شێرکۆ حەبیب
ماوەی چەند مانگێکە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوەکو ئیستا هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت سستە، ئەگەر چی هەندێ هۆکار هەن کەوا بووە هۆی ئەم دواکەوتنە، هەڵنەبژارندنی سەرۆککۆمار هۆکارێکە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنە کوردییەکان نەکراوە، کە کەسێک بە کۆدەنگی دەست نیشان بکەن، ئەم پۆستە بەرکەوتەی سەرجەم کوردە بۆیە مەرج نییە لە لایەن حزبێکی دیاری کراو بێت، بۆیە گرنگە هاودەنگی کورد لەسەر ئەو پۆستە هەبێت و یەک دەنگی پێگەی کورد بەهێز دەکات.
لە لایەکی دیکەوە دژایەتیکردنی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دژی کاندید کردنی نوری مالیکی هۆکارێکی دیکەی ئەم دوا کەوتنەیە، و ئەومەش نێو ماڵی شیعە پەرتەواز کردووە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ساتە وەختێک ناوچەکە ئارام بوو تا رادەیەک، بەڵام هەوڵەکان سەریان نەگرت، ئایا لەم کات و ساتە پڕ لە گرفت و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و گرژی ناوچەکە و ناکۆکی لایەنە عێراقییەکان، دەتوانن حکوومەت پێکبهێنن؟
ئەگەر حکوومەت لەم ماوەیە پێک نەهێنرا سینارۆیەکان چ دەبن؟ ئایا ئەم حکوومەتە بەردوام دەبێت؟ کە توانای هەموو بڕیارێکی نییە، چونکە حکوومەتی کاربەڕێکەرە، واتە هەموو دەسەڵاتێکی نییە، ئایا هەڵبژاردنێکی دیکە دەکرێت؟ کە ئەمەش مەحاڵە چونکە بارودۆخەکەی گونجاو نییە و دووەم کۆمیسێونی سەربەخۆی هەڵبژاردن بوونی نییە.
پێکنەهێنانی حکوومەت بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و گرفتەکان زیاتر پەرە دەسێنن و ئەگەری ئەوەی هەیە لە ڕووی داراییەوە عێراق زیاتر زەرەرمەند بێت و ئەمریکا بڕی پارەی عێراق سنور داربکات بەهۆی ئەوەی هەندێ لایەنی عێراقی خۆیان کردە بەشێک لە پشتیوانی ئێران لەو جەنگەی لە ئارادایە لە نێوان ئەمریکا و ئێران.
لە هەمان کات گرنگە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و رێز لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بگرن، و داواکاریەکان بە گوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت و سوور بوون لەسەر هەندێ بۆ چوون و بیرۆکە و حەز وئارەزومەندی هیچ سوودێک بە پرۆسەکە ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە ئەزموونی دیموکراسی هەرێم دەگەینێت، بۆیە گرنگە پێداچوونەوەیەک بە هەڵوێستیان بکەن و بۆچوونەکانیان لە بەرژەوەندی کوردستاندابێ وەک دەڵێن دوای کڵاوی بابردوو نەکەون، ئەمرۆ کوردستان و میللەتەکەی زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و یەکڕیزی هەیە، بەتایبەتی ساتێک ناوچەکە بەرەو ئایندەیەکی نادیار و ناروون هەنگاو دەنێت و ئەگەر بەم شێوازەی ئیستا کورد بەردەوام بێت زەرمەند دەبێت، چونکە ئەم شەڕ و توندوتیژیەی لە ناوچەکە لە ئارادایە ئەگەر هاودەنگ و هاوڕا نەبین زیان دەکەین و نیشتمانمان دووچاری گرفت دەکات.

