کوردانی ئێزدی هەمیشە دەنگیان بە پارتی داوە

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییان و سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، کوردانی ئێزدی پەیوەندییەکی ڕۆحی و ستراتیژی و جڤاکی و جوگرافییان بە پارتییەوە هەیە، بۆیە هەمیشە ئێزدییەکان دەنگیان بە پارتی داوە.

شێخ شامۆ شێخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ”ئێزدییەکان هەمیشە دەنگیان بە پارتی داوە و هەر لە کۆنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی مووسڵ و شنگالییەکان پارتییان کردووەتە یەکەمی هەڵبژارن، لەگەڵ گلەیی و گازندەکانیشیان، ئێزدییەکان پارتی بە خاوەنی خۆیان دەزانن.”
گوتیشی: ”پارتی هیچ جارێک خۆی لە کێشەی شنگال و ئێزدییان نەشاردووەتەوە، بۆیە دەبێت خەڵکیش دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە بینیمان لە کاتی فەرمان و کۆمەڵکوژیدا ئەوەی لە ئێزدییان بەخاوەن دەرکەوت، پارتی بوو، کاتێک ئێزدییەکان ئاوارە بوون، هاتوونەتە ناوچەکانی پارتی، ئەوەی تۆڵەی ئێزدییانی کردووەتەوە هەر پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی بوو، ئێستاش حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکی بۆ چارەسەری کێشەی شنگال کردووە، بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال چارەسەر بێت و گرەنتییەکی ئەمنی بۆ شارەکە هەبێت.”
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت گوتیشی:” لە کاتی حەڵاڵکردنی کوشتنی ئێزدییان لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە ١٥ هەزار قوتابیمان گواستوونەتەوە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و بنکەی لالش هەمیشە خزمەتکاری ئێزدییان بووە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، ئەویش بە پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان.”
ئاماژەیشی دا: ”گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە بەدیلی پارتیمان نییە، کەس ناتوانێ ئەو بارە قورسەی ئێزدییان هەڵبگرێت، جگە لە ئێزدییان، بۆیە دەبێ هەموو کوردانی ئێزدی دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە ئەو لایەن و گرووپە میلیشیایانەی لە شنگالن، ئامانجیان تێکدانی ڕەوشی شنگالە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە شنگالن و ئەوان ئاگایان لە ڕەوشی ئێزدییان نییە.”
لە کۆتاییشیدا ئاماژەی دا: ”پارتی لە ناوچە ئێزدییەکاندا چەندین کەسی ئێزدییشی کاندید کردووە و هەموو کەسێک ئازادە دەنگ بە کامە کاندید دەدات و هەموو کارێک دەکەین ئەم کاندیدانە بگەنە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق بتوانن بەرگریکاری سەرسەختی مافە ڕەواکانی ئێزدییان بن.”

ھەواڵی زیاتر