هۆشیار زێباری: ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دژایەتی قەوارەی هەرێمیان کرد کەوتن

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دانوستانی ڕاستەقینە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییەوە دەستپێدەکات و دەڵێت، “چەند پەرلەمانتارێکی کورد کە دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان کرد سەرکەوتوو نەبوون.”

هۆشیار زێباری، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی “حصاد الشرقیە”ی کەناڵی شەرقیە، ڕایدەگەیەنێت”هەڵبژاردنی ئەمجارە لە پاکترین هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو لەلایەنی دادگەری و ئازادی”.
ئەو پێی وایە “سیاسەتی عێراق وەک چەرخ و فەلەک وایە” و ئاماژە بەوە دەکات کە “هەندێک لە سەرانی گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکەدا کەوتن، ئەوەش ئەنجامێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە بۆ عێراقییەکان، هەرچەندە هەندێک لە وەزیر و سیاسییەکان سەرنەکەوتن، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاری کوردیش کە دژایەتی هەرێم و مافە دەستورییەکەیان دەکرد کەوتن.”
هۆشیار زێباری جەخت دەکاتەوە کە “ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە دورکەوتنەوەیە لە بارگرژی و دروستکردنی توندوتیژی و ڕاگرتنی هەموو لێدوان و قسەیەک کە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات.”
داواشی لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن کرد کە “بەئاگابن لە مەترسییەکانی داهاتوو، چونکە خراپکردنی دۆخەکە لە ئێستادا وڵات وێران دەکات.”
زێباری دەڵێت؛ ئامۆژگاری سکاڵاکاران و ناڕەزایان دەکەین ڕوو لە یاسا بکەن و بە هیچ شێوەیەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و بارگرژی، چونکە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا براوە و دۆڕاو هەیە.”
هۆشیار زێباری جەختی کردەوە کە “حکومەتی داهاتوو هاوپەیمانی دەبێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت خۆی بەسەر ئەوی تردا بسەپێنێت، پێویستە هەمووان بەپێی سازان بەشداری تێدا بکەن.” ئەوەشی خستەڕوو “هەموو قسە و لێدوانەکانی ئێستا تەنها بۆ تاقیکردنەوەن، بابەتەکە کەوتووەتە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆتایی دەنگدان و کێبرکێکە لەوێوە دەستپێ دەکات.”

ھەواڵی زیاتر