هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەسرور بارزانی: بەهۆی چاکسازییەوە توانیمان دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین

ێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2021 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە دوا پانێلی ديداری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە( MERI – مێری)كرد بەناوونیشانی 🙁 حكومەتی هەرێم روو بەرەو ئایندە: ستراتیژەكان، بەربەست و دەرفەتەكان).

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، له‌ چاكسازیكردن سه‌ركه‌وتوو بووین و توانیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو قەیران و ئاستەنگانەی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ده‌سه‌ڵاتی كابینه‌ی نۆیه‌م هاتنه‌ ئاراوه‌، دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و باشتر ببه‌ین.

بەردەوام دەبین لە پرۆسەی چاکسازی

له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نیدا، سەرۆکی حکومەت گوتی: كاتێك ئێمه‌ ئه‌ركی ئه‌و كابینه‌یه‌مان له‌ئه‌ستۆ گرت، ڕامانگه‌یاند كه‌ چاكسازی ده‌كه‌ین، بەڵام لەم دوو ساڵەدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە له‌وانه‌: بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و داكه‌وتنی بازرگانی و بزنس، وێڕای بوونی چه‌ندین كێشه‌ی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌ش، ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ چاكسازیكردن به‌رده‌وام بووین، هه‌رچه‌ند كارێكی ئاسانیش نه‌بوو.

سەرۆکی حکومەت جه‌ختی كرده‌وه‌، ئێمه‌ بە هۆی‌ چاكسازیكردنەوە سه‌ركه‌وتوو بووین و نه‌ك ته‌نها توانیمان ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنین، به‌ڵكو توانیمان دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش باشتر بكه‌ین. هه‌روه‌ها گوتی: كاتێك ئێمه‌ ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تمان وه‌رگرت، به‌ ملیۆنان دۆلار قه‌رزمان له‌سه‌ر بوون، كۆڤید-19 سه‌ریهه‌ڵدا، قه‌یرانێكی ئابووری خراپ هاته‌ ئاراوه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییەو‌ه‌، پێشتریش گرفته‌كانی وه‌ك شه‌ڕی داعش و هاتنی دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان، نه‌ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم، هەموو ئەو کێشانە له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ ببوون و به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ بوو و ئه‌ركێكی قورسی له‌سه‌ر شانی ئێمه‌ دانا.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیكرده‌وه‌، توانیمان له‌ڕێگه‌ی چاکسازییه‌وه‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان زیاد بكه‌ین و خەرجیمان کەمکردەوە و ئابووری هه‌رێمی كورستانمان باشتر كرد و توانیمان هەموو مانگێك مووچەی فه‌رمانبه‌ران دابین بکەین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانمان به‌رده‌وامین و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، تا ئیستا چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی ئابووریمان جێبه‌جێ كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی كاره‌باش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا کە توانیمان تێچووی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌باش به‌ هاووڵاتییان زیاد بكه‌ین.

گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ

له‌باره‌ی ساغكردنه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیارانیش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، گرنگیمان به كه‌رتی کشتوکاڵ‌ داوه‌ و ئێستا سایلۆکانی کوردستان دەتوانن ساڵانه‌ 585 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرن و حكومه‌ت چه‌ندین پڕۆژەی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراك جێبه‌جێكردووه‌ و گوتیشی: دەمانەوێت هانی جووتیاران بدەین بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لە سەردانەکانم بۆ دەرەوە، کارمان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکانان کردووە و دووپاتیشی کردەوە کە  نابێت جووتیارانمان ترسیان له‌ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان هەبێت، بۆیە کاردەکەین بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.

هه‌روه‌ها گوتی: 147 پرۆژە لە کابینەی نۆیەم بە زیاتر لە 8 ملیار دۆلار له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا جێبەجێکراون، ڕەزامەندی بە 714 پرۆژەی کەرتی تایبەت دراوە، 1100 کیلۆمەتر شەقام قیرتاو کراون، 154 پرۆژەی جیاواز لە شارەوانییەکان جیبەجێکراون، کار بۆ تەواوکردنی 21 بەنداو دەکەین،.

