پرشنگ توانـــا / سوید
هەڵبژاردنی رۆژی 8 ی ئادار وەکو رۆژی جیهانی ئافرەتان، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانە گەورەیە بوو کە ژنانی کرێکارانی کارخانەی ڕستن و چنینی نیویۆرکی ئەمریکا لە ساڵی 1857 ی زاینی بەمەبەستی زیادکردنی موچەو کەم کردنەوەی ماوەی کار ڕێکیانخست، لەو خۆپیشاندانەدا ئافرەتان دووچاری هێرشێکی دڕندانەی پۆلیس بوونەوە، کە بەشێکی هەرەزۆریان دەستبەسەر کران و ژمارەیەکی بەرچاویش کوژران و بریندار بوون .
خەباتی ژنانی کارخانەی ڕستن و چنین لە ئەمریکا وەکو رووداوێکی مێژوویی و گرنگ دێتە هەژمارکردن و وەکو نەریتێکی ساڵانەش بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە، هەموو نەتەوەکانی جیهان بەگشتی و کورد بەتایبەتی ڕۆژی 8 ی ئادار وەک ڕۆژێک بۆ یەکسانی و وەکیەکی و بەرگری لە توندوتیژی بەرز و پیرۆز ڕادەگرن .
تایبه‌ت کردنی ڕۆژێک به ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، دوای ئەوە دێ کە نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان داوای له سه‌رجه‌م وڵاتان کرد که ڕۆژێک بۆ ئاهەنگگێران بەبۆنەی ڕۆژی ژنان هەڵبژێرن . ئەوەبوو زۆربه‌ی وڵاتان 8 ی ئاداریان هه‌ڵبژارد و ئیتر ئه‌و ڕۆژه بوو بە هێما‌یه‌ک بۆ خه‌باتی ژنان که به هۆیه‌وه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ئافرەتان به مه‌به‌ستی داواکردنی مافه‌کانیان خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە سوپای ئه‌مریکا به به‌کارهێنانی چه‌ک و ئه‌شکه‌نجه‌دان ڕووبه‌ڕووی خۆپیشاندەران بوونه‌وه که ده‌ره‌نجام بووه هۆی شه‌هیدبوونی 129 کرێکار و ده‌ستگیرکردنی سه‌دان که‌سی تر .
گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆی، بەرگری لە خاک و نیشتیمانی خۆی کردوە، لە هەموو تەمەنی شۆڕشەکانیشدا ژنی کورد ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی بینیوە و هەموو ئەرك وماندوبونەکانیش کەوتۆتە ئەستۆی ژنان، ژن شان بەشانی پیاوەکان لە کێڵگە و دەشت و چیاکان‌دا کاریان کردوە و تەواوکەری پیاوەکان بوون، لە مێژووی گەلی کوردا گەلێک لە ئافرەتی ناودار و بەتوانای تێداهەڵکەوتووە، وەک خانزادی میری سۆران، حەپسەخانی نەقیب، قەدەمخێر، عادیلەخان و لەیلا قاسم . زۆری تر .
ڕاسـتە دوای ڕاپەڕینەکەی بـەهاری 1991 کوردسـتان پێشکەوتنێکی بەرچاوی لــەم بوارەدا بـــەخۆیــەوە بینیوە، ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕەواکانی خۆیان و لەڕێگای ڕێکخراوە تایبەتەکانی ئافرەتان و دەزگا پەیوەندارەکانی حکوومی خەباتیان زۆر کردوە و تاڕادەیەکی باش گەیشتوونەتە زۆر لەو دەسکەوتانەی کە ئافرەتان خەباتیان لەپێناودا کردوە، لەوانە : چه‌سپاندنی کۆتا له په‌رله‌مانی کوردستان به ڕێژه‌یه‌ک که که‌متر نه‌بێت له 30% و لەئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا ڕێژه‌که‌ی که‌متر نه‌بێت له 25%، بوونی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی ژنان وەک پەرلەمانتار لەپەرلەمانی کوردستان و ناوه‌نده بریاردەرەکانی سیاسی و کارگێڕییه‌کانی وه‌ک وه‌زیر و ڕاوێژکار و دادوه‌ر و قائیمقام و دامودەزگاکانی تر، هه‌موارکردنه‌وه و گۆڕینی یاساکانی تایبه‌ت به ژنان ( وه‌ک ده‌رچوونی یاسای توندوتیژی خێزانی و یاسای باری که‌سێتی ) و کارکردن له‌سه‌ر وشیارکردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان له ئاست کێشه‌ی ژناندا .
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کێشەی ئافرەتان بەتەواوەتی چارەسەر نەبوە، بەپێچەوانەوە تاوەکو ئێستاش پیاوسالاری و توند‌و تیژی جەستەیی و دەروونی دژ بە ئافرەتان هەر بەردەوامە، هۆکارەکانیش زۆرن کە هەندێکیان بۆ کەمی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا و ئەو دابونەریتە نامۆیانە دەگەڕێتەوە کە بوونەتە بەشێک لەکلتووی کوردی، هەندێکی تریشیان پابەندە بەخودی ئافرەتانەوە کەتاچەند بڕوایان بەخۆیان و مافەکانیان هەیە، بۆیە کێشەی ئافرەتان کێشەیەک نیە تەنیا پەیوەندی به خودی ئافرەتانه‌وه هەبێت، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە و پەیوەندی بە هه‌ردوو ڕەگەزەوە هه‌یه . هەر لەبەر ئەو هۆیانەیە کە دەبێ خەباتی ژنان لەپێناو ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگا بەردەوام بێت و بەبڕوابەخۆبوونیش مافەکانیان بەدەست بهێنن .
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ئافرەتانی جیهان بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی کە لەپێناو یەکسانی و دادپەروەری و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو گیانی خۆیان بەخشی .

