رۆژنامەی ھەولێر

هەندێك ئادابی زەكاتی فترە و خەرجی ماڵ و منداڵ لە جەژندا

عومەر چنگیانی
پشتیوان بە خوا گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان دوا زنجیرەی ئەم بابەتانەی ڕەمەزانمان دەبێت و لەم بەشەدا باسی دوو تەوەر دەكەین: هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە و باسی خەرجی ماڵ و منداڵ لە جەژندا:

یەكەم/ هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە: ئەوەی لە ساڵی دووی كۆچیدا، شان بەشانی نەتەوەكانی تری پێش ئیسلام، گرتنی رۆژووی مانگی ڕەمەزان، بە پێویست گێڕدرا لەسەر بڕوادارانی شوێنكەوتەی محەمەد پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، كە وێڕای ئەوەی پەرستنێكی گەورەیە و بۆ خوا جێبەجێ دەكرێت، كە تیایدا مسوڵمانان لە برسێتی و تینوویەتیدا بۆ ماوەی چەند سەعاتێك هەست بە یەكسانی دەكەن و ئێوارانیش لە بەربانگدا ئەگەر وەك ئایین دەیخوازێ هەمان شێوە بكەن، ئەوكاتیش خواردنیان زۆر جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت و زیاتر لە هەركات گیانی تەبایی و لەخۆبوردن و بەزەیی و هەژارپۆشتەکردنیان تێدا دروست دەبێت؛ بە شوێنیشیدا، ئەركێكی دیكە، كە پەیوەستە بە داهات و خەرجی و سامانی مسوڵمانان بەپێویست گێڕدرا، كە پێی دەگوترێت: زەكاتی سەرفترە، كە وەك یارەكان بۆمانی باس دەكەن، پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، ئەو ئەركەی دەستنیشان كرد و دەفەرموون: “ساعێك خورما، یان ساعێك جۆ، بە پێویست گێڕراوە، بۆ زەكاتی سەرفترەی هەر مسوڵمانێك، ئەو كەسە ئازاد بێت، یان بەندە، نێر، یان مێ، گەورە، یان بچووك؛ هاوكات فەرمانیشی داوە، كە لە بەرای چوونی مسوڵمانان بۆ نوێژی جەژن بدرێت. ”
وەك لە هەندێ دەقی تردا هاتووە، دەبێ هەركەس لە كوێ جەژن دەكات لەوێیش زەكاتی سەرفترەكەی خۆی بدات. كە ئەم دەقە و ئەوانەی لەمبارەوە هاتوون، لە كۆن و نوێدا بوونەتە جێگەی فتوای لێكجودای زانایانی ئیسلام، هەیانە دەڵێن: دەبێ مرۆڤ هێندە پابەند ببێت بە دەقەكەوە، خورما یان جۆ زێدەتر نەدات، یان كەشك وەك لە هەندێك دەقی تردا هاتووە. هاوكات هەندێكی تر لە زانایان وا بۆ بابەتەكە دەچن، كە هەردەم ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی هەژاران لە هەموو شت لە پێشترە، ئەڵبەتە بۆ ئەم بۆچوونەیشیان، پەنا بۆ چەند دەقێك دەبەن، وەك ئەوەی كە ئەو كەسانەی لە سەردەمی پێغەمبەردا دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، نێررابوون بۆ وڵاتی “یەمەن”، كە زەكاتی ئەوێیان كۆ دەكردەوە، لە میانەی زەكاتەكان هەندێ كراس بوو كە بۆ خەڵكی مەدینە نەدەبوو، یارەكان لەوێ‌ دەچوون دەیان فرۆشتنەوە و لە مەدینە شتی تریان پێ دەكڕی، لێرەشدا دەفەرموون: “بەرژەوەندیی هەژاران ئەگەر لە پارە و دراوپێداندا بوو، بایی ئەو ساعە خۆراكە، دراوی بەڕەواج دەدرێت بە هەژاران.”

