رۆژنامەی ھەولێر

لە ساڵرۆژی جیهانیی ژناندا مافی دەنگدان بۆ ژنان، دەستکەوتێکی جیهانیی وخەباتی بەردەوام

ماردین عبدولكەریم
کاتێ قەڵەم دەخەیتە سەرکاغەزو دەتەوێ لەبارەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە بنوسی، لەبەرانبەر دڵخۆشیی بە دەستکەوتەکانی و سووربوون لەسەر بەردەوامبوون بۆدرێژەدان بە خەبات، زۆرجار شەرم داتدەگرێت، کە لە وەها رەوشێکی ئاوهادا،کە دڵەکان هێندە ئازاردراون، نازانیت خەمباربیت یان دڵخۆش، ئیدی لە خۆت دەپرسیت ئایا کاتیەتی باسی مافی ژن ودەسکەوتەکانی یان یەکسانی و جیاکاریی بکەین؟

لەڕابردوودا ئەوتەنها دێڕەی لەبارەی تابلۆکەی مۆنالیزاوە دەمانزانی هەرئەوەندەبوو، کە دەمانوت کەس نازانێ ئاخۆ پێدەکەنێ یان دەگری، خەمبارە یان دلخۆش، کەچی وا ئەمڕۆ زۆربەی هەرەزۆری تاک لەنێو جەنجاڵی ئەم ژیانە نەگریسەدا، نازانێت پیبکەنێ یان بگری، چونکە هەموو رۆژێ بەخەم و بەژارەیەکی نوێوە، رۆژەکەمان دەستپیدەکەین و بگرە هەرئیستا لەورستەیەش پەشیمانم، کەنوسیوم(رۆژەکەمان دەستپێدەکەین) چونکە ئێستا وایلێهاتووە، کە هەندێ جار شەو بەهۆی مووشەکباران و درۆنبارانەوە ناخەوین تا رۆژێکی نوێی پڕنەهامەتی دەستپیبکەین، هەربۆیە لەچوارچێوەی ئەم هەموو جەنگوپێکدادان و کوشتن و لەناوبردنەی ئەمڕۆ ناوچەکەمانی گرتۆتەوە، هەندێ جار دڵ نایهێنێ، باس لەیادو بۆنەکان بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لەوبۆنانەی، کە بەتایبەتی لەم مانگەدا هاتوون یان دێنە پیش، هەمووی یادی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئاینیی و مرۆیین و ناکرێ و نابێ نادیدەبکرێن.
لەراستیدا لەکاتی نوسینی ئەم وتارەدا، کە تایبەتە بەیادی رۆژی جیهانیی ژنان، جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئیران بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە وەک هەمیشەش هەرێمی کوردستان یان راستترە بڵێم کوردستان چەقی مەیدانی یەکلایکردنەوەی جەنگە بەوەکالەت یان راستەوخۆکان بووە. لەم میانەیەدا خەباتی سیاسی کورد، خەباتێکی مەزنە، بڕیارە تا سەربەخۆی تەواوی کوردستان وچانی نەبیت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ژنان لە قۆناخی سەختی شاخدا بەشداریی ڕاستەوخۆو کارای خەباتی سیاسی نەتەوەکەیان بوون، بەڵام لە خەباتی مەدەنیدا زۆرجار لەلایەن رەگەزی بەرانبەرو دەسەڵاتی سیاسییەوە ناهەقی ونادادییان بەرانبەردەکرێت، بەوەی تاڕادەیەکی زۆر رێگرییان لێکردەکرێت بۆ بەشداری راستەقینەی سیاسی لەدەسەڵاتە باڵاکانی وڵاتدا.
لە ساڵیادی خەباتی نەپساوەی ژناندا، دوور لەنەهامەتییەکانی رۆژگار، ژنان دەتوانن دڵخۆشبن بەودەستکەوتانەی کەلەسایەی شۆڕشی بێوچانیاندا بەدەستیان هێناوە،هەرچەندە ناتوانین نکۆڵی لەوەبکەین، کە هێشتا بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لەجیهاندا بەگشتی و لەوڵاتانی دواکەوتوودا بەتایبەتی، زۆر هەنگاوی گرنگی ماوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی جۆری ماف شێوازی بەدەستهێنانی ماف لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازەو لە خودی وڵاتێکیشدا لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، بەڵام هەروەک چۆن ژنان لەسەرلەبەری جیهاندا خەمی هاوبەشیان هەیە دەکرێ لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بێ دەستکەوتەکان بەهی هەموو ژنان بزانرێت.
