جەعفەر ئیمنیکی:کێشەکانی عێراق کێشەی دامەزراوەیین بەرلەوەی کێشەی پرەنسیپ و تێڕوانین بن

جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کراوەین بەڕووی هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق بە شیعە و سوننەوە؛ لە رابردوودا بەڕوویان کراوە بووین و ئێستا و لە داهاتووشدا کراوە دەبین، چونکە زۆر شت هەیە لەیەکمان نزیک دەکاتەوە. هاوبەشیی نیشتمانی بۆ هەموومان گرنگە”

لە میانەی بەڕێوەچوونی دیداری مێری، لەژێر ناونیشانی “گۆڕانی دیمەنی سیاسیی عێراق، ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی عێراقێک بۆ هەموومان بێت” کە تیایدا جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەشداری تێدا کردبوو لە دیدارەکە گوتی؛ لە هەرێمی کوردستان، پارتى و یەکێتى، کە دوو پارتى گەورەن و هەموو لایەنە کوردییەکانى دیکەش، دەبێ پێکەوە و بەهێزەوە بچنە بەغدا، چونکە بەغدا بە بنبەست گەیشتووە، ئەگەر کورد بە یەکگرتوویى نەچێتە بەغدا، رۆڵ و بەشداریییەکەی لاواز دەبێت.
ڕاشیگەیاند؛ لە ساڵى 2009، کورد بەهێزەوە لە بەغدا بوو و بەرگریی باشی لە دەستکەوتەکانى خۆی کرد، خۆ ئەگەر دامەزراوەکانى عێراق بەهێز و یاسایی بن، ئەوا لایەنە سیاسییەکان ئەگەر بەتەنیاش بن دەتوانن کاریگەرییان هەبێ، بەڵام بۆ ئەو کێشانەى ئێستا هەن، دەبێ نەخشەڕێگایەکى دیارمان هەبێ، بۆ ئەوەى وەک پڕۆژەیەکى نیشتمانى کارى لەسەر بکرێت، بەدەر لەوەى کە وڵاتانى دەوروبەر و جیهانیش دەست لە کاروبارى عێراق وەردەدەن.
ئیمنیکی، باسی لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی عێراق کرد و ڕایگەیاند؛ ئێمەى لایەنەکانی کوردستان بەرگرى لە مافى خۆمان دەکەین، ئەواتا باس لەوە دەکرێت کە حەشدى شەعبی بە یاسا دامەزراوە، لەبەرامبەردا دەبینین هێزى پێشمەرگە ئەگەرچی بەپێی دەستوور ناسێنراوە و بەشێکە لە دامەزراوەى بەرگری لە عێراق، کەچی ڕەت دەکرێتەوە، ئەو عەقڵیەتە بەمجۆرە ناتوانێ عێراق بەڕێوە ببات، بەڵکو دەبێ پێداچوونەوە بکرێت و هەمووان لەسەر ئەو پرسانە ڕێک بکەوین.
گوتیشی؛ ئێمە گلەییمان لە دیموکراتیەتی تەوافوقی نییە لە پرەنسیپدا، بەڵام پێویستە پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی بکەین؛ ئەو میکانیزمانەی لە رابردوودا کارمان پێکردن رەنگە بێسوود بووبن، دەبێت هەوڵبدەین ئەو میکانیزمانە چاک بکەینەوە. میکانیزمی فەرمانڕەوایی لە عێراق پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جیددیە. ئێمە کراوەین بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بەو میکانیزمانەدا بکرێت، بەڵام لە چوارچێوەی رێککەوتنێک و گۆڕانی دیموکراسی بێت. دیموکراتیەت بێ پرەنسیپ بەرەو ئامانجی هاوبەش نامانبات. دیموکراتیەت و میکانیزمەکانی دیموکراتیەت پێویستە هەموومان لەسەریان رێکبکەوین”.