هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازيی ئەمه‌ريكى کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١١/١٠، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ بەڕێز فەریق بابەکر زێباری ڕاوێژکاری باڵای سەربازيی سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان، پێشوازیيان لە بەڕێزان کۆلۆنێڵ ولیام هەنان بەرپرسی نووسینگەی ئاسایش و هەماهەنگی لە عێراق و کۆلۆنێڵ پاتریک دۆگلاس ڕاوێژکاری باڵای سەربازيی ئەمه‌ریکا لە هەرێمى كوردستان و شاندێکی یاوەریان کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عيراق و ناوچەکە، جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایيی ئەمنییان تێدايه‌ بەتایبەتى ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ کە داعش پەلامارەکانی بۆ سەر بنکە و هێزەکانی پێشمەرگە چڕ کردۆتەوە و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەی خستۆتە مەترسییەوە، هەروەها ڕێکخستنەوە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كران.

بەڕێز جێگری سەرۆک و ڕاوێژکاری باڵای سەربازی لە سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عيراقدا كرده‌وه‌ کە ڕێکارى یاسایی و سەربازی بۆ پێکهێنانی دوو لیواکە گيراونه‌ته‌ به‌ر و بە تەواوبوونی ئەم دوو لیوایە دەتوانرێ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش بە یارمەتيی هاوپەیمانان بەردەوام بن.

شاندە سەربازییەکەی ئەمه‌ریکا دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەر دەبن لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عيراق لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. پاشان به‌ڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەريی هاوپەیمانانی لە عيراق و هەرێمى كوردستان بەرز نرخاند، بەتایبەتيش لە پێشکەشکردنی یارمەتییە لۆجستی و سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە.