عومەر چنگیانی
بیرهێنانەوەی ئەم بابەتە فیقهییەیانەی کە زووتر بڵاوم کردوونەتەوە، سەرباری لایەنە پەرستشاوی و عیبادییەکەی، لە هەلومەرجی ئێستادا کە وڵاتمان لەژێر بارێکی نالەباری ئابووریدایە، گرنگیی خۆیان هەیە و، وەک ئەوکات نووسیومە دەیڵێمەوە: (سەرەتا با لەوە تێبگەین گەرچی هەندێك كەس جیاوازی لە نێوان خێر “صدقە” و زەكات و سەرفترەدەركردن نازانن و وەك یەك تەماشایان دەكەن، بێئاگان لەوەی كە زەكات ئەركە و خێرکردن چاکەیە، بە پێویستییەكی ئایینیی دەزانم ئەم بابەتەتان بخرێتە بەر دید.
زەكات لە زمانی عەرەبیدا: واتە زیادكردن و گەشەكردن و پیرۆزی و فەڕ و پاككردنەوە. (1)
سەدەقە (خێر) لە زمانی عەرەبیدا: لە وشەی سیدق و ڕاستێتییەوە وەرگیراوە كە دەبێتە بەڵگەی ڕاستێتی دەركەرەكەی و لەبەر خوا دەیکات. (2)
زەكات وەك دەستەواژەیەكی ئایینی و شەرعی: زەکاتدەرکردن، خۆنزیكخستنەوەیە کە لە خوا گیان و جۆرە خواپەرستیەکە؛ زەکاتەکەش بۆ ئەوانەیە كە پێی شایانن و خوا دەستنیشانی كردوون.
بەڵام سەدەقە خۆنزیككردنەوەیە لە خوا بە خەرجكردنی سامان بەبێ ئەوەی شەرع بە پێویست و واجبی زانیبێ، جاری وایش دەبێت زەكات و سەدەقە بۆ یەكدی بەكار دێنرێن.
جیاوازیەكەی سەدەقە و زەكات:
یەكەم/ زەكات بەپێویست كراوە لە چەند شتێكی دیاریكراودا؛ وەك زێڕ و زیو و كشتوكاڵ و بەروبووم و ماڵی بازرگانی و، چوار چەشنە ئاژەڵ: وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن.
وەلێ سەدەقە بە پێویست نەگێڕدراوە لە شتێكی دیاریكراو و سنووردار، لە هەر شتێكدایە كە بگونجێت بكرێت بە خێر.
دووەم/ زەكات پێویستە ئەندازەكەی گەیشتبێتە ئەندازەی دیاریكراو (نیساب)؛ ئەندازەی دەركردنەكەیشی دیاریكراوە و دەبێ ساڵێکیشی بەسەردا تێپەڕبێت.
بەڵام سەدەقە هیچ مەرجێكی بۆ دیاری نەكراوە بەپێی توانست و ویستی خاوەنەكەیەتی. كەی و چەند بیەوێت دەبەخشێت.
سێیەم/ زەكات وەك لە ئایەتی شەستی سوورەتی ‘بەرائەت’ـدا دیاری كراوە دەدرێت بە هەشت چین؛ كە لە دوو بازنەدا جێیان دەبێتەوە، بازنەی یەكەم بە خۆیان دەدرێت و بازنەی دووەمیش دەدرێتە ئەو دەزگایانەی كە دەبێ خەرجیان بكەن بۆ ئەو چواربەشەی كە دیاری كراوە و، لەو هەشت چینە بترازێت، زەکاتی پێ ناشێت؛ وەکچۆن دەفەرمێت:
“بە ڕاستی زەكات بۆ هەژار و کەمدەست (مسكێن)ـە و، بۆ ئەو كەسانەیە كە دەوڵەت ڕایسپاردوونە زەكات کۆ بکەنەوە. بۆ تازەمسڵمانێکە دەشێ دڵنەوایی بکرێت؛ بۆ ئەو بەندە و كەنیزەكانەیە وا دەیانەوێت خۆیان بكڕنەوە لە ئاغاكانیان؛ هەروابێتەوە لەپێناوی ئەو كەسانەیشە وا قەرزارن و، لە ڕاهی خوا و، بۆ رێبوارێکی داماوە؛ ئەمە فەرزی خوایە و لەلای خواوەیە؛ خوا زانا و دانایە.”
بەڵام سەدەقە دروستە بدرێ بەوانەی لە ئایەتەكەدا ناویان هاتووە و بە خەڵكی تریش.
چوارەم/ گەر كەسێك مرد و قەرزاری زەكات بوو و نەیدابوو، میراتبەرەكانی دەبێ لە میراتەكە دەریبكەن و پێش وەسیەت و میراتبەر دەخرێت.
وەلێ سەدەقە وا نییە و هیچ پێویست نییە كە لە ماڵە جێماوەكەی بۆی بكرێت.
پێنجەم/ ئەو كەسەی زەكات نەدات، خوا سزای دەدات؛ چەندین دەقی دروست لەو بارەیەوە هاتووە، وەلێ لەسەر خێرنەكردن كەس سزا نادرێت.
شەشەم/ بەپێی بۆچوونی هەرچوار مەزهەبە سونییەكەی ئیسلام دروست نیە زەكات بدرێت بە ڕەگ و بە لقوپۆپی مرۆڤ، واتە زەكات نادرێت بە دایك و باوك و نەنك و با و كوڕ و كچ و نەوە، بەڵام خێر دروستە بدرێت با بەوانیش بێت.
