هۆشیار زێباری: وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌مان پێیه‌ كه‌ دژایه‌تی پارتی ده‌كه‌ن

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، تا ئێستا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێكوپێكی و به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ و ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان رێگه‌مان نه‌داوه‌ تووشی هیچ گرفتێكی لابه‌لا ببین و گوتیشی: له‌ رۆژانی داهاتوو بانگه‌شه‌كانی پارتی گه‌رمتر ده‌بن.

ئه‌م گوتانه‌ی هۆشیار زێباری له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌ی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ شاری دهۆك هاتوون و گوتی: هه‌رچه‌ند خه‌ڵكانێك لێره‌ و له‌وێ موزایه‌ده‌مان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ته‌عه‌داشمان لێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك پارتی نه‌چووینه‌ته‌ ناو هیچ ململانێیه‌كی لابه‌لا، چونكه‌ ئێمه‌ پشوومان درێژه‌ و خۆڕاگرین، ئه‌گینا وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌مان هه‌یه‌، ئه‌و رێبازه‌ی ئێمه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژیه‌تی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌وكاته‌ی ده‌ستمان به‌ بانگه‌شه‌ كردووه‌ تا ئێستا، پارتی ته‌واو پابه‌ند بووه‌ به‌ بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنانه‌ و ته‌ندروست و رێكوپێك و هه‌مووشمان دیراسه‌ كردووه‌ و ده‌زانین له‌ چ كاتێك پێویسته‌ چی بكرێت. گوتیشی: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا بانگه‌شه‌ گه‌رمتر ده‌بێت و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێ بده‌ین.

سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش كه‌ هه‌میشه‌ ده‌گوترێت: ئایا ده‌نگی هاووڵاتی و به‌شداریكردنی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان گرنگه‌؟ هۆشیار زێباری گوتی: هه‌ر ده‌نگێك گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ و به‌شداریكردن له‌و پرۆسه‌یه‌ گرنگییه‌كی حه‌تمییه‌ هه‌م بۆ خودی ده‌نگده‌ر و هه‌میش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ له‌پێناویدا به‌شدار ده‌بین، یه‌كێك له‌ مه‌به‌سته‌كانمان ئه‌وه‌یه‌، نوێنه‌رانمان له‌ عێراق پارێزگاری و داكۆكی له‌ پێشكه‌وتنه‌كانمان و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ن، كه‌ تا ئێستا به‌ده‌ستهێنراون.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كاندیدانه‌ی ئێمه‌ ده‌ستنیشانمان كردوون، كه‌سانی پارتین و به‌ربژێری سه‌رۆك بارزانین، نه‌ك كاندید و نوێنه‌ری عه‌شیره‌تێك یان ناوچه‌یه‌ك بن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێشنیازانه‌مان ده‌ستنیشان كردوون، كه‌ له‌ رێكخستنه‌كانمانه‌وه‌ بۆمان هاتوون و ئێمه‌ ده‌ستوه‌ردانمان نه‌كردووه‌ و ته‌واوی ئه‌و كاندیدانه‌ی بۆ هه‌رسێ بازنه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌ستنیشانمان كردوون، سه‌رجه‌میان جێگه‌ی متمانه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتین.

وه‌ك راشیگه‌یاند، ده‌مانه‌وێت له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كاندیده‌كانمان بچنه‌ ناو خه‌ڵك و ته‌نها سه‌رقاڵی گفتوگۆی خودی نه‌بین، ئه‌و 9 رۆژه‌ی به‌ده‌ستمانه‌وه‌ ماون زۆر گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێك هان بده‌ین له‌ رۆژی ده‌نگدان بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك و بنه‌مایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیشه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هه‌لبژاردنی ئه‌م جاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو جیاوازه‌، چونكه‌ چاودێرییه‌كی توندی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ده‌بێت.

گوتیشی: دهۆك به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و‌ پێشبینی ده‌كرێت خه‌ڵكێكی ناحه‌ز هه‌وڵ بده‌ن زۆرترین ژماره‌ی سكاڵامان له‌سه‌ر تۆمار بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خاڵه‌ وریا بین و پابه‌ند بین به‌ رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن و یاسای هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پێشێلكاریه‌ك نه‌بێت و نه‌بینه‌ هۆكاری هیچ كارێكی له‌وجۆره‌ و گوتیشی: ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌خۆمان و جه‌ماوه‌ری پارتییه‌ و ئێمه‌ ده‌توانین خه‌ڵكی خۆمان له‌ رۆژی ده‌نگدان ببه‌ینه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و نه‌بینه‌ هۆكاری هیچ كێشه‌یه‌ك، كه‌ ئه‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ ژیانی ئێمه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: كارێكی زۆر باش كراوه‌ و هه‌وڵمان داوه‌ هه‌موو كارێك ئه‌نجام بده‌ین، كه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش، ئاخۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانكاری ریشه‌یی؟ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتی: هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك گرنگی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك بكرێت پێشكه‌وتنێك روو ده‌دات، به‌ڵام ئێمه‌ نازانین ئاخۆ گۆڕانكارییه‌كان له‌ چ ئاستێكدا ده‌بن، ئێمه‌ خاوه‌ن ده‌ستكه‌وت و مافی ده‌ستووری خۆمانین و ئه‌گه‌ر نه‌توانین له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌رگری له‌و ماف و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ین، ره‌نگه‌ زۆر كوتله‌ و لایه‌نی سیاسی سه‌رهه‌ڵبده‌ن و هه‌موو كاره‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی دژایه‌تیكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا قه‌تیس بكه‌ن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكانێك له‌ناو خۆشمان هه‌ن، له‌ بری سوننه‌ و شیعه‌ هه‌وڵ بۆ له‌باربردنی ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ نامانه‌وێت ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن و ده‌مانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵك له‌ ده‌ست كه‌سانی باوه‌ڕپێكراو و ره‌سه‌ندا بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه‌ وه‌ك پارتی هیچ كات له‌ به‌رپرسیارێتیمان رانه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌نگی خۆتان بده‌نه‌ پارتێك، كه‌ خاوه‌ن بڕیار و هه‌ڵوێست بێت و باوه‌ڕپێكراو بێت و له‌ ئاست به‌رگریكردن بێت له‌ ئێوه، چ له‌ به‌غدا یان شه‌ڕی داعش یان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر ناحه‌زێكی دیكه‌.

دڵنیاییشی دایه‌ جه‌ماوه‌ری پارتی و گوتی: ئێمه‌ باوه‌ڕی ته‌واومان به‌خۆمانه‌، كه‌ ئه‌نجامێكی باش به‌ده‌ستده‌هێنین، نامانه‌وێت پێشبینییه‌كانمان زیاد بكه‌ین، به‌ڵام له‌ راسیتدا ئێمه‌ خاوه‌ن مێژوویه‌كی تایبه‌ت و سه‌روه‌ریه‌كی گه‌وره‌ین و جه‌ختی كرده‌وه‌، پێویسته‌ خه‌ڵك له‌و پرسه‌دا ویژدانی خۆی به‌كاربهێنێت، چونكه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌، به‌ری ره‌نجی خزمه‌ت و سیاسه‌تێكی دوور و درێژه‌، بۆ ئه‌وه‌ش باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌مانه‌.