سەدیق سەعید ڕواندزی
چێژوەرگرتن لە هەر دەقێكی ئەدەبی، كە چالاكییەكی هزری و ئستاتیكییە، كارێكی ڕیژەییە و دەشێ ئەوەی لای خوێنەرێك مایەی چێژ بێت، لای خوێنەرێكی دیكە نا، ئەمەش بۆ سرووشتی خوێنەر و ئەو جیاواز كەوتنەوەیە دەگەڕێتەوە، كە لە پەیوەندی و تێڕوانینی خوێنەر بۆ دەقی ئەدەبیدا دروست دەبێت، بەڵام گەلێك جار دەقێكی ئەدەبی یان ڕۆمانێك، جۆرێك لە چێژی هاوبەشانە دروست دەكات، بەو مانایەی هەمووان وەك خوێنەر چێژی لێ دەبینن، كە ئەمەش تێپەڕاندنی سنووری جوگرافیانەی دەقە، لە ئاستی نەتەوە و نیشتماندا، وەك ئەوەی لە بەرهەمەكانی شكسپیر، یان دۆستۆیڤسکی یان دەبینرێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، كە ئایا ئێمە دەتوانین كۆی دەق لە چێژدا كورت بكەینەوە؟ بێگومان نەخێر، ڕەنگە چێژ دوایین بەركەوتەی هەستی بێت خوێنەر لە ڕێی زمانەوە لە دووتوێی دەقدا بەری بكەوێت، چونكە دەبێ تێڕامان و گومان و پرسیار و لێكدانەوەی واتایانە و شاراوانە لە دەقدا بكرێنە پێوەر. چێژ بەشێكی سەرەكییە لە دەقی ئەدەبی و لە شیعریشدا بە تایبەتی، بەڵام هەموو دەق لە چێژدا بە تەنها كورت ناكرێتەوە، هیچ شتێك هێندەی گەڕان بە دوای چێژی نووسیندا دەق لە مردن نزیك ناكاتەوە، چونكە كردەی چێژوەرگرتن، پرۆسیسێكی هەستەکییە لەوەی هزرەکی بێت، هەستەكانیش بە سروشتی خۆیان ڕاگوزەر و كورتمەودان و لە كاتی ئەزموونكردنیان ئیدی ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕەی نێوان مرۆڤ و شتەكان ناهیڵێت، بۆ نموونە: ئێمە هەر ئەو كاتە چێژ لە خواردنێك وەردەگرین كە دەیخۆین، بە خواردنی، ئەوا كۆتایی بە چێژەكەش دێت! دەشێ لە شیعریشدا هەروا بێت، كە ئەمەش دەق بە رووی فرەواتایی دادەخات. پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ دەقدا لێرەوە كۆتایی پێ دێت و بەمەش شیعر ناتوانێت، شوێن و زەمەنەكان ببڕێت و بەردەوامی بە خۆی بدات. كاتێ شیعر بە تەنها لە چێژدا كورت دەكرێتەوە وەك ئەوەی لە نێوەندی ئەدەبی ئێمە و لای خوێنەران بەگشتی باوە، ئیدی بوارێك بۆ هزراندن و ڕامان و گەڕان بە دوای واتاكانی شیعردا نامێنێت، چونكە چێژ لێرەدا مەبەستە، هەر ئەمەشە وای كردووە بە ڕێژەیەكی بەرچاو، خوێنەری سادە و چێژاوی لە نێوەندی ئەدەبی ئێمەدا دروست ببێت، كە بڕوای وایە شیعر ئەوەیە كە بۆ نموونە لای شاعیرێكی وەك تەلعەت تاهیر هەیە، بەڵام ئایا بوارێك لە شیعری ئەودا هەیە، كە خوێنەر تیایدا بیر بكاتەوە و گومان بكات؟ بێگومان نەخێر، چونكە گوتن و تێگەیشتن لە شیعرەكەدا بە یەكەوە دروست دەبن، بەڵام بە نموونە لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا، گوتنی شیعریانە هەیە، بەڵام تێگەیشتنی شیعریانە لای خوێنەر لەگەڵ شیعرەكەدا نایەت، كە لە ڕاستیدا هەر ئەمەشە كرۆكی شیعر. شیعر مانایە لە دووتوێی زماندا و هەر كاتێكیش خوێنەر نەیتوانی بە مانای شیعری بگات، ئیدی پەیوەندی ئەو لەگەڵ شیعر كۆتایی نایەت، بەڵكو بە كراوەیی دەمێنێتەوە، بەدەر لەوەی چێژ لێرەدا دەكرێتە پێوەر یان نا؟ چونكە نە لای شاعیر، نە لای خوێنەری هۆشیاریش، نووسینی شیعر و خوێندنەوەی شیعر تەنها بۆ چێژ نین. لەلایەكی دیكەوە ئایا ئێمە دەتوانین هەموو شیعرێك، بە پەیوەندی چێژوەرگرتن بخوێنینەوە؟ ئایا دەكرێ لاوكی هەڵەبجە، دەربەندی پەپوولە، گۆڕستانی چراكان، لە ڕوانگەی چێژی شیعرییەوە بخوێنینەوە؟ بێگومان نەخێر، چونكە لە بنەڕەتدا لەو شیعرانەدا مەبەست چێژ نییە، بەڵكو پەیامێكی شاراوەتر هەیە. بۆیە بۆ خوێنەری ڕاستەقینەی شیعر، دەبێ چێژ دوایین شت بێت لە شیعردا كە بیری لێ بكاتەوە.

