وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە هاوردەکردن و هەناردەکردنی هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی دەکات

وەارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاماژە بە هەناردن و هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی دەکات، کە تەنیا بە رەزامەندیی وەزیر دەبێت.

نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ژمارە (820)ـە و لە 4-10-2021 دەرچووە، راگەیێندراوە کە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت؛ لە نووسراوەکەدا هەروەها هاتووە، “دوابەدوای فەرمانی وەزارییمان ژمارە (8102) لە رێکەوتی 4-10-2021، بڕیارماندا کە رێگەپێدانی هاوردەکردن و هەناردەکردنی تەواویی بەرهەمە نەوتییەکان، پاشماوە نەوتییەکان، ماددە کیمیاییەکان و هەر رێگەپێدانی دیکە کە تایبەتە بە گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی نێودەوڵەتی و خزمەتگوزراییەکان، تەنیا بە رەزامەندیی وەزیر دەبێت بەپێی رێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتمان.”

 لەبارەی ئەو نووسراوەوە ئەمڕۆ هەینی 22-10-2021، کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند نووسراوەکەیان بەدەست گەیشتووە و گوتیشی، “پێمانوایە ئەوە چارەسەر نییە و قۆرخکاری زیاتر دەکات. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی تەواو بۆ هاوردەکردن بکات.”

 جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە، سامانە سرووشتییەکان، پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، یەکێکی دیکە لە پرسیارەکانیان لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان هەبوونی نرخی جیاوازە و گوتیشی، “بۆنموونە، ناکرێت بەنزینی کۆمپانیای کار لە بەنزینخانەیەک نرخێک بێت و لە بەنزینخانەیەکی دیکە نرخێکی دیکە بێت.” 

لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستاندا چەند جۆرێک بەنزین هەن، دیارترینیان سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵن. نرخی هەموویان جیاوازە و ئێستا لە 750 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو هەزار و 300 دینار.