د. خالیدە خەلیل
دۆسیەی ڕەوەندی کوردستانی لەم ساڵانەی دواییدا وەرچەرخانێکی جۆریی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرکردایەتیی کورد لەم قۆناغە هەستیارانەی، کە پرسی کورد پێیدا تێدەپەڕێت، بایەخێکی تایبەت و زۆری پێ دا. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک مەسعوود بارزانی هێژا “شیفا بارزانی” بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیە زیندووە ڕاسپارد؛ ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کە ئاستەنگە سیاسییەکان و پێویستیی یەکخستنی ڕیزەکان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە دەرەوەی کوردستان هاوکاتن. ئەم ڕاسپاردنە گوزارشت لە دیدگایەکی ڕوون دەکات، کە ڕەوەندی کورستانی بە درێژکراوەیەکی سروشتیی کوردستان و کۆڵەکەیەکی گرنگی پاڵپشتیکردنی کاروانەکەی دادەنێت.
سەرۆک مەسعوود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردی لە تاراوگەدا، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی بوونی کورد لە سەردەمی گۆڕانکارییە گەورەکاندا. لەم ڕوانگەیەوە، کارکردن لەگەڵ ڕەوەندی کوردی بەرەو شێوازێکی دامەزراوەیی ڕەسەنتر و بەردەوامتر هەنگاوی ناوە، کە لەسەر بنەمای پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و هەماهەنگیی کارا داڕێژراوە، بەو ئامانجەی پێگە و ڕۆڵی ڕەوەند لە خزمەتکردنی کوردستاندا بەهێزتر بکرێت.
دوای ئەو پاڵپشتییە ڕاستەوخۆیەی کە ئەم دۆسیەیە بەدەستی هێنا، جووڵەیەکی ڕوو لە گەشە هاتە ئاراوە کە بەشدار بوو لە چەسپاندنی پردەکانی متمانە و بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا؛ ئەمەش لە چوارچێوەی دیدگایەکی ڕوونتر و ڕێكخراوتر بۆ ڕۆڵی تاراوگە لە خزمەتکردنی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. ئەم وەرچەرخانە بە ڕوونی لە فراوانبوونی چالاکییە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگی دایەوە، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا کە بووەتە یەکێک لە دیارترین مەیدانەکانی ئامادەیی کورد لە ئەورووپا؛ بە جۆرێک شارەکانی ئەو وڵاتە میوانداریی گردبوونەوەیەکی گەورەیان کرد کە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانی کۆکردەوە، لە دیمەنێکدا کە گوزارشتی لە پێگەیشتنێکی پێشکەوتوو و بەرزبوونەوەی هەستی یەک-چارەنووسی و بەربرسیارێتی بەرامبەر بە داهاتووی کوردستان دەکرد.
گەشەسەندنی ئەم ئامادەییە، گوزارشت لە هۆشیارییەکی پێشکەوتوو دەکات سەبارەت بە گرنگیی ڕەوەند لە پشتگیریکردنی دۆزە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. ئەزموونە جیهانییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ڕەوەند کاتێک خاوەنی دیدگایەکی هاوبەش بێت و لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی ڕووندا کار بکات، دەگۆڕێت بۆ هێزێکی فشاری سیاسی، ئابووری و میدیایی کە توانای کاریگەریی لەسەر هاوسەنگییەکانی بڕیاردان هەیە.
لەو نێوەندەدا، ئەزموونی ئەرمەنی نموونەیەکی دیارە بۆ کاریگەریی فشاری سیاسیی ڕێکخراو؛ ڕەوەندی ئەرمەنی لە ڕێگەی لۆبییە کاریگەرەکان و دامەزراوە توێژینەوەیی و کولتوورییە چالاکەکانەوە توانییان دۆزە مێژووییەکەیان بخەنە ناو کارنامەی دەوڵەتە زلهێزەکانەوە. ئەزموونی ئێرلەندیش توانای ڕەوەندی بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر ڕێڕەوەکانی ململانێ و ئاشتی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتییەوە نیشان دا. سەبارەت بە ئەزموونی هیندیش، ئەوەی سەلماند کە تواناکانی کۆچبەران دەکرێت ببێتە بزوێنەرێکی ڕاستەقینەی گەشەپێدان و ئابووری. لە دۆسیەی فەلەستینیشدا، ڕەوەند توانیویەتی ئامادەیی دۆزەکەی لە ناو میدیا، زانکۆ و ناوەندەکانی بڕیارداندا بپارێزێت. هەروەها ئەزموونی جوو وەک نموونەیەک بۆ بەکارهێنانی تواناکانی ڕەوەند پێش دامەزراندنی دەوڵەت باس دەکرێت، کە تێیدا بونیادنانی سیاسی و ئابووری لە دەرەوە، پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت کەوت، ئەمەش ڕەوەندی کردە ئامرازێکی دامەزراندن و دروستکردنی واقیع.
