جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، لیژنه‌یه‌ك بۆ پرسی كۆچكردن پێكهێنراوه، كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا راپۆرتێك بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزده‌كاته‌وه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش چاره‌سه‌ری ده‌كات.
جوتیار عادل گوتی: كۆچكردنی گه‌نجان دیارده‌یه‌كی جیهانییه، زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی گرتووه‌ته‌وه، هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه له پرسه و به‌ڵام هۆكاری كۆچكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر جیاوازن و ره‌وشه‌كه لێره زۆر زۆر باشتره به‌راورد به هه‌ندێك وڵات.
گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچوون بۆ ئه‌م پرسه ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت هه‌ندێك هۆكار له‌به‌رچاو بگرین، كه بوونهتهوهی ئه‌وه‌ی كۆچكردن ببێته دیارده، به‌ڵام رێژه‌ی كۆچكردن به‌راورد به ساڵانی پێشوو، زۆر كه‌متره.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هۆكاره‌كانی كۆچكردن لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێشنیاز خراونه‌ته‌ڕوو، كه لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكده‌هێنرێت، ئه‌و لیژنه راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزده‌كاته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆمه‌ڵێك هۆكار بۆ كۆچی گه‌نجان هه‌یه، كه بریتین له هۆكاری ئابووری، ئه‌منی، بێكاری، هه‌رچه‌ند حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا 120 هه‌زار هه‌لی كاری بۆ گه‌نجان ره‌خساندووه، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی عێراقه‌وه هه‌یه، كه ره‌وشه‌كه سه‌خت كردووه و پشكی هه‌رێم له بودجه نانێرێت.
جوتیار عادل روونیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت پرسه‌كه بكه‌نه ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی، كه ده‌یانه‌وێت هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بۆ خۆیان رابكێشن.
روونیشكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راپۆرته‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كاری له‌سه‌ر ده‌كات.
له‌هه‌ر كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌فین دزه‌یی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: به‌داخه‌وه گه‌له‌كه‌مان بووه‌ته قوربانی ده‌ستی قاچاغچییه‌كان و بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت، ئه‌و وێنانه‌ی له‌سه‌ر سنووری بێلاڕووس بینینومانه، كاره‌ساته.
گوتیشی: له‌گه‌ڵ باڵیۆزی بێلاڕووس له توركیا قسه‌مان كردووه و داوامان لێیانكردووه، گه‌له‌كه‌مان نه‌كرێته به‌شێك له ململانێكانی ئه‌و وڵاته و یه‌كێتی ئه‌وروپا، پێمانڕاگهیاندوون، لانی كه‌م كه‌مێك هاوكاری ئه‌و كۆچبه‌ران بكه‌ن، تا له‌و نه‌هامه‌تییه رزگاریان ببێت.
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ئاشكرای كرد، تا ئێستا دوو ته‌رمی كۆچبه‌رانی كورد له‌سه‌ر سنووری بێلڕووس كه‌وتبوون، له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی یه‌كێك له‌و كۆچبهرانمان له‌سه‌ر سنوور هێناوه‌ته مینسك، ته‌رمه‌كه‌ی دیكه‌ش رزگار ده‌كه‌ین.
ئاشكراشی كرد، كۆچكردنی گه‌نجان هه‌ر له زووه‌وه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ره‌و بێلاڕووس راگیراوه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك قاچاغچی له رێگه‌ی سووریا، لوبنان و توركیاوه خه‌ڵكیان گه‌یاندووته بێلاڕووس، هه‌رچه‌نده له‌وێ چاره‌نووسێكی نادیار چاوه‌ڕوانیان ده‌كات، به‌ڵام هه‌وڵی ئێمه به‌رده‌وامه بۆ رزگاركردنیان، ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌زۆره‌ملێ كه‌س ناگه‌ڕێنینه‌وه