رۆژنامەی ھەولێر

باخی میر و کانیی قوڵکە

حەمەسەعید حەسەن
لێت پرسیبووم کەی دێمەوە
وای بۆ چووبووی
من هەرگیز ناگەڕێمەوە
نا، شەوانە
بە ئازاری دوورییەوە دەتلێمەوە
لەم دوورەوە
ترسێکی وا
سەراپای گیانی داگرتووم
وەک ئەو ترسەی
چاوی (کانیی قووڵکە)ی کوێر کرد
پرچی (باخی میر)ی ڕنی
(زێوە)ی فڕی دایە گەرووی تەندوورەوە
وەک ئەو ترسەی
نێوان (گۆیژە) و (گڵەزەردە)ی داگرتووە
کۆنەهەواری دڵگیری
زین و خەج و
عەنبەرخاتوون و حەبیبەی داگرتووە
ڕۆخی دیجلەی داگرتووە
دەترسم بێمەوە و بەڵام
چاوی تینووم
لێوی نەنێ بە سەرچاوەی دیدارتەوە
کەس ناونیشانت نەزانێ
تا نەشتوانم بەخوڕ بگریم
بە دیار کێلی مەزارتەوە
ئاخ ئەو کاتە
چۆن بارانی فرمێسکم خۆش

دەکاتەوە؟
کێ سەبووریم دەداتەوە؟
کێ وەکوو تۆ خۆشی ویستووم؟
کێ وەکوو تۆ
لەناو پریاسکەی دڵیدا
دەیان هەواڵی بچووکی بۆ هەڵگرتووم؟
کێ وەکوو تۆ
تاڤگەی ئەڤینی وڵاتی
ڕژاندۆتە ناو خوێنمەوە؟
شیعری خەمناکی دیوانی
بە ئەشکی دووری نووسراوەم
دوای تۆ بۆ کێ بخوێنمەوە؟
زۆر دەترسم
بێمەوە و چاوەڕێم نەبی
ئەوسا منی
وێڵ و نامۆی ئەم جیهانە بیابانە
هەواڵت لە کێ بپرسم؟
زۆر دەترسم
ترسێکی وا
سەراپای گیانی داگرتووم
مەگەر تەنیا خۆم بزانم
دوای تۆ
چەن لێڵە داهاتووم