ماردین عبدالكریم
درامای(الست مونالیزا) یەکێک لە کارە ریالیستییە بەرهەمهینراوەکانی شەوانی رەمەزانی وڵاتی میسربوو بۆ ساڵی (٢٠٢٦)، ئەم درامایە چیرۆک و ناوەڕۆکێکی واقعی تا ئەپەری بە ئازاری هەبوو،هەر بۆیە لە تایتلی وتارەکەوە دەپرسم، ئایا درامای (الست مونالیزا) ئاوێنەی کۆمەڵگەی میسڕی یە؟!
لەراستیدا لەوانەبوو گەرخودی خۆم چەند جارێک سەردانی ئەو وڵاتەم نەکردبایە، بمگوتبایە نەخێر ئەمە تەنیا چیرۆکێکی خەیاڵییەو کراوە بەدراما، نەک ریالیستی هەر وەک ئەوەی لە پێشەکی دراماکەدا نوسرابوو، بەپێچەوانەی ئەو بیروبۆچونەی ئێستامەوە، کە دوای چەندین جار سەردانکردنی ئەو وڵاتە بۆچونێکی خراپم لەبارەی زۆر لایەنیانەوە هەیە.
لە رابردوودا هیچ دەوڵەتێک دراماکانی هێندەی دراماکانی وڵاتی میسربەهێزنەبوو، هەربۆیە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئێمەی کوردیش لە باکوری عێراق بینەری فیلم و دراماکانیان بوین و هەربەو هۆیەشەوە عاشقی بینینی ولاتی میسریش بووین، کاتێ بۆ یەکەمینجار دەچیتە سەردانی ئەو وڵاتە، کلتورو دابونەریت، هەژاری و نەداری، بێ کوالێتی ژیانی هاوڵاتییانی لە هەموو رویەکەوە سەرنجت رادەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەرعاشقی ئەو وڵاتەیت و هێشتا چاوت بەباشی وردەکارییەکان نابینی، بەڵام سێیەمین جار بوو کاتێ سەردانی ئەو وڵاتەم کردەوە ، ئەمجارەیان بەوردی و بەچاوی عاشقێکی سەردەمی مێردمنداڵی نا، بەڵکو بە چاوی رۆژنامەنوسێک سەیری وردەکاریی ژیانی دانیشتووانی ئەو وڵاتەم کرد، من وەک خۆم حەپەساوو ماق پەڕیوو بووم ، کە بۆچی وڵاتێک بەم شارستانییەتە دێرینەوە بەشێکی زۆری میللەتەکەی بەم شێوەیە دواکەوتووبن، ئەوەش راستە کە لە رێی دراماکانیانەوە زۆر لایەنی نامۆ خراوەتە روو، بەڵام هەقیقەتی نامۆوتاڵ لە واقیعی ئەو وڵاتەدا زۆر لەوە زیاترن.
دەگێرنەوەو دەڵێن سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان لە سەردەمی حوسنی موبارەک دا سەردانی میسر دەکات و لێی دەپرسێ وڵاتەکەتان بۆ وا پیسوپۆخڵە؟ لە وەڵامدا حوسنی موبارەک دەڵێ ئەو بینایەی بەرانبەرمان دەبینی، هەموو وڵاتەکەی تۆ دانیشتووانەکەی هێندەی ئەوەیە، بۆیە وڵاتەکەی ئێوە خاوێنە.
لەراستیدا کاتێ لەدوا سەفەرم گەڕامەوە زۆر بیرم لە نوسینی وتارێ کردەوە، کە تیایدا ئەمجارە بەپێچەوانەی وتارەکەی دوای یەکەمین سەردانم ، بڕیارمدا سەرجەم ناشرینییەکانی لەو وڵاتەدا کە لە میللەتەکەی بینیم بخەمە ڕوو، چونکە من بە نا خاوێنی شوکور بووم بەڵام دواجار هەروەک خۆشەویستییەک بۆ ئەو وڵاتەو سەرسامی رۆژانی گەنجی و دانیشتن وتێرامان بەدیار فیلمەکانی عبدالحلیم وسعاد حوسنی، حسێن فەهمی و مێرڤت ئەمین و دواتریش ءادل ئیمام ویسرا، چەندانیتر، ئەو بابەتەم پشتگوێخست ،کە سەیرکردنیان بۆ ئێمە تەنیا فیلمێ نەبوو، بگرە لەرێگەیانەوە شارەزای گەورەوبچوکی دابونەریت و کلتورو بیرکردنەوەکانیان، خەم و خۆشییەکانیان، نەبونییان بوین و لەگەڵ ئازارەکانیان، ئازارمان دەکێشا بەتایبەت، کە خۆشمان چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگەی کوردی زادەی تا رادەیەک هەمان دابونەریت و کلتوربوین و خەمەکانیشمان تارادەیەک هاوبەش بوو، بەو شێوەیە هێندە کاتمان دەدایە سەیری فیلمەکان زۆرجار باوکی رەحمەتیم پێیدەیگوتین دەرسی لێوەربگرن دەرس، هەر وەک فیلم بەدیارییەوە دامەنیشن فیلم ئاوێنەی واقیعی ژیانەو ئەوانەی لەو دراما یان فیلمانەدا ئەو رۆڵانە بەرجەستە دەکەن بە بینەر دەڵێن، ئەمانە وانەی ژیانن سودی لێوەربگرن، بەدڵنییاییەوە ئەو کات هەڵبژاردەی بەرهەمی زۆرتریشمان نەبوو.
