عوسمان كاڤالا كێیه‌ كه‌ نێوانی توركیا و 10 وڵاتی تێكداوه‌؟

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ دیپلۆماسیه‌ی “ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان” به‌رامبه‌ر باڵیۆزانی 10 وڵات به‌كاریهێناوه‌، كه‌ هی ئه‌مه‌ریكایشی تێدایه‌، به‌ واتای ده‌ركردنیان دێت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی پیاوێكه‌ به‌ناوی “عوسمان كاڤالا”.

ئاژانسی هه‌واڵی “ئه‌نادۆڵ”ی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و باڵیۆزانه‌ی دوای ده‌ستگیركردنی عوسمان كاڤالا، بازرگانی دیاری توركیا ده‌ستیێوه‌ردانیان له‌ كاروباری ئه‌و وڵاته‌دا كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌ردۆغان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای راسپاردووه‌ راگه‌یه‌ندراوێك به‌رامبه‌ریان ده‌ربكات و به‌ “نه‌ویستراو” له‌و وڵاته‌ وه‌سفیان بكات.

پێشتریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، بانگهێشتی 10 باڵیۆزی وڵاتانی كردووه‌، له‌ نێویاندا باڵیۆزانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا هه‌بوون، كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای ئازادكردنی كاڤالایان كردبوو. باڵیۆزانی كه‌نه‌دا، دانیمارك، هۆڵه‌ندا، نه‌رویج، سوید، فینلاند و نیوزیلاندیش هه‌ن.

كاڤالا له‌ ساڵی 2017ـه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان ئه‌و كاره‌ی توركیایان به‌ پێشێلكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی وه‌سف كردووه‌.

هه‌رچی توركیایه‌ كاڤالا به‌ “هه‌وڵدان بۆ كوده‌تا به‌سه‌ر حوكمڕانی”دا تۆمه‌تبار ده‌كات و له‌ هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ته‌ممووزی 2016ش تێوه‌گلاوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ كاڤالا له‌ ساڵی 2017ـه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام به‌ تۆمه‌تی به‌خشینی پاره‌ به‌و كه‌سانه‌ی له‌ ناڕه‌زانییه‌كانی 2013، كه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كانی پاركی گیزی له‌ گۆڕه‌پانی ته‌قسیمی ئه‌سته‌نبۆڵ ناسراوه‌.

دواتر له‌ مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020، دادگای توركیا كاڤالای تۆمه‌تباركرد، كه‌ یارمه‌تیده‌ری پلانی هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ بووه‌، له‌ دۆسیه‌كه‌كی دیكه‌ كاڤالا به‌وه‌ تۆمه‌تباركراوه‌، كه‌ سیخوڕی بۆ به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌.

هێشتا دادگا دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كاڤالا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پیشتیوانی له‌ ئازادی راده‌بڕین و دیموكراتی ده‌كات، ژماره‌یه‌ك وڵاتیش پاڵپشتی خۆیان بۆی ده‌ربڕیوه‌ و داوای ئازادكردنی ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر له‌ دادگا تۆمه‌تی هاوكاریكردنی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌‌ به‌سه‌ر كاڤالا ساغ ببێته‌وه‌، ئه‌وا سزاكه‌ی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی لێخۆشبوون بیگرێته‌وه‌. بڕیاریشه‌ له‌ (26ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) له‌ دانیشتێكی دیكه‌ دادگایی ده‌كرێت و چاوه‌نووسی یه‌كلابكرێته‌وه‌.

عوسمان كاڤالا، له‌ (2ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 1957) له‌ دایكبووه‌، بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك‌ خه‌ڵكی كاڤالای یۆنانن‌، كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌شێك بووه‌ له‌ حوكمڕانیه‌تی ئیمڕاتۆڕیه‌تی عوسمانییه‌كان له‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كدا، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌ بازرگانیی توتنیان ده‌كرد، له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌وێوه‌ كۆچیان كرد به‌ره‌و توركیا، كه‌ له‌ ئاڵوگۆڕی موسڵمانه‌ یۆنانییه‌كان و ئه‌و هاووڵاتییه‌ یۆنانییانه‌ی له‌ رۆژئاوای توركیا ده‌ژیان له‌و سه‌رده‌مه‌.

‌كاڤالا له‌ زانكۆی “رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست-ی ته‌كنیكی” له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا ئابووری خوێندووه‌، دواتر له‌ زانكۆی مانچسته‌ری به‌ریتانیا درێژه‌ی به‌خوێندنه‌كه‌ی داوه‌. پاشان دكتۆرای له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌خوێند، به‌ڵام به‌هۆی مردنی دایكییه‌وه‌ له‌ ساڵی 1982 خوێندنه‌كه‌ی به‌جێهێشت و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌سته‌نبۆڵ و به‌رپرسیاریه‌تی خێزانه‌كه‌ی گرتووته‌ ئه‌ستۆ.

عوسمان كاڤالا بازرگان و چالاكوانێك و زینداییه‌كی توركیایه‌، به‌وه‌ ناسراوه‌، كه‌ پشتیوانیی چه‌ندین رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كردووه له‌ نه‌وته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی په‌یمانگه‌ی ئه‌نادۆڵی رۆشنبیرییه‌، كه‌ رێكخراوێكی هونه‌ری و رۆشنبیری قازانج نه‌ویسته‌.

كاڤالا له‌ ساڵی 2019 به‌هۆی پاراستنی ئه‌و كه‌له‌پوورو شوێنه‌وارانه‌ی له‌ توركیا مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ر بووه‌، خه‌ڵاتی (21)ی كه‌لوپوور و شوێنه‌واری هاوبه‌ندی ئه‌وروپی وه‌رگرتووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن زانایانی شوێنه‌واره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.

له‌ هه‌مان ساڵدا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ خه‌ڵاتی “عائیشه‌ زاراكولو”ی حه‌ڤده‌یه‌می وه‌رگرتووه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئازادی راده‌ربڕین و بیركردنه‌وه‌.