پ.د. نەزاکەت حسێن
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ سەردەمەکانی پێشوو، هەموو جەنگەکان ئامانج لێی زۆرترین لەناوبردنی خەڵک و سەرباز بوو ، زۆرترین زەوی و سنوری بەرامبەر داگیربکەیت. کاتێک مێژوو باسی جەنگەکانی رابردوو و جەنگە جیهانیەکان دەکات، دەڵێت؛ ئەوندە کەس کوژرا ، فڵانە وڵات ئەوندە سنوری وڵاتەکەی تری داگیرکرد، چونکە ئامانجەکە ئەوە بوو، هەمان کات جەنگ بەمرۆڤ دەکرا بەسەرباز دەکرا، بۆیە شکاندنی سەرباز و کوژراوی لایەک واتە سەرکەوتنی لایەکەی بەرامبەر. جگە لەوەش هەر وڵاتێک خاوەنی سەربازی زۆر ئامێری بکوژی مرۆڤی هەبووایە دەیتوانی بەشداربێت لەجەنگ. جەنگەکانی ئێستا بەپێچەوانەوە جەنگی درۆنەکانە کە وەک باڵندە و چۆلەکەی بێگیان لەبۆشایی ئاسماندا جەنگی خۆیان دەکەن. کامەیان زۆرترین ئامێری ئەوی تری تێکشکاند ئەوە براوەیە. کامە لایەن زیرەکترین ئامێری هەبوو بۆ لەناوبردنی ئامێری ئەوی تر ئەوە براوەیە. راستە هەندێک کەس وەک مرۆڤ کراوەتە ئامانج، بەڵام ئەوانە ژمارەیەکی کەمن. چونکە کەمترین سەرباز بەشدارە لەم جۆرە جەنگەدا. جەنگی نەزیفی ئابوری و تێکشکاندنی ئامێر و کەرەسەی جەنگی زیرەکی ئەویترە. ئەمەش تەنها کۆمەڵێک وڵات دەتوانن بەشداربن وڵاتانی خاوەن نەبوونی ئەم ئامێرانە ناتوانن بەشداربن نە بەئامێر نە بەسەرباز، چونکە ناتوانن جەنگی ئەوئامێرانە بکەن، نیانە. بۆیە مۆنۆپۆلی جەنگ دیاردەیەکی سەردەمە ؛ ئەگەر گونجاوبێت بوترێت سایبەر ئینپریالیزم’ دروست بووە کەتەنها ژمارەیەکی کەم وڵات دەتوانن ئەوجەنگە بکەن، ئەوانی تر دەبێت هەریەکەیان بەرژەوەندی خۆی لەپاڵ یەکێک لە وڵاتە زلهێزە خاوەن ئامێرە زیرەکە بگونجێنێت تاکو بیپارێزێت و خۆی بخاتە ژێر سێبەری هیچ نەبێت بۆ ئەوەی بیپارێزێت. سەیری ئاسمان و بۆشاییەکەی بکەن کامە وڵاتە لەو شەڕەدایە و دەتوانێت لەوێبێت؟ بێگومان ئەوانەی ئامێری زیرەکی سایبەریان هەیە. دەرەنجامی ئەم جەنگانەش و بردنەوەی ئیتر بەژمارەی کوژرانی سەرباز و داگیرکردنی سنوور و زەوی ناپێورێت بە تێکشکاندنی زۆرترین ئامێر و کەلوپەل و ژێرخانی ئابوری و تێچوو دەپێورێت. ئەوەی هێزە ئێستا لەم جەنگانەدا مرۆڤ نیە ، بەڵکو ئەو ئامێرە زیرەک و تەقەمەنیە زیرەکانەی کە مرۆڤ بەرهەمی هێنان وئێستە بە بێ خۆی جەنگ دەکەن یان بەژمارەیەکی کەمی سەرباز جەنگەکە دەڕوات. یوڤاڵ نوح هەراری فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت” ئەوەی هێزە ئێستا لەجیهاندا بێ عەقڵی و گەمژەیی مرۆڤ بوو کەزانی چەکی ئەتۆمی مەترسیە بۆ ژیانی خۆی وئامێری زیرەک مەترسیە بۆژیانی خۆی بەرهەمی هێنا”.

