ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارتین جاگەر باڵیۆزی تازەی ئەلمانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کلێمێنس سمنتر کونسوڵی ئەلمانیا لە هەولێر ئامادە بوو، باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق سڵاوی سەرۆکی ئەلمانیا و حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆک بارزانی گەیاند. جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی جێگەی بایەخی زۆرن و راشیگەیاند کە پاڵپشتی و دۆستایەتی ئەلمانیا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و، پێزانینشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و بووژانەوەی کە لە هەرێمدا بەرقەرارە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، کاریگەری ئەو هەڵبژاردنە لەسەر داهاتووی عێراق تاوتوێ کرا و پەیوەست بەو باسەوە سەرۆک بارزانی رایگەیاند جێبەجێکردنی شەراکەتی راستەقینە و پابەندبوون بە دەستور و بنەماکانی دیموکراسی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری و باشتربوونی دوخی عێراق دەبێت.