ئاشنا بابان
٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان بریتیە لە بۆنەیەکی جیهانیی کە هەموو ساڵێک لە ٨ی ئازاردا یادی دەکرێتەوە ،کە تایبەتە بە ڕێزگرتن لە دەستکەوتەکانی ئافرەتان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، و ڕۆشنبیری، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر مافەکانیان و داوای یەکسانی و دادپەروەری دەکەن لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا.
سەرچاوەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم كاتیک ئافرەتان ڕووبەڕووی بارودۆخێکى سەختی کارکردن بوونەوە لەوانەش نادادپەروەری و هەڵاواردن. لە ٨ی ئازاری ١٩٠٨ کۆمەڵێک لە ئافرەتانى دونیا بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و زیادکردنی کرێ و یەکسانی جێندەرییان دەکرد. لەو کاتەوە هۆشیاریەکى سیاسی کۆمەڵایەتى سەریهەڵدا و بەوە نەوەستا بەڵکو لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەم ململانێیانە پەرەی سەند و بوون بە بزووتنەوەیەکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ڕۆژی جیهانی ئافرەتانى پەسەند کرد و بووە بۆنەیەکی ساڵانە بۆ نوێکردنەوەی بانگەوازی یەکسانی جێندەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا. ڕۆژی جیهانی ئافرەتان گرنگیەکى تایبەتى هەیە له (هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مافەکانی ئافرەتان وپشتگیریکردن لە یەکسانی جێندەری هەوروها هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی ئافرەتان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە )
٨ی ئازار لوتکەی خەباتی درێژخایەن بەرجەستە دەکات کە ئافرەتان لە پێناو مافە بنەڕەتییەکانیان وەک (مافی خوێندن، کار، بەشداری سیاسی و یەکسانی لەبەردەم یاسادا بەڕێوەی) بەردەوام هەوڵددەن. ئەم میراتە نەک هەر پێگەی ئافرەتانى لە ئێستادا باشتر کردووە بەڵکو بناغەی ڕێبازێکی داناوە کە بە ڕوونی کاریگەری لەسەر ئایندەی ئافرەتان دەبێت، لەو کاریگەریانەش :
١- کاریگەری یاسایی و دامەزراوەیی:
لە زۆرێک لە وڵاتان یاسای پاراستنی ئافرەتان لە جیاکاری و توندوتیژی دەرچووە.پرسی ئافرەتان لە سیاسەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا یەکخراوە، یەکسانی جێندەری بووەتە بەشێک لە کارنامەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئایندەی ئافرەتان لە ئێستادا بە چوارچێوەیەکی یاسایی بەهێزتر لە جاران پاڵپشتی لێ دەکرێت.
٢- کاریگەری کۆمەڵایەتی و کولتووری
گۆڕانی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ڕۆڵی ئافرەتان بەشداریکردنى لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتى بوارى سیاسیدا، هاندان ودەرخستنى تواناکانیان کە ئەوەش ڕێچکە شکێنە بۆشکاندنى نەریتە چەقبەستووەکان.
٣-کاریگەری ئابووری و گەشەپێدان
بەهێزکردنی توانایی ئابوورى ئافرەتان هەنگاوێکە بۆ گەشەپێدانی بەردەوامى کۆمەڵگای دادپەروەر و هاوسەنگتر.
٨ ی ئازار ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی پرسی ئافرەتانە لە داواکاری کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئەولەویەتەى سیاسی لە کارنامەی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا. خەباتی فێمینیست بەشداریی کردووە لە فراوانکردنی بەشداری ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و بڕیاردان و بەستنەوەی پرسەکانی یەکسانی جێندەری بە چەمکەکانی حوکمڕانی باش و گەشەسەندنی بەردەوام. لەم ڕوانگەیەوە، میراتی ئەم ڕۆژە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئافرەتان هەیە بە بەهێزکردنی نوێنەرایەتی سیاسی و چەسپاندنی ڕۆڵی خۆیان وەک یاریزانی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا. نوێنەرایەتی دەربڕینی داینامیکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکات کە پەیوەندی بە دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە جێندەرییەکانەوە هەیە لەناو پێکهاتە کولتووری و دامەزراوەییەکان. میراتی خەباتی فێمینیست بەشداری کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی نەخشە تەقلیدییەکانی باڵادەستی پیاوان و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان لەناو خێزان و بازاڕی کار و کایەی گشتیدا. ئەم ڕێڕەوی مێژووییە هەروەها یارمەتیدەر بووە بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری بەکۆمەڵ لە پرسەکانی جیاکاری جێندەری، کە لە گۆڕانکارییەکانی بەها و ڕەفتاردا ڕەنگدەداتەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەرفەتەکانی داهاتوو و پێگەی کۆمەڵایەتی ئافرەتان هەیە.ئافرەتى کورد ئاشکرایە ڕۆڵیکى گرنگى بینیوە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتى لە شۆرشەکانی بزوتنەوەى ڕزگارى خوازدا هەمیشە شانبەشانى شۆڕشێگێڕەکان هاوبەش بوە.

