شەممە, تشرینی دووه‌م 16, 2024

سبه‌ی سه‌رۆكی فراکسیۆنه‌کان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگەیاند، سبه‌ی سه‌رۆكی فراکسیۆنه‌کان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسى ده‌ستوور و یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسى و یاساى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆ ده‌بنەوە‌.

زانا مه‌لا خالید: “بڕیاره‌ سبه‌ی، چوارشەممە 3/11/2021، كاتژمێر 10 و نیوى به‌یانى کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ‌بچێت و ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌ بابه‌تى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له ‌ڕابردوودا داوا له‌ فراكسیۆنه‌كان كرابوو بۆچوونى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ببه‌نه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان، ئێمه‌ش وه‌كوو یه‌كه‌م فراكسیۆنى په‌رله‌مانى، بۆچوونى خۆمان له‌سه‌ر پرسى ده‌ستوور و ئاماده‌كردنى یاساى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان داوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت.”

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان گوتیشى: ”هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌یدا گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌تى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت كه‌ ماوه‌ى یاساییی كۆمسیۆنه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و پێویستە به‌كار بخرێته‌وه و، له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمى كوردستانیش قسه‌ و گفتوگۆ ده‌كرێت‌.”