گرنگیی ئەم نموونانە لەوەدایە کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕەوەندەکان کاتێک لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو و ستراتیژێکی ڕووندا کار دەکەن، دەبنە هێزێکی وەها کە دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن و پاڵپشتی ئابووریی نیشتمانی بن، هەروەها وێنە و تێڕوانینەکان بەرامبەر بە دۆزەکە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و توێژینەوەدا ڕاست بکەنەوە، سەرەڕای فشارخستنە سەر ناوەندەکان بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دادپەروەرانەتر. چونکە ڕوونیی دیدگا کاریگەری بەرهەم دەهێنێت، و یەکڕیزیی ڕیزەکانیش شەرعییەت و هێز دەبەخشێت.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان لە تاراوگە لەسەر ئاستی هەموو کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە، وەک بژاردەیەکی ستراتیژی لەم قۆناغەدا دەردەکەوێت. چونکە پەرتەوازەیی تواناکان پەرش و بڵاو دەکاتەوە، لە کاتێکدا کاری پێکەوەیی قورساییەکی سیاسی و مەعنەویی گەورەتر دەبەخشێت و وێنەی کۆمەڵگەیەک نیشان دەدات کە هەوڵ بۆ پاڵپشتیکردنی کوردستان دەدات بە هەموو فرەچەشنییە نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکەیەوە.
ڕەوەندەکان دەستیان کردووە بە هاوێشتنی هەنگاوی گرنگ لەم ئاراستەیەدا، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزراوە مەدەنییەکان و سەنتەرە کولتوورییە کۆکەرەوەکان و بەشداریی کارا لە ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتانەی لێی دەژین. هەروەها نەوەیەکی گەنج دەرکەوتووە کە لە ئەورووپا لەدایکبوون و لە نێوان پاراستنی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و تێکەڵاوبوونێکی هۆشیارانە لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێدا کۆدەکەنەوە؛ ئەم نەوەیە خاوەنی ئامرازەکانی کاریگەرییە بە زمانی ئەو وڵاتانە، ئەمەش ئاسۆیەکی فراوانتر دەکاتەوە بۆ گواستنەوەی دۆزی کوردستان بۆ ناو فەزا ئەکادیمی و میدیاییەکان و بۆ لای بڕیاردەران بە ڕۆحێکی پیشەیی و کاریگەر.
ئەو ڕۆڵەی لە کوردانی ڕەوەند چاوەڕوان دەکرێت، تەنها لە چالاکی و هەڵوێستە هاوسۆزییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەگاتە ئاستی بونیادنانی دیدگایەکی ستراتیژی کە لە نێوان ئامادەیی جەماوەری و کاری دامەزراوەیی ڕێكخراودا کۆدەکەنەوە. بەهێزکردنی ژنان و گەنجان، چەسپاندنی دامەزراوەکان، بونیادنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، گرێدانەوەی وزە ئابوورییەکان بە نیشتمانەوە لە ڕێگەی پڕۆژە ڕاستەقینەکانی گەشەپێدان؛ هەموو ئەمانە ئەو ڕەگەزانەن کە ڕەوەند دەکەنە هاوبەشێکی کارا لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی کوردستان و بەهێزکردنی گەشەسەندن و بووژانەوەکەی.
ڕەوەند هێزێکی زیندوو و قووڵاییەکی ستراتیژییە کە پێگەی کوردستان لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێز دەکات، هەر کاتێک وزەکانی لە چوارچێوەی دیدگایەکی ڕوون و ئامانجی دیاریکراودا ڕێکبخرێن. یەکڕیزیی کورد و کوردستانییان لە دەرەوە، بە مانای یەکخستنی هەوڵەکان دێت بە ڕۆحی تەواوکاری و کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا، کە خزمەت بە پرسە چارەنووسسازەکان بکات و وزەکانی ڕەوەند بگۆڕێت بۆ هێزێکی کاریگەر و بزوێنەرێکی ڕاستەقینە بۆ ئامادەیی کوردستان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

