رۆژنامەی ھەولێر

مەلەفی چوار

هەڵاڵە ڕافع
ڕێگا ڕەووف
نزیکە سیانزە ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیداکردنی کارەوە و، بە ئیتیفاق لەگەڵ هەڵاڵە کە ڕێکخراوی کۆمیتەی بەرگری لە مافەکای ژنانی عێراقی بەدەستەوە بوو، دامەزرام. ئەو هاوکاریەی کە فەرمانگەکە ئەیکرد لە سەدا هەشتای مەعاشی ئەدا و ڕێکخراوەکەش ئەبوایە لە سەدا بیستی بدات. هەر لە سەرەتاوە هەڵاڵە پێی وتم کە سەدا بیستەکەم ناداتێ چونکە ڕێکخراوەکە داهاتێکی نیە و منیش لاریم لێ نەبوو. واتە سەدا سەد کارم دەکرد و، سەدا هەشتام وەردەگرت. ئەگەر چی هەر لە ئەساسەوە زڵمێکی زۆر گەورەیە لە خۆت و جەستەتی ئەکەی کە بە ئەندازەی ماندووبوونەکەت پارەکەت وەرناگری بەڵام چونکە تازە بووم لە سوید و حەزم لە کارکردن بوو بەتایبەت لەگەڵ ڕێکخراوێکی ژناندا. بەکورتیەکەی حەماسەتی شۆڕشگێڕانەم زیاتر بوو.

نزیکەی ١٠ مانگێک پێکەوە کارمان کرد و ڕێکخراوەکە هەم کەوتەوە سەرخۆی، هەم بەرنامەی ڕادیۆیی و هەمیش سەنتەرێکمان پێک هێنا بەناوی سەنتەری نینا بۆ داڵدەدانی ژنان.
بەرەبەری سەری ساڵ و‌ جەردی ساڵانە کە عادەتەن ئەکەوێتە مانگی دوانزە، لە کاتی کارکردندا بووین کە هەڵاڵە کەوتە گلەیی و ڕەخنە لەوەی ئەو هەموو خۆماندووکردنە بە هیچ ئەڕوات. ڕاپۆرتێکی دامێ کە بە دەستوخەتی خۆی هەموو ئەو بڕە پارانەی کە وەرگیرابوو لە دەوڵەتی سوید و لە شارەوانی بۆ پڕۆژەی جیاواز و چالاکی جیاواز گەیشتبووە ١ملیۆن کرۆنی سویدی. هەڵاڵە بەردەوام بوو لە ڕەخنە لەوەی پارەکان هەمووی بۆ بلیتی تەیارە و هاتوچۆی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتە ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە کاتی پلینۆم و بێنەوبەردەیان سەرف بووە!
کاتێک ڕاپۆرتەکەم بینی ڕێک تووشی شۆک بووم، هاوکات بیستنی ئەوەی کە پارە و کۆمەکی ئەندامانیش بۆ چ کار و چالاکیەک ئەچێ، تووشی نەک هەر شۆک بەڵکو ئاگرم کردەوە لە تووڕەییدا.
وتم یانی ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و دڵسۆزی ئەکەین بۆیە جەنابیان بەشداری پلینۆم و کۆبوونەوەی هیچ و بەبێ ئیستیفادە بکەن؟ یانی من مانگانە سەدا بیستی مووچەکەمم وەرنەدەگرت کە هەر مانگەی نزیک بە ٢٠٠٠ کرۆن دەکات و لە ساڵێکدا دەکاتە ٢٤هەزار خۆش بووم لەبەر ئەوەی پارە نەبووەو ئێستاش ئەبینم یەک ملێۆن کڕۆنت وەرگرتووە؟
بوو بە موناقەشەیەکی گەرم و هەڵاڵە کاڵەکی بە ئەژنۆی خۆی شکاند کە ئەو ڕازەی لای من درکاند چونکە بە دەمی خۆی گوتی کە خەریکی گەندەڵیە. ئەو حیزبەی کە دژی گەندەڵیە و قسە لە ئینتێگراسیۆنی کەمینە دەکات لە سوید، بە ناوی ژنەوە پارە وەردەگرێت و بۆ کۆمەڵێک مەسئول سەرف دەکرێت!
هێشتا دوای ئەو هەموو ساڵە لەو ڕووهەڵماڵینە دەستم دەلەرزێ کە لەسەر حیزب و ڕێکخراوێک بنووسم کە بە دڵ و ڕۆح باوەڕم پێی بوو. دوای ئەو ڕووداوە بڕیاری خۆمم دا، هەر هەمان ڕۆژ بە هەڵاڵەم گوت من ئیتر نایەمەوە و دەست لەکار دەکێشمەوە، هاوکات ئابوونە نادەم و واز لە حیزب دێنم. ئەوە سەختترین بڕیاری ژیانم بوو بەڵام یەک چرکەش پەشیمان نیم کە بەجێم هێشت. دوای ئەوە چوومەوە مەکتەب و لە دواناوەندی هەندێ لە بەشەکانی خوێندن کە پێویستم بوو تەواوم کرد و لە زانکۆ وەرگیرام.
من کە کرێکارێکی هۆشیارم ئاوا زڵمم لێ بکرێ و، هێزی کارم بخور، دەبێ سبەینێ کە گەیشتنە دەسەڵات چۆن زڵم لە کرێکارانی نەخوێندەوار و بەدبەخت بکەن؟
پێوانەی من بۆ بیروباوەڕ لە کرداردایە، تۆ بە خۆت بڵێی ئاتەئیست بەڵام لە کاتی ژنهێنان یان شووکردندا مەلا مارەت بکات، بە ئاتەئیستت نازانم، تۆ بە دەم بەرگری لە مافی ژن بکەیت بەڵام بە کچەکەی خۆت بڵێی وا مەکە و وا بکە با حەیامان نەچێ، ئەوە پێی دەوترێ درۆزن.
من دڵنیام ئەم کارەی هەڵاڵە ریزپەڕ (شاز) نیە و زۆربەی ڕێکحراو و حیزبەکانی خۆرهەڵات لێرە خەریکی ئەو کارەن، واتە گەندەڵی دەکەن، بەڵام من نامەوێ بەشدار بم لە دزینی پارەی زەریبەی خەڵک بۆ گیرفانی مەسئولین و بۆ گەندەڵی.