ئا لێرەوە ئیترنەمتوانی لەبارەیانەوە نەنوسم، چونکە هەم نوسەری درامای (الست مۆنالیزا) لە تایتڵدا خۆی نوسیویەتی ئەم درامایە لە راستییەوە وەرگیراوە، هەم دنیا دیدەیەکی وەک باوکم کاتێ دەیگوت دراماو فیلمەکان تەنها چیرۆک نین وئاوێنەی کۆمەڵگەن، کاتێکیش ئەو هەموو تاوانەم بینی لەو درامایەدا رێک رۆژانی دوا سەفەرەکەی خۆمم بۆ ئەو وڵاتە بەبیر هاتەوە، کە چۆن بە هەموو شێوەیەک هەوڵی قۆڵبرین و پارە کێشانەوەیان دەدا.
بە پوختی و بەکورتی گەیشتمە ئەو بروایەی کە درامای (الست مونالیزا) بەراستی ئاوێنەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی میسڕییە بزانن چۆن ، گەورەترین ئەوکێشەیەی، کە ئەم درامایە لەدەوری دەسوڕێتەوە وسەرجەم کیشەکانی دروستکردووە تەنهاو تەنها پارەیە، گەنجێک رۆڵی خۆشەویستی دەگێرێ بۆ خانمێکی سادەوساکاری بێئەزموون، کە لە کۆندا دراوسێش بوون دەیخەڵەتێنێ و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات چونکە ئەگەر هەیە ئەوخانمە زەوییەکی بە میراتی لە دایکوباوکی کۆچکردوویەوە بۆبمینێتێەوە، ئاکام هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات و بەڵام (حەسەن) کە ناوی مێردەکەیەتی لە دراماکەدا، بۆ گەیشتن بە ئامانجە نایاسایی و ناشەرعییەکەی تاڵاو دەرخواردی (می عمر) دەدات کە رۆڵی مۆنالیزا دەگێرێ.
کۆی گشتی ئەم درامایە (15) زنجیرە بوو، تێیدا باس لەقۆڵبڕین ، فێڵ وهەڵخەڵەتاندن دەکات لە پێناو دەسکەوتنی پارە، هەروەها برا خیانەت لە خوشک دەکات بۆ پارە، ژن خیانەت لەخۆی دەکات و ژنێکی خاوەن سامان بۆ مێردەکەی دەهێنێ دیسان لەپێناو بەدەستهێنانی پارە، کوڕی گەنج زەواجی لەگەل ژنی بەتەمەن کردووە،تا ئۆتۆمبێلی جوان و ژیانی شاهانەی هەبێ بۆ پارە، کوڕ پارەی باوکی خواردووە و باوک توشی شەلەل بووە، بەهۆی پارە، دایک لەپشت کوڕەکەیەوە وەستاوەو فێری هەموو رێگە ناشەرعییەکانی دەکات بۆ بەدەستهێنانی پارە، بەڵام هەموی بەرێگەی نایاسایی و نە شەرعی.
ئەم درامایە دوا سەفەرمی بۆ ئەو وڵاتە بە بیرهێنامەوە، کە تەواو بێزارونارەحەت بووم ئاشکرایە، کە هەمووکات غەریب لەوڵاتێکیتردا، توشی قۆڵبڕین دەبێت، بەڵام هەرگیز پیشبینیم نەدەکرد کە باری دارایی خەڵک تا ئەو ئاستە خراپ بووبێت، بە جۆرێک بەرۆژی رووناک گەنج، پیر،منداڵ،کچ، کوڕ هەوڵی پارە لێخواردنت دەدەن، یان لەپڕ هات و هاوار بەرزدەبوویەوە، چی یە؟ لەوەڵامدا ( حرامی، حرامی) لەراستیدا بەرانبەر بە خۆیان و سەد جاریش زیاتر بەرانبەرگەشتیار خراپن، کە هەرگیز وەک گەشتیارێ نەتدەتوانی ئاسوودەبیت لەو وڵاتەدا، چونکە کۆیگشتی کێشەکانیان بەهۆی خراپی کوالتیی ژیانیانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بڵیم ئەم بیروبۆچونانە بۆ گشت چینوتوێژەکانە، بەڵام بەدڵنییاییەوە بۆ رێژەیەکی زۆرە.
لەوانەیە هەندێ کەس کاتێ ئەم بابەتە دەخوێننەوە بڵێن ئەم حاڵەتە لە هەموو دنیاو لە هەموو ئان و زەمانێکدا هەبووە، منیش دەڵيم باشترە خۆتان هەم درامای( الست مونالیزا) ببینن و هەم سەردانيکی وڵاتی میسر بکەن، بەڵام تکایە بەتەواوی چاوکراوەبن.