لێرەدا من چەند ئامۆژگارییەكی بچووكم هەیە:
1. ئەگەر هەر سەرەك خێزانێك تەماشای داهات و بارودۆخی تایبەتی خۆی بكات و ورد ببێتەوە لە ماڵەكەیدا و بە ئەندازەی مامناوەندی ژەمێكی ئێوارانی ڕەمەزانی هەرتاكێك بدات لە باتی سەرفترە، ئەوە بۆ خۆی خێری زۆرە.
2. دەكرێ هەرچەند ماڵێك زەكاتەكەی خۆیان ئاوێتە بكەن و وێكڕا بیدەنە ماڵێكی هەژار، سا بەڵكو وایان لێ بێت لە جێژنەدا ئەوانیش بە خۆشی و بوونێكی مامناوەندییەوە جەژن بكەن.
3. ئەوانەیش كە لە دەرەوەی وڵاتن و لای خۆیان هەژار نییە و دەینێرنەوە بۆ كوردستان، كارێكی باش دەكەن، بەڵام باش وایە ئەوان ئەوەندەی ژەمێكی خۆیانی پێ دابین دەكرێت لە لای خۆیان، ئەوەندە بنێرنەوە بۆ كورردستان.
ئەمانەی كە من دەیانڵێم بۆچوونی خۆمە و من وا لەو دەقە پیرۆزانە دەگەم، بەتایبەتی كە دەقی وامان هەیە ئاماژەمان پێ دەكات هەژارەكانمان لەو شەو و رۆژی جەژنەدا بێ‌ئیحتیاج بكەین، خوایش لە هەمووان زاناترە.
ئەمەی من دەیڵێم، بچووكترین هەنگاوە بگیرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی كەمێك لە ئازاری زۆر و بێئەنازی هەژارانی كوردستان، بەتایبەتی لەم كاتە ناسكەی بەرەجەژناندا، متمانەم بەوەیش هەیە، كە ئەوانەی دەتوانن لەم مەسەلەیەدا رۆڵی باشیان هەبێت، بەر لە هەركەس گەورەدەستەڵاتدارانی وڵاتەكەم و، ئەو زەنگینانەیە كە تروسكاییەكی ترسی خوایی لە دەروونیاندا بەدی دەكرێت و لە بارودۆخەكە ئاگادارن.
رەنگە من وەك كەسێك نەتوانم چارەسەر بكەم، بەڵام دەتوانم دەست نیشانی هەندێك لە هۆكارەكانی چارەسەر بكەم، هەربۆیەكە لە پێشدا ڕووی دەم و وەبیرهێنانەوەم دەكەمە حكوومەت و دەڵێم:
دەتوانن بە پێشخستنی مووچە و یارمەتییەكی لەگەڵدا، تائەندازەیەك فریای نازی هەژاران بكەون و لەڕێگەی یارمەتی دانی بازاڕیشەوە، كەمێك ئەركەكان سووك بكەن بەوەی، كە دەستێك بەنرخدا بێنرێت و ئاسانكاری پێشكەش بكرێت و ئەوەندەی پەیوەندی بە دەوڵەتەوە هەبێت، شتێك نرخ هەرزان بكرێت.
ڕوو بە هەرتاكێكی زەنگینیش دەڵێم: هیوادارم ئەوەندە بزانن كە پێغەمبەر-دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – دەفەرمێت: “سەوگەند بە خوای گەورە هیچ سامانێك بە لێدەركردنی بەشی هەژاران و بە یارمەتیدانیان، كەم ناكات”، ئەڵبەت وەك موعادەلەیەكی حسابی سەیری بكەن، دیارە كە رێژەیەك لە پارەكانتان، دێتە دەرەوە، بەوەكەم دەكات، بەڵام ئەمە لایەنێكی مەعنەوییە و بڕوادار باوەڕی پێی هەیە و دەزانێ پێغەمبەر– دروود و سڵاوی خوای لێ بێ – لە خۆوە ئەو وتەیە نابێژێت و دەكرێ لەلایەنی مەعنەوییەوە زیاد بكاتن و ببێتە هۆكاری دوورخستنەوەی دەرد و بەڵا و ئازار و ئەشكەنجەی چاوەڕواننەكراو و نزای هەژاران بۆتان ببێتە قەڵغان.

