پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی (جەمایێ)ی خوشک و برایانی ئێزدی

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی گەرمترین پیرۆزبایی لە میری ئێزدیان و کەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی رووحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیهان دەکەین، هیواخوازین ئەو جەژنە بە خۆشی و ئارامی بەسەربەرن و هەموو ساڵێک بە خێروخۆشی بگەڕێتەوە.

بەو بۆنەیەوە جەخت لەسەر پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر و زیاتر پێشخستنی وڵاتەکەمان بنێین و خۆشگوزەرانی و دەسکەوتی زیاتر دابین بکەین.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان و سەرۆک بارزانی بۆ خواست و ویستی رەوای خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکانی ناوچە و زێدی کوردانی ئێزدی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و ئاوەدانی.

ئومێدەوارین لەو سەروبەندەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا، خوشک و برایانی ئێزدی بە گوڕوتینێکی نیشتیمانپەروەران و بەرپرسانە بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەن و نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان لە ریزی پارتیمان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ئێستا و داهاتوویان زامن بکەن و جارێکی دیکە دووچاری دەردەسەری و مەینەتی نەبنەوە.

جارێکی دیکە جەژنی جەمایێ پیرۆز دەکەین و ئومێدی بەختەوەری وشادی بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی دەخوازین..

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

٥ـی ١٠ـی ٢٠٢١