چەند سەرنجێک سەبارەت بە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردن

بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کردووە و ئەوەی تا ئێستا جێگەی سەرنجە ئەو هێمنی و ئارامییەیە، کە بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەوە دیارە، کە من لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا ئەوەم لە هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا نەبینیوە، ڕەنگە ئەم دۆخەی ئێستای بانگەشە بەشێکی پەیوەندی بە دۆخە تەندروستییەکەوە هەبێت، کە تا هەنووکەش دۆخی تەندروستی هەرێم و جیهان، ئاسایی نییە و پڕ مەترسییە. بەڵام دەشێ بەشێکی پەیوەندی بە جۆری هەڵبژاردنەکەوە هەبێت، کە بازنە بازنەیە و تاڕادەیەک بانگەشەی کاندیدەکان سنووردار و لە ڕووبەرێکی دیاریکراودایە.

یەکێک لە کێشەکانی بانگەشەکانی پێشوو گرتنی شەقام و هوتافکێشان و هۆڕنلێدان، کە زۆرجار شەوانە تا درەنگانێک ئەمە بەردەوامی دەبوو، کە لە ڕاستیدا هیچ خزمەتێکی بە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەو لایەنانەش نەدەکرد کە خەریکی بانگەشەکردنن، ئەمە بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ئاڵای لایەن و گروپە بەشدارەکان بە هەموو جێگەیەکی شەقام و کوچە و کۆڵانەکانەوە هەڵدەواسرا، کە زۆرجار دەبووە هۆی ئەوەی سیمایەکی تاڕادەیەک ناشارستانی و ناشاز بە شەقام و ڕێگەوبانەکان ببەخشێت. لەوێوە بینەر (یان باشترە بڵێین دەنگدەر) تووشی دووجۆر لە پیسبوون دەبوو، یەکەم “پیسبوونی بینین”، دووەم “پیسبوونی بیستن” دەشێ لەم وتارە کورتەدا هەڵوەستە لەسەر هەردووکیان بکەین.
لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەنگدار هەستی بە هەردوو جۆرەکەی پیسبوون دەکرد، یەکەم بەوەی فەزای گشتی شەقام و باخچە و دیوارەکان بە وێنەی کاندید و دروشمی لایەنەکان پڕ دەکرایەوە. دووەمیش بەو هوتافکێشان و دەنگ و گۆرانی و هاتوهاوارەی هەندێک لە لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردندا وەکو نمایشی بانگەشەی هەڵبژاردن دەیان کرد. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەنگدەر تووشی هەردوو جۆرە پیسبوونەکە دەبوو. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی پیسبوونەکان زۆر کەمتر بوونەتەوە و هەر ئەمەشە بۆتە جێگەی سەرنج و دەشێ بانگەشەی ئەمجارە وەکو بانگەشەیەکی شارستانیانە سەیر بکەین.
یەکەم: ڕێژەی “پیسبوونی بینین” بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەتوانم بڵێم بۆ نیوە دابەزیوە. ڕەنگە بەشێک لە خوێنەران لە هۆکاری ئەمە بپرسن، بێگومان هۆکاری زۆرە، بەڵام پێدەچێت سۆشیال میدیا هۆکارە کاریگەر و دیار و سەرەکییەکە بێت کە ئێستا بەشێک لە پانتایی بانگەشەی هەڵبژاردن گواستراوەتەوە بۆ فەزای مەجازی و لەوێوە کاندیدەکان بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن.
دووەم ڕێژەی “پیسبوونی بیستن” لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردندا (ژمارەی بنکەی هەڵبژاردن و هوتافکێشان) بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ناڵێم گەیشتووەتە ئاستی سفر، بەڵام بە ڕادەیەک کەمی کردووە کە زۆر بە کەمی نەبێت گوێبیستی بانگەشەی لایەنێک نابیت بە دەنگی بەرز و بێزارکەر. ئەمە بێجگە لەوەی ئەو کەرنەڤاڵەی لە بانگەشەکانی پێشوو لە هەردوو شەقامی توی مەلیک و سەهۆڵەکەی سلێمانی هەبوو لەلایەن ئۆتۆمبێلی لایەنگرانی لایەنە سیاسییەکانەوە ئەمجارە هەست بەو کەرنەڤاڵانە ناکرێت، یان ژمارەیان زۆر زۆر کەمە و تا هەنووکە بێزارییتان بۆ هاوڵاتیان دروست نەکردووە و نەبوونەتە هۆی پیسکردنی ژینگەی بیستنی هاوڵاتی (دەنگدەر).
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بانگەشە شارستانییەی تا هەنووکە بەڕێوە دەچێت، دەشێ هەڵبژاردنی ئەمجارە هێمنی زیاتر و بەشداری زیاتری هاوڵاتیان ببینرێت. ئەگەرچی لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر قەیرانی سەخت بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرت و بەشێک لەو قەیرانانە تا هەنووکەش درێژبوونەتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە بەر لەوەی پرسێکی سیاسی و حزبی بێت، پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک و موسڵ و دیالە، کە شاڵاوی عروبە تا هەنووکەش هەڕەشەیە لەسەر کوردبوون و مانەوەی کورد لەو ناوچانە.
دەنگدەر هەمیشە ژینگەیەکی دەوێت ئارامی بۆ مسۆگەر بکات و لە کەشێکی شارستانی و دوور لە توندوتیژیدا، زەمینە بۆ بیرکردنەوە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوەیی و جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتیمانییەکان لەبارتر و گونجاوتر دەبێت.

ئارام کۆشکی

ھەواڵی زیاتر