دووەم/ باسی خەرجی ماڵ و منداڵ لە جەژندا: ڕەنگە ئەم بابەتە بەلای هەندێ كەسەوە زۆر گرنگ نەبێت، لەسەر ئەوبنەمایەی، كە وەك كارێكی ئاسایی سرووشتی تەماشای مەسەلەكە بكات و بڵێت: هەموو باوكێك هەست بەو بەرپرسی و ئەركەی سەرشانی دەكات. لەگەڵ ئەوەی كە تا ئەندازەیەك قسەكەیانم بەلاوە بەجێیە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە، دووبارە پابەند كردنەوەی مرۆڤی بڕوادارە، تەنانەت لە ئەنجامدانی ئەم كارە سروشتی و حەزە دەروونیەیشیدا بە خواوەندی گەورەوە، كە لە ٢٣٣هەمین ئایەتی سوورەتی “بەقەرە”دا، دەفەرمێت: “هەر باوكێك ئەركی سەرشانێتی، كە ڕۆزی و پێویستی و پۆشاكی منداڵەكانی دابین بكات، بەڵام بە باشی”. وشەی بە باشی ئەوە دەگرێتەوە، كە دەبێ، لە ڕێگەی حەڵاڵەوە پەیدای بكات و كەمتەرخەمییش نەكات لە ئاستیان، نەك زیادەڕۆیی لە خەرجیدا.
هەروەها، لە حەوتەمین ئایەتی سوورەتی “تەڵاق”دا، دەفەرمێت: “با ئەو كەسانەی كە هەبوون و بەتوانان، بە پێودانگ و توانای خۆیان، خەرجیی ماڵ و منداڵیان بكەن، ئەوانەیش كە كەمداهاتن بە پێی ئەوەندەی كە خوا پێی داون، چونكە خوای گەورە داوای لە هەر كەسێك بە پێی توانا و بوونی ئەو كەسەیە”؛ هەروابێتەوە لە سیونۆهەمین ئایەتی سوورەتی “سبأ”دا، دەفەرمێت: “ئاگادار بن لەوە كە هەر خەرجیەك بۆ ماڵ و منداڵتانی بكەن، ئەوە خوای گەورە بۆتانی قەرەبوو دەكاتەوە.”
هەروەها پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، دەفەرمێت: “ئەی باوك، ئەی بەرپرسی خێزان، ئاگادار بە كە هەر خەرجیەكی، تۆ لەبەر خوا، بۆ ماڵ و منداڵەكەتی بكەیت، خوای گەورە پاداشتت دەداتەوە و بۆتی قەرەبوو دەكاتەوە؛ تەنانەت ئەو پارووەی دەیكەیت بە دەمی خێزانەكەتەوە بۆت بەخێر دەنووسرێت.” وەك دەزانین وشەی “نەفەقە”، كە لە دەقەكاندا، بەكار دەهێنرێت، لە داڕشتنیدا، لە وشەی “نەفەق”ـەوە، وەرگیراوە، ئەویش ڕەوانبێژییەكی تایبەتی تێدا هەیە، چونكە نەفەق: واتە تونێل، یان ئەشكەوتی دووسەرە، لەلایەك چوونە ژوورەوە و لەلایەك لێ دەرچوون، ئیتر ئەو خەرجیەی باوك دەیكات بۆ ماڵ و منداڵی، بە عەدالەت و میانڕەوێتی و بە دوور لە خەرجی بێهودە، وەك ئەو تونێلە وایە، لە لایەكەوە، كە خەرجی دەكات، لێی دەردەچێت و لەلایەكی ترەوە، تێی دەچێتەوە و خوا پڕی دەكاتەوە.
وێڕای ئەم چاوبوونەیشمان لە ماڵ و منداڵی خۆمان، دەبێ ئەوەیشمان لە یاد بێت، كە ئێمەی بڕوادار فەرمانی ئەوەمان پێ دراوە، لە شەو و رۆژی جەژندا، هەژارەكانمان لەوە بخەین، كە لە دەرگای ماڵان بدەن، چونكە وەك ئەرك لەسەرشانمانە و وەك دیاردەیەكی ناشیرینیشە و دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین نەیهێڵین، هەموو لایەكیشمان دەزانین ئەو لە دەرگادانە، تەنها هەر بۆ ئەوە نییە نانیان نەبێت و بەس! بەڵكو بۆ هەموو پێداویستییەكانە، هەربۆیەكە هەندێك لە زانایان دەفەرموون: “ئەگەر بەتەنها هەر پارە باش بوو بۆ هەژاران، زەكاتی فترە بە پارە بدەن”، كە من وام بە لاوە پەسندە، دەكرێ هەر چەند ماڵێك پێكەوە زەكاتەكە كۆ بكەنەوە و هیچ نەبێت، ماڵە هەژارێكی بۆ جەژن پێ ببووژێننەوە، هاوكات وشیاری ئەوە بن كە هەستیان مەڕووشێنن و دڵیان بریندار مەكەن. ماوەتە بڵێم بەهیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و دوور لە هەر نەهامەتی و ئاشوبێك؛ پیرۆزە.