڤاکسینمان دروستکردووە و ئێستا کارتی (پلاسیکی) دەستیپێکردووە، لەمەودوا ئەو کارتە نەک هەر بۆ سەفەر کردن، هەموو هاووڵاتییان پێویستیان پێدەبێت، لە داهاتوودا دوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی مامۆستایان دیارکراوە، داوای ئەوە دەکەین هەر کەسێک سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکات یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت یان پشکنینی نوێی کۆرۆنا”.