لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی وه‌ڵامێكی توندی رێگرییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ده‌داته‌وه‌

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامێكی توندی رێگرییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ كاندیدانی پارتی له‌ شنگال ده‌داته‌وه‌، كه‌ دوێنێ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ رێگه‌یان نه‌دا كاندیدانی پارتی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سه‌ردانی مه‌زارگه‌ی شه‌رفه‌دین و قه‌زای شنگال بكه‌ن.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی پارتی جه‌ختی كرده‌وه‌، په‌كه‌كه‌ لایه‌نیكی چه‌كداریی ناعێراقییه‌ و به‌ زه‌بری چه‌ك رێگرییان له‌ كاندیدانی پارتی كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ماوەیەكی دوور و درێژە په‌كه‌كه‌ بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ سەپاندووە و رێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكەیان و بەشێكیش بووە لە نانەوەی پشێوی و رێگر بووه‌ لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان:

كاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 2ی ئۆكتۆبەری 2021 لە دەڤەری شنگال لایەنێكی چەكداری ناعێراقی بە زەبری چەك و هەڕەشە رێگرییان لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، كە بە نیازبوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی دەڤەرەكە بكەن.

ئەو هێزە چەكدارە ماوەیەكی دوور و درێژە لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی سەپاندووە و رێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكەیان. هەروەها بەشێكیش بووە لە نانەوەی پشێوی و بووەتە كۆسپ لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

جێگەی داخێكی زۆرە، هێزێكی ناشەرعی و ناعێراقی بتوانێ بە ئاسانی رێگری لە ئاساییبوونەوەی ژیانی دەڤەری شنگال بكات و لە هەمانكاتیشدا رێگر بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئازادی را دەربڕین، كە گرنگترین مافی دەستووری و دیموكراتی پێكهاتەكانی عێراقه‌. بەگوێرەی ماددەی 38 له‌ دەستووری عێراقی فیدراڵ و ماددەی 22ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، حكومەتی عێراقی پابەندە بە پارێزگاریكردن لە كاندیدەكان و كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن. كەمتەرخەمیی حكومەتی فیدڕاڵ و سیستەمی ئەمنی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەرامبەر ئەو كردەوە ناشەرعی و نابەجێیەی چەكدارانی پەكەكە جێگەی سەرسوڕمانە.

هەر لەو سۆنگەیەوە داوا لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین، دەستبەجێ ئەو رێگریەی چەكدارانی پەكەكە و پێشێلكاریی هاوشێوە لە دەڤەری شنگال و سنووری پارێزگای نەینەوا بوەستێنن، سەرپێچیكاران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێنن و كەشێكی لەبار بۆ پیادەكردنی مافەكانی خەڵك و پڕۆسەی دیموكراتیانەی هەڵبژاردن بڕەخسێنن. بەردەوامبوونی ئەم پێشێلكارییە تاوانە بەرامبەر پڕۆسەكە و مافەكانی خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و چیتر قابیلی قبووڵ نییە.

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی

پارتی دیموكراتی كوردستان