هاوناز مستەفا
جیهان بەرەو پێشەسازییەک هەنگاوی ناوە کە پێی دەوترێت “گەشتوگوزار”. زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گرنگییەکی زۆر بەم کەرتە دەدەن، چونکە داهاتێکی بەردەوامی هەیە. لە بەرامبەردا، وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان زیاتر پشت بە نەوت دەبەستن کە سەرچاوەیەکی کاتییە و ئەگەری تەواوبوونی هەیە.
بۆ ئەوەی بزانین بۆچی لە هەندێک ناوچەدا گەشتوگوزار گەشە ناکات، یان شکست دەهێنێت، دەتوانین ئەم هۆکارانە دەستنیشان بکەین:
١. وەبەرهێنانی کورتخایەن: زۆرێک لە وەبەرهێنەران شارەزاییەکی تەواویان نییە و دەیانەوێت پڕۆژەکانیان لە ماوەیەکی کەمدا قازانجەکەی بگەڕێتەوە دەستیان، لە کاتێکدا پڕۆژەی گەشتیاری داهاتەکەی هەمیشەییە بەڵام پێویستی بە کاتی درێژ هەیە بۆ ئەوەی بێتەوە بەرهەم.
٢. ناجێگیریی دۆخی ئەمنی و شەڕ: گەشتیار هەمیشە بەدوای شوێنی ئارامدا دەگەڕێت. تەنانەت ئەگەر وڵاتێک زۆر ئارامیش بێت، تەنها یەک ڕووداوی تەقینەوە یان نائارامی، دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشتوگوزار بۆ ماوەیەکی درێژ.
٣ . گرووپی تاوانکاری: هەندێک وڵاتی وەک مەکسیک، یان بولگاریا تیمی تاوانکاری ئازاری گەشتیاران دەدەن و دەوڵەت ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، ئەوە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دوورکەوتنەوەی گەشتیار.
٤. نەبوونی داتا و زانیاریی دروست: ئەگەر داتای ڕاستت لە بەردەستدا نەبێت کە گەشتیارەکانت کێن و پێویستیان بە چییە، ناتوانیت خزمەتگوزارییەکی گونجاویان پێشکەش بکەیت.
٥. نەبوونی بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە: بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیار ڕابکێشیت، پێویستت بە شتێکە کە لە جیهاندا کەم بێت یان یەکەم بێت. دووبارەکردنەوەی بیرۆکە کۆنەکان گەشتیار ماندوو دەکات.
* شارەزای گەشتوگوزار

