چاودێرانی سیاسی: سەرچاوەی هێزی پارتی خەڵکی کوردستانە

پارتی رۆژبەڕۆژ بەهێزتر دەبێت و، دەبێتە جێگەی ئۆمێدی خەڵکی کوردستان، پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش توانیویەتی داکۆکی لە مافی کورد بکات و، پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنێت.

بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ سەرخستی کاندیدانی پارتی بەردەوامە. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەوەی بۆتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دروستبوونی دەرفەتی کار و سەرنجڕاکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی روو لە کوردستان بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت شان لە شانی پارتی بدات، چونکە پارتی دەستکەوتی گەورەیە، پارتی خاوەنی دەیان داستان و بە هەزاران شەهیدە، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت، پێویستە خەڵکی کوردستان پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی بکەن.
د. سەرباز ئەردەلان، چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ئەوەی بۆتە هۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیر بوون و دروستبوونی دەرفەتی کار و سەرنجڕاکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی پێ دەدرێت، ئەمە هەمووی وجوودی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت، پێویستە خەڵکی کوردستان پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی بکەن.
گوتیشی: “هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت شان بە شانی پارتی بدات، چونکە پارتی دەستکەوتی گەورەیە، پارتی خاوەنی دەیان داستان و بە هەزاران شەهیدە، پارتی خاوەنی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە، ئەگەر پارتی نەبێت کوردستانیش نابێت، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت، دەبێت پارتی بە هێزەوە بچێتە بەغدا و بەرگری لە مافە دەستووری و یاساکانی خەڵکی کوردستان بکات.
هۆزان رەشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بە “هەولێر”ـی گوت: “بەرنامەی پارتی، بەرنامەیەکی زۆر رێکوپێکە و هەموو خاڵەکان گرێ دراون بە ژیانی خەڵکەوە و بەڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و پاراستنی کەڕامەتی خەڵکی کوردستانەوە، بۆیە پارتی هێزی خۆ لە خەڵکی کوردستان وەردەگرێت، هەر لەبەر ئەوەش پارتی بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش حزبەکانی دیکەی کوردستانەوە دێت.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: “بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستکەوتی زیاتر دەبێت پارتی بەهێزەوە بچێتەوە بەغدا، بۆیە وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، نەتەوایەتی، هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر خاک و نیشتمان دەبێت خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات و کارنامەی دەوڵەمەندی پارتی دیاری بکەن، کە مافی هەموو چین و توێژەکانی تێدا پارێزراوە و دەستکەوتی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان لەخۆ گرتووە.
د. هەوار نێروەیی،ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، بە “هەولێر”ـی رایگەیاند، چوار ساڵی داهاتوو شەڕی دەستوور دەبێت کەیەکێک لە بڕگەکانی پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، پاراستنی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراقە و ئاماژەی فەرمی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەویش خۆی لە حکوومەت و پەرلەمان و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، لە پەیام و بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی عێراقدا هاتووە، پارتی کار بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە گیانێکییەکڕیزیی کوردستانییەوە دەکات، تا بتوانێت گرفتە چارەسەرنەبووەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات، بۆیە داوا لە لایەنەکان دەکەم پاڵپشتیی پارتی بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش دەبێت کورد یەکگرتوو بێت ئەو پیلان و هەوڵانەی دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانن هیچ پێگەیەکی ئەوتۆی نابێت، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو لایەنەکان بچنە بەرەی پارتی و فشارێکی نێودەوڵەتی دروست بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانەی دژی هەرێمی کوردستان هەن”.
ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، ئاشکراشی کرد: “پارتی بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا کەڕامەتی خەڵکی کوردستان بپارێزێت، تاکو کوردستان پارێزراو بێت، تاکو مافی گەلی کورد پیشێڵ نەکرێت، چونکە ئەو سەروەری و دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوونە لەسەر دەستی پارتی و بارزانیبوونە”.