حەوتەم/ دروست نییە زەكات بدرێ بە زەنگین یان هەژارێك توانای كاركردنی هەبێت وەك لە دەقی فەرموودەیەكدا هاتووە دوو پیاو لە كاتی حەجی ماڵاواییدا هاتوونەتە لای پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، كە لەو كاتەدا ئەویش سەیری كردن و روانیە باڵایاندا، بینیی توانا و بەهێزن فەرمووی:
“گەر حەز دەكەن بەشتان دەدەم وەلێ ئەم زەكاتە بەشی زەنگین و بەتوانستێکی پێوە نییە كە بتوانێ كاسبی بكا” (3)؛ وەلێ سەدەقە دروستە بدرێت بە زەنگین و بە كەسێكیش بتوانێ كاسبی بكات.
هەشتەم/ باشتر وایە زەكات لە زەنگینی هەر وڵات و دەڤەر و ناوچەیەك وەربگیرێت و بدرێت بە هەژار و خاوەن پێداویستی هەمان جێگا و نەگوێزرێتەوە بۆ شوێنێكی تر، مەگەر لەبەر بەرژەوەندیەکی شەرعی. وەلێ خێر وانیە دەدرێ بە نزیك و بە دوور.
نۆیەم/ دروست نییە زەكات بدرێت بە بێبڕوا و خوانەناس و هاوەڵ بۆ خوا دانەر، وەلێ سەدەقە دروستە بدرێت بەوانەیش؛ وەك دەبینین لە هەشتەمین ئایەتی سوورەتی ‘ئینسان’ـدا بە بڕواداراندا دەڵێ و دەفەرمێت:
“لەگەڵ خۆشەویستیشیان بۆ سامان و پێویستیشیان پێی، دەیبەخشنە هەژاری كەمدەست و دەسنەچووگ و سێوی (بێباوك) و دیل.”
وەك ئیمامی قورتوبی دەفەرمێت: لە نێو مسوڵمانادا مەگەر گیراو و دیل ئەگەر هەبێت كەسێك هەیە بەدەر لە بێبڕوا كە لە جەنگدا گیرابێت.”
دەیەم/ دروست نییە پیاو زەكات بدات بە ژنی خۆی وەلێ دروستە خێری پێ بكەیت.
لە كۆتاییشدا ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە وشەی سەدەقە بۆ هەر چاكەیەك بەكاردەهێندرێت و لەفەرموودەدا هاتووە “هەر هەموو چاكەیەك خێرە”.
تێبینی:
ئەم بابەتەم لە وێبسایتی “الاسلام سۆال وجواب” وەرگرتووە كە ژمارەی فەتواكە “9449”یە و لە ٢٣/١٠/٢٠٠٢ـدا بڵاو كراوەتەوە و بەدوداچوونیشم بۆ كرد.
هەندێك ئادابی زەكاتی سەرفترە
وەك یارەكان بۆمانی باس دەكەن، پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، زەكاتی سەرفترەی دەستنیشان كردووە و دەفەرمێت: “ساعێك خورما، یان ساعێك جۆ، بە پێویست گێڕراوە، بۆ زەكاتی سەرفترەی هەر مسوڵمانێك، ئەو كەسە ئازاد بێت، یان بەندە، ژن بێ یان پیاو، گەورە بێ یان بچووك؛ هاوكات فەرمانیشی داوە كە بەر لە چوونی مسوڵمانان بۆ نوێژی جەژن بدرێت”. وەك لە هەندێ دەقی تردا هاتووە، دەبێ هەركەس لە كوێ جەژن دەكات لەوێیش زەكاتی سەرفترەكەی خۆی بدات. كە ئەم دەقە پیرۆزە و ئەوانەی لەم بارەوە هاتوون، لە كۆن و نوێدا بوونەتە جێگەی فتوای لێكجودای زانایانی ئیسلام، هەیانە دەڵێن: دەبێ مرۆڤ هێندە پابەند ببێت بە دەقەكەوە، خورما یان جۆ زێدەتر نەدات، یان كەشك وەك لە هەندێك دەقی تردا هاتووە. هاوكات هەندێكی تر لە زانایان وا بۆ بابەتەكە دەچن، كە هەردەم ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی هەژاران لە هەموو شت لەپێشترە، ئەڵبەتە بۆ ئەم بۆچوونەیشیان، پەنا بۆ چەند دەقێك دەبەن؛ بۆ نموونە: لە سەردەمی پێغەمبەردا، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، کەسانێک نێررابوون بۆ وڵاتی “یەمەن”، كە زەكاتی ئەوێ كۆ بکەنەوە؛ زەكاتەکەی یەمەن، هەندێ كراسی تێدا بوو كە بۆ خەڵكی مەدینە نەدەبوو، یارەكان لەوێ دەچوون دەیانفرۆشتنەوە و لە مەدینە شتی تریان پێ دەكڕیەوە؛ لێرەشدا دەفەرموون: “ئەگەر بەرژەوەندیی هەژاران ئەگەر لە پارە و دراوپێداندا بوو، بایی ئەو ساعە خۆراكە، دراوی بەڕەواج دەدرێت بە هەژاران.”
پەراوێز:
(1) لسان العرب (14 / 358)، فتح القدير (2 / 399)
(2) فتح القدير (2 / 399)
(٣) رواه أبو داود (1633) والنسائي (2598)؛ والحديث: صححه الإمام أحمد وغيره. وانظر: تلخيص الحبير (3 / 108)