سەبارەت بە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ، سەرۆکی حکومەت گوتی: ناتوانین بڵێین گەندەڵی بە تەواوی نەماوە ، بەڵام گەندەڵی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و بە پێداگیرییەوە کار بۆ لە رەگەوە دەرهێنانی گەندەڵی دەکەین.

پەرەپێدانی کەرتی وزە

سەبارەت به‌ كه‌رتی وزه‌ش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی: پلانمان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، هەوڵدەدەین زۆرینەی داهاتی سامانە سروشتییەکان بۆ خزمەتی خەڵك بەکاربهێنین، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ، کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی پێترۆکیماوییەکان و بەگوێرەی یاسا و دەستوور، مامەڵە لەگەڵ سامانە سروشتییەکان دەکەین.

هەڕەشەکانی تیرۆر

له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و رێكخراوی داعش به‌ دیاریكراوی، سەرۆکی حکومەت گوتی: داعش هێشتا هەڕەشەیەکی سەرەکییە بۆسەر ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە به‌ گشتی، داعش لێکەوتە و بەرهمهاتووی دۆخێکی خراپە و جه‌ختی كرده‌وه‌، کە چەندین فاکتەری وەک نادادپەروەی و نایەکسانی و هەژاری داعشیان دروستکردووە، گوتیشی کاردەکەین بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، دوو لیوا بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ دروست ده‌كرێن و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی دەدەین.

سه‌باره‌ت به‌ ململانێكانی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش له‌ ناوچه‌كه‌، سەرۆکی حکومەت گوتی: هەموو کات دەمانەوێت فاکتەری سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان بین و بەشێك بین لە چارەسەری و نامانەوێت ببینە بەشێك لە کێشەکانی ئەمه‌ریکا و ئێران، لە هەمانکاتدا پێویستە لایەنە ناکۆکەکانیش ڕێز لە سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و حكومه‌تی عێراقیش، پێویستە ئه‌ركی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات و ڕێگه‌ له‌ هێرشی میلیشیاكان بگرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستیان بە هاوکاری هاوپەیمانانه‌ و دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشـمان لەگەڵ دراوسێکانمان بە ئێرانیشەوە هەبێت ، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر حیسابی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران نییە.

چاکسازییەکانی پێشمەرگە

له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی  پیشمه‌رگه‌ش، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاشكرایكرد، پێشکەوتنی باش لە بابەتی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە بەدیهاتووە و هەموو هێزەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەکەینەوە.

گوتیشی: حکومەت دەیەوێت دوور بێت لە کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکان، دەمانەوێت وەك حکومەت کار بکەین و نەبینە بەشێك لە ناکۆکییە سیاسییەکان.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی عێراق و باڵانسی پارتی له‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، مه‌سرور بارزانی گوتی: لە هەڵبژاردنەکان خەڵك پارتیی خەڵات کرد، چونكه‌ پارتی لە ریزی پێشەوەی خزمەتکردن و بەرگریکردن بووە لە خەڵك و سازشی لەسەر بنەما و پرنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان نەکردووە و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، دەنگی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ناوچەی ئاوارەکان پاداشتکردنی پێشوازی پارتییە لە ئاوارەکان.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا و ئه‌و كێشانه‌ی به‌هۆی په‌كه‌كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، ئێمه‌ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا فرەڕەهەند و فراوانن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئه‌و وڵاته‌ لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بووە.

