رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک هاووڵاتیبوون لە چەک بەهێزتر دەبێت

شیرین فوئاد مەعسووم
لە هاووڵاتیبوون و جەنگی دژ بە ئێران: چی فێربین؟
هاوڵاتیبوون بەهێزترە لە هەر چەکێکی کوشتنی بەکۆمەڵ؛ حکوومەتەکانی زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەمە باش دەزانن. هاووڵاتیبوون ئەو شتەیە کە کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەستێکی پەیوەندیداری، شانازی و بەرپرسیارێتی دروست دەکات. کاتێک خەڵک هەست دەکەن کە هاووڵاتین، وا دەزانن بەشێکن لە دەوڵەت—نەک تەنها پاشکۆ و ژێردەستەی پارتە سیاسییەکان، یان حکوومەتە کاتییەکان.
دەوڵەتی بەهێز تەنها لە دامەزراوەکانەوە هێز وەرناگرێت، بەڵکوو هێزەکەی لە خەڵکەکەیەوەیە. مێژوو پڕە لە دەوڵەتانی شکستخواردوو، بەڵام هێزی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەک لە یەکگرتوویی و دڵسۆزیی هاووڵاتییەکانی دایە.
ئێران لە ئێستادا نموونەیەکی نوێی ئەم ڕاستییەیە. حكوومەتی ئێستا لەلایەن هەموو خەڵکەکەیەوە پشتیوانی ناکرێت؛ داواکاری گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆن لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە. زۆرجار باس لە ئێران دەکرێت وەک دەوڵەتێکی توند کە لەلایەن دەسەڵاتی ئایینییەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆرێک لە ئێرانییەکان داوای حکوومەتێکی سێکیولارتر و ئازادتر دەکەن. ئەوە باسی ئێمە نییە.
بەڵام سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییانە، شتێک ڕوونە: زۆرێک لە ئێرانییەکان ڕازی نابن بە دەستتێوەردانی دەرەکی لە دژی وڵاتەکەیان. تەنانەت ئەوانەی کە دژ بە ڕژێمن، ڕەتیدەکەنەوە کە هێزە دەرەکییەکان هێرش بکەنە سەر دەوڵەتەکەیان. بۆچی؟ چونکە دەوڵەت—هەرچەندە حکوومەتەکەی چۆن بێت—بەستراوەتەوە بە شانازی و ناسنامەی نەتەوەیییانەوە.
بۆیە زۆرجار فشاری دەرەکی یان هەڕەشەی شەڕ، ئەو ڕاپەڕینانە دروست ناکات کە هێزە دەرەکییەکان چاوەڕوانی دەکەن. کاتێک وڵاتەکەیان لە دەرەوە هەڕەشەی لەسەر بێت، زۆرجار خەڵک لە دەوری دەوڵەتەکەیان کۆدەبنەوە.
بەڵام کاتێک نادادپەروەری لە ناوخۆوە بێت، وەڵامەکە جیاواز دەبێت. نموونەیەکی ڕوون بریتی بوو لە کەیسی دڵتەزێنی ژینا ئەمینی؛ ئەو کچە کوردەی کە لە ئانی گیانلەدەستدانی لە دەستی پۆلیسدا، شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێکی گەورەی لە سەرانسەری ئێران دروست کرد. ملیۆنان کەس هاتنە سەر شەقام و هاواریان کرد: «ژن، ژیان، ئازادی». ئەم بزووتنەوەیە حکوومەتی ناچار کرد بەرەوڕووی تووڕەیی گشتی ببێتەوە و هەندێک لە یاساکانی پەیوەندیدار بە حیجاب نەرمتر بکرێن.
ئەمە وانەیەکی گرنگ پیشان دەدات: کاتێک خەڵک هەست بە ستەم و بێڕێزی بکەن لەلایەن تاکەکان لە ناوخۆی سیستەمەکەیان، دەتوانن دژ بە دەسەڵات بوەستنەوە. بەڵام کاتێک نەتەوەو نیشتمانیان لە دەرەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت، هەمان هەستی پەیوەندیداری و هاووڵاتیبوون هانیان دەدات بۆ بەرگری لە دەوڵەت. بە واتایەکی تر، هەستی هاوڵاتیبوون و سەر بە وڵاتبوون دەتوانێت بەهێزتر بێت لە هەر چەکێکی سەربازی.

بنەماکانی هاوڵاتیبوونی بەهێز:
١. پەروەردە:ڕێنمایی و ڕەوشتی هاوڵاتیبوون پێویستە لە منداڵییەوە فێر بکرێت. قوتابخانەکان دەبێت سەبارەت بە دیموکراسی، بەرپرسیارێتی، ڕەوشتی ڕاست و ئەرکی تاک لە کۆمەڵگەدا وانە بڵێنەوە. لە قوتابخانەدا هەستی پەیوەندی و ئەرکی هاووڵاتیبوون دروست دەکرێت.
٢. ماف و بەشداری:پێویستە هاووڵاتییان هەست بکەن کە دەنگیان گرنگە. دابینکردنی دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ هەڵبژاردن و بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەستی خاوەنداریی دەوڵەت لای تاک دروست دەکات.
٣. متمانە بە دامەزراوەکان:هاووڵاتیبوونی بەهێز بەستراوەتەوە بە متمانە بە حکوومەت و بوونی دامەزراوەی شەفاف و دادپەروەر. کاتێک خەڵک باوەڕیان بەوە هەبێت کە یاسا سەروەرە و حکومەت بەرپرسیارە، یەکگرتوویی و دڵسۆزیی هاووڵاتییان بەرز دەبێتەوە.
ئەگەر ئەمانە هەبن، هاوڵاتییەک دروست دەبێت کە بە پارە ناکڕدرێت و بە هیچ فشارێک لەرزۆک نابێت. ئێمە نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات یان کێ براوە دەبێت، بەڵام یەک ڕاستی هەیە کە نابێت لەبیر بکرێت: هێزی هەر دەوڵەتێک بە چەک و سوپا دیاری ناکرێت، بەڵکو بە خۆڕاگری و دڵسۆزیی هاووڵاتییەکانی پێوانە دەکرێت.
هاوڵاتیی دڵسۆز بە پارە ناکڕدرێت و بە زۆر دروست ناکرێت؛ ئەوان لە ڕێگەی دامەزراوە مەدەنییە بەهێزەکان، یاسای دادپەروەر و پاراستنی مافەکانیانەوە دروست دەبن. تەنها لەو کاتەدا هاووڵاتی هەست دەکات کە بەڕاستی بەشێکە لە دەوڵەت، نەک تەنها ژێردەستەیەک.
لە کۆتاییدا، گەورەترین هێزی هەر دەوڵەتێک نە چەکەکانییەتی و نە تەنها باڵەخانەکانی—بەڵکوو هاووڵاتییەکانییەتی.