لەم وتارەدا تەنیا تیشک دەخەینە سەردەستکەوتنی مافی دەنگدان، کە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم وسەرەتای سەدەی بیستەم، هیچ وڵاتێ نەبوو لە جیهاندا مافی دەنگدانی بەژنان دابێ، بەڵام وەک یەکەم وڵات نیوزلاند لەساڵی 1893دا مافی دەنگدان، نەک کاندید بونی بەژنان دا، وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپیش فنلەندا مافی دەنگدان و کاندید بونیشی لە ساڵی 1906 بە ژنان دا،بەدوایاندا وڵاتانیتری ئەوروپا هاتنە مەیدان، وڵاتە یاکگرتووەکانی ئەمریکاش لە ساڵی1920 ئەم مافەیان بە ژنان دا، لەنێو وڵاتانی عەرەبیشدا سوریا 1949 وەک یەکەمین وڵاتی عەرەبی مافی دەنگدانی بە مەرجی داوەتە ژنان، کە هەبوونی بروانامەی سەرەتایی یەکێک بووە لەو مەرجانەو دواتریش لە ساڵی ١٩٥٣ دا ئەم مافە بە تەواوەتی درا، هەربۆیە زۆر کات وڵاتی لوبنان خۆی بە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی دەزانێ بەوەی لە ساڵی ١٩٥٢ئەو مافەی بە ژنان داوە،بە دڵنیاییەوە میسریش وەک وڵاتیکی مێژوویی لە ساڵی ١٩٥٦ دا ئەو مافەی داوەو دوا وڵاتی عەرەبیش کە وڵاتی سعودییەیە لە ساڵی ٢٠١٥ دا بە ناچاری ئەو مافەی دا.هەروەها ناکرێ و نابێت باس لەدەوڵەتی عێراق نەکەم کەئەویش لەساڵی 1980 بۆیەکەمین جار مافی دەنگدان وکاندیدبونی ژنانی لەیاسای نوێی هەڵبژاردندا چەسپاند.
بەو شێوەیە خەباتی ژنان لەپیناو بەدەستهێنانی مافی دەنگدان لەنیوان یەکەمین و دواهەمین دەوڵەتی عەرەبی زیاتر لە(60)ساڵی ویستووە.
سەبارەت بەو خاتونانەی کە لە نێو نەتەوەی عەرەبدا بونەتە سیمبول و بەشداریی کارایان هەبووە لە خەباتی ژناندا، نمونەی هودا شعراوی، نوال سعداوی، می زیادە، فاتمە مەنیسی، مریم بن عبدللە و چەندانیترهەن،کە خەباتیان لەوپێناوەدا کردووە.
تایبەت بە نەتەوەی کوردیش دەکری خانمانی کورد زیاتر لە ژنانی نەتەوەی عەرەب یان تەنانەت ئەوروپی و ئەمریکیش شانازی بە میژووی خەباتی خۆیانەوە بکەن لەبەدەستهێنانی مافەکانیان بەهۆی بارودۆخی سەختی سیاسی نەتەوەکەیانەوە لە نەبونی دەوڵەت سەرباری هەبونی کۆتوبەندی توندی کۆمەڵایەتی، چونکە کۆمەڵگەی کوردیش کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتییە و تا رادەیەکی باش خاوەن کلتوری کۆمەڵایەتی کۆن و چەقبەستووەوهەربۆیە لەچوارچێوەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ژنان وەک هاوڵاتی ژمارە دووبەدەست هەموو ئەوکیشەو گرفتانەوە دەناڵێنن، کە لەسەرجەم کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکاندا بونی هەیە، وەک هاوسەرگیری پیشوەخت و خەتەنەکردنی کچان و، هاوسەرگیری زۆرەملێ و کوشتن لەپیناوی شەرەف و فرەژنی و سەپاندنی هەندێ ئەرک بەهۆی رەگەز، بەکۆی گشتی لە نایەکسانی و جیاکاری رەگەزی، کاریگەرییەکانی دین و دواکەوتوویی کۆمەڵگە بەدەرنییە، لە ئێستاشدا رێگری بەشداریی راسەقینەی سیاسیبونی هەیە،بەڵام هیشتا زۆریی ژمارەی ئەوژنانەی، چ لە مێژووی کوردا بوونەتە سیمبول و جێی شانازین وەک مەستورەی ئەردەڵانی و عادیلەخانم و حەپسەخانی نەقیب و خانزادی میری سۆران و چەندانی تر، کە جێگرەوەی باوک و برابوون لەبەڕێوەبردنی ئەمارەت و فەرمانڕەوایەتیەکاندا، چ ئەو ژنانەی کە ئەمرۆ پێشەنگن لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەت بە بزوتنەوەی ژنان دەکەن .
کەواتە لە ساڵرۆژی جیهانی ژناندا دەتوانین سەرباری نەهامەتییەکان، سەرباری کوشتن یان خۆکوشتن و رێگری بەشداریی سیاسی و خۆسوتانی ژنان، دەکری بەدەستکەوتەکان دڵخۆش بین، دڵخۆشبین بەوەی، کە لە ئێستادا دەوڵەتێک نەماوە، کە تیایدا ژنان بێبەش بکرین لەمافی دەنگدان، جگە لەو وڵاتانەی هەر لەبنەڕەتدا باوەڕی بە پەرلەمان و دەنگدان و پرۆسەی دیموکراسی مافی ژنان هەرنەبێت بە نمونەی ئەفغانستان.
لەم ساڵیادەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنان دەکەم، هیواخوازم دەستکەوتەکان مکوڕترمان بکات بۆ بەردەوامبوون لەسەر شۆڕش و خەباتەکەمان و نەوە دوای نەوە، نامەی کارمان رادەستی یەکتربکەین.