گوتیشی: پەکەکە دەیەوێت ببێتە بەدیلی دامەزاوە دەستوورییەکان و بە زەبرو زۆر خۆی بەسەر خەڵکی هەندێك ناوچەدا سەپاندووە، بەهۆی ململانێکانی تورکیا و پەکەکەش، تا ئێستا 800 گوند ئاوەدان نەکراونەتەوە و پەکەکە بیانووی داوەتە دەست تورکیا بۆ هێرشکردن.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ نامانەوێت ململانێی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بمێنێ، پێویستە پەکەکە لەو ناوچانە نەمێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بەگوێری رێککەوتنی شنگال، دەبێ هەموو هێزە نایاساییەکان شنگال جێبهێڵن و ئاسایشی شنگال بدرێتە دەست خەڵکەکەی، لە‌كاتێكدا پەکەکە و هێزە لە یاسا دەرچووەکان کۆنترۆڵی شنگالیان کردووە و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراوە  لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رێگه‌ به‌ کاندیدەکانی شنگال نه‌درا لە شارەکەی خۆیان بانگەشە بکەن.

پاڵپشتی تەواو لە ئازادی دەربڕین و رۆژنامەوانی دەکەین

له‌باره‌ی ئازادی رۆژنامه‌وانی و ڕاده‌ربڕینیش له‌ هه‌رێمی كوردستان، سەرۆکی حکومەت جه‌ختیكرده‌وه، پاڵپشتی تەواو لە ئازادی دەربڕین و رۆژنامەوانی دەکەین و هیچ کۆتوبەندێك لەسەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین دانانێین.

پێویستە هەموومان داوای مافی خۆمان لە بەغدا بکەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی پاشەکەوتکراو و نەدراو بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی، دەبێت حکومەتی عێراق ناچاربکرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەخۆرانی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەنێردرا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوە “وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربێت بچێت قەرز بکات لە کۆمپانیاکان کە نەوتی دەکڕن یان ئەو کۆمپانیایانەی کە قەرزیان دا بە هەرێم، بەو بڕە پارەیە توانییان ئەو بڕە مووچەیەیان دا کە هەر ئەوەندەیان پێ کرا”.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد “لەو دوو ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەم، 12 مانگ مووچەی هەرێم نەنێردراوە، لەجیاتی ئەوەی ئەو پرسیارە ئاراستەی حکومەتی هەرێم بکەن، بۆچی داوای مافی خۆتان لە حکومەتی فیدراڵی ناکەن، بۆ لەوان ناپرسن بە چ حیسابێک و لەسەر چ بنەمایەک و بە کام بەندی یاسایی مووچەی هەرێمیان بڕیوە و مووچەی مووچەخۆری هەرێمیان بڕیوە؟ ئێمەش وەکو ئێوە، من داوادەکەم ئێمە هەموومان داوای مافی خۆمان لە بەغدا بکەین، کە ئەو بڕە مووچانەی کە پاشەکەوتکراوە یان نەدراوە، دەبێت حکومەتی عێراق ناچاربکرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەخۆرانی کوردستان بگەڕێنێتەوە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، کە نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەن لە کۆی شەش بۆ حەوت ملیۆن هاووڵاتی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین “ئەگەر ناوچە دابڕێندراوەکانیشی بخەینە سەر” گوتیشی، “ئایا حکومەت تەنیا حکومەتی مووچەخۆرە یان حکومەتی هەموو هاووڵاتییە؟ ئایا ئەو کەسەی کە مووچە وەرناگرێت مافی بەسەر حکومەتەوە نییە کە خزمەتگوزاریی رێگەوبان و تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزارییەکانی دیکەیان بۆ دابین بکات.

سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد کە مافی هاووڵاتی و مووچەخۆر “لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەخوراوە، بەڵکو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە راگیراوە و پێی نەدراوە. لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێم بەرپرسە بەرامبەر بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاووڵاتییان، بەوانەشەوە کە مووچەخۆر نین”.

چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی

لەبارەی کێشەی ئاو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، “ئەمە کێشەیەکی سرووشتیی جیهانییە و هەموو دونیا پێیەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە رووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێمە لە حکومەتی هەرێم هەر لە سەرەتاوە هەستمان بەوە کردووە، لەبەر ئەوە بڕیاری دروستکردنی چەندین بەنداومان داوە. هەندێک لەو بەنداوانە گەورەن کە تاوەکو ئێستا پرۆژەیان بۆ دادەڕێژرێت، هیوادارم بە زووترین کات بتوانین بەشێک لەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین. بەشێکیشیان پرۆژەی مامناوەندی و بچووکن کە هەندێکیان کەوتوونەتە کار و هەندێکیشیان جێبەجێ کراون”.

دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد، “هەست بە مەترسیی کەمئاوی دەکەین، ئاو ژیانە، لەپێش هەموو شتێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پلانێکی داناوە بۆئەوەی بەپێی ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستە، نەهێڵێت ئەو قەیرانە گەورەتربێت یاخود لە داهاتوودا کاریگەرییەکی خراپتر بەسەر نەک تەنیا بابەتی کشتوکاڵی دابنێت، بەڵکو دەبێتە مەترسییەکی جیددی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیش”.

هەردوو رووباری گەورەی دیجلە و فورات کە یەکێکیان لە سووریاوە دێتە خاکی عێراق و ئەوی دیکە کە دیجلەیە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەمە بابەتێکی نێودەوڵەتییە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا و پێویستە تاوتوێ بکرێت. ئێمە وەکو بەشێک لەوە، بێگومان رێی خۆمان هەیە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەمانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکرێت”.

 زۆر سوودمان لە ئافرەتی بەتوانا وەرگرتووە

یەکێک لە ئامادەبووان لەبارەی پرسی مافی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان پرسیاری کرد و سەرۆکی حکومەت لە وەڵامدا گوتی، “سەبارەت بە ئافرەت، من رێزێکی زۆرم بۆ ئافرەت هەیە، پێموایە وەکو هەموو هاووڵاتییەک هەموو مافێکی هەیە، بەڵام کە ئافرەت خۆی داوای کۆتا دەکات، دان بە حەقیقەتێکی تاڵدا دەنێت، کە ئافرەت یەکسان نییە بە پیاو. پێموایە هەموو کەسێک، ئافرەت بێت یان پیاو بێت، دەبێت لەسەر بنەمای توانایی خۆی بتوانێت بگات بەو شوێنەی کە خۆی دەیەوێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “لەم کابینەیە سێ وەزیری ئافرەتمان هەیە، لە بەشەکانی حکومەتیش زۆر سوودمان لە ئافرەتی بەتوانا وەرگرتووە، نەک لەبەرئەوەی ئافرەتن، بەڵکو لەبەرئەوەی بەتوانان، لەبەرئەوەی کەسی کاران، لەبەرئەوەی توانای ئەوەیان هەیە بتوانن داهێنان بکەن و یارمەتیی حکومەت بدەن. من لەگەڵ مافی هەموو تاکێکم، ئافرەت بێت یان پیاو بێت، بەبێ ئەوەی جیاوازیی ئەوە بکرێت ئەمە پیاوە یان ئەمە ئافرەتە”.

پەتای کۆرۆنا کێشەی گەورەی بۆ گەشەی کەرتی گەشتوگوزار دروستکرد

لەبارەی کەرتی گەشتوگوزار سەرۆکی حکومەت ئەوەی خستەڕوو، “لەم دوو ساڵەی رابردوودا بەهۆی پەتای کۆرۆنا ئەمە بووە کێشەیەکی گەورە بۆ حکومەتی ئێمە. زۆر خەڵک، زۆر لەو گەشتیارانەی ویستوویانە بێن و سەردانی کوردستان بکەن، نەیانتوانی؛ هەرچەندە لەم دواییەدا خەڵکێکی زیاتر هاتن، بەڵام پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزار بەشێکە لە بەرنامەی هەمەجۆرکردنی داهات و پەرەپێدانی گەشەی ئابووریی کوردستان. ئێمە لەسەری دەوەستین”.