رۆژنامەی ھەولێر

مێژووی 8ـی ئادار ڕوژی جیهانیی ئافرەتان

میدیا سەڵاح عوسمان جاف
ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان تەنیا بەروارێک نیە لە ساڵنامەدا بەڵکو بەبیرهێنانەوەی ئەو رێگا سەخت و دژوار و دوورودرێژانەیە کە بەسەر ئافرەتاندا هاتووە و هێشتاش بۆ داهاتوو لەو گەشتە بەردەوام دەبین کە لە پێشمانە، هەشت ئازاری ئەمرۆ دەبێت پێوانەکردن بێت کە چەند یاسا گۆڕاوە، چەند بیرۆکە گۆڕاوە، چەند ژیان بەراستی گۆڕاوە بەرامبەر بە ئافرەتان، ئەگەر ئەم ڕۆژە تەنها بۆ وتاری جوان و وێنەی سۆشیال میدیا سنووردار بێت ئەوا واتای مێژووی خۆی دەدۆڕێنێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەم رۆژە نێودەوڵەتیە چۆن سەری هەڵدا؟
ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ بزوتنەوەی مافەکانی ئافرەتان لە (ئەوروپاو ئەمریکا) کە ساڵی 1909 لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، یەکەم ڕۆژی نیشتمانیی ئافرەتان لە ئەمریکا بەڕێوە چوو، یەکەم ئاهەنگی ئەم بۆنەیە لە هەمان ساڵدا لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، بۆ پشتیوانکردنی کرێکارانی مانگرتوو کە داوای باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و کارکردنیان دەکرد.
ساڵی ١٩١٠ بیرۆکەی ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتان پێشنیار کرا کە ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ مافەکانیان خەبات بکەن. بیرۆکەکە سادە بوو بەڵام بەهێز بوو؛ ساڵی 1911 بۆ یەکەم جار لە چەند وڵاتێکی ئەوروپایی جێبەجێ کرا؛ ڕۆژێک کە ئافرەتان لە هەموو وڵاتێکدا یەک دەگرن بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ داواکانیان بەرز بکەنەوە. ساڵی 1908 ئافرەتانی نیویۆرک بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێری کار و زیادکردنی مووچە، کۆتاییهێنان بە هەراسانکردن، هۆکاری سەرەکی بوو دروستبوونی ئەم ڕۆژە. ساڵی 1917 خۆپێشاندانی ئافرەتانی رووسیا بۆ نان و ئاشتی، بووە هۆکاری گۆڕانی گەورەی سیاسی لە مێژووی ئافرەتاندا. ساڵی 1975 لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتگیریی ئەم ڕۆژەیان کرد و، بووە بۆنەیەک بۆ پێشخستنی مافی ئافرەتان لە سەرتانسەری جیهاندا.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە دەبینین ئافرەتان هەمیشە وەڵامی جۆرێک لە ستەم و نادادییان داوەتەوە، ئەمڕۆش لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان ئافرەتان سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی کە هەیانە هێشتا ڕووبەڕووی زۆری توندوتیژیی خێزانی، جیاوازیی یاسایی و، کۆمەڵایەتی دەبنەوە؛ 8ـی ئادار لەم قۆناغەدا تەنها بیرخستنەوەی مێژوو نیە بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا لە سەختیەکانی ئافرەتان تێبگەن، چونکە خۆشەویستیی ئافرەتان و رێزلێنان لێیان لە ڕۆژێکدا کورت نابێتەوە، دەبێت کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە لەسەر گرنگی و بوونی ئافرەت و پێشکەوتنەکانیان چ لە ناو خێزان چ لە ناو کۆمەڵگا، وەک ئەوەی کە دەیبینین لە رۆژئاوا ئافرەتان نەک تەنها لە بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا رۆڵیان هەیە و کار دەکەن، بەڵکو لە بواری سەربازییشدا ڕۆڵێکی گرنگی مێژوویی دەگێڕن و شان‌بەشانی پیاوان داکۆکی لە خاک دەکەن و، بوونەتە هێزێکی سەرەکی بۆ بەرگری لە کۆمەڵگا و پاراستنی ژیان و ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە شەڕی داعشدا و، خەباتیان کرد بۆ ئازادکردنی هەزاران ئافرەتی ئێزدی.
لەگەڵ هەموو ئەو سەرکەوتنانەی ئافرەتان هێشتا هەندێ لەو کەسانەی کە چاویان بەسەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی ئافرەتان هەڵنایەت وەک ئەوەی کە مامۆستایەکی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە باتی ستایشی هەموو ئەو کارانەی ئافرەتان دەیکەن و، بەرزیان بنرخێنێت، لە مینبەرەکانەوە هەمیشە دژایەتی دەکرێین؛ ئەگەر سەیری مێژووی هەندێ لە ئافرەتانی کورد بکەین رۆڵی سەرکردایەتی و سیاسییان بینیوە و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا دروست کردووە و تا ئێستاش کارەکانیان بە زیندوویی ماونەتەوە لە نێو کۆمەڵگا و بەتایبەتی لە نێو ئافرەتاندا؛ (عادیلە خانم) یەکێک بوو لە نموونەی ئافرەتانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کە لە سەرەتایی سەدەی بیستەم لە هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەریدا دەسەڵاتی کاریگەری گەورەی هەبوو، بە تایبەتی لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا رۆڵی گرنگی گێڕا لە پاراستنی ناوچەکە و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی؛ (لەیلا قاسم) یەکێک بوو لە دیارترین چالاکوانی سیاسی کورد لە ساڵی 1974لە لایەن رژێمی بەعسی لە سێدارە دراو بووە سمبولی خەبات و قوربانی بۆ ماف و ئازادی کوردو ئافرەتان (گوڵتان کشاتاک)یەکێک بوو لەو ئافرەتە ناسراوەکانی کورد لە تورکیا و ئەندامی پەرلەمان بوو دواتر بووە هاوسەرۆکی شارەوانی دیاربەکر چالاکیەکانی بۆ مافەکانی ئافرەتان و کورد ناسرا(نەسرین عبدللە)یەکێک بوو لە سەرکردە سەربازییەکانی هێزی ئافرەتانی کورد لە ڕۆژئاوا ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە شەڕەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی و بووە سمبولی خەباتی ئافرەتان لە ناوچەکە، وە (زەکیە محەمەدئەمین) کە ناسراوە بە (زەکیە بابان) نەوەی سلێمان پاشای بابان بوو؛ یەکێک بوو لە ئافرەتە تێکۆشەڕەکان لە پارێزگای سلێمانی، یەکەم ئافرەت بووە بۆتە ئەندامێکی چالاکی پەیوەستگای مافەکانی ئافرەتان لە عێراق و، یەکەم فەرمانبەر بووە وەک ئافرەت لە بانکی سلێمانیدا دامەزراوە و چەندین جار لە لایەن حزبە فاشیستەکەی بەعسەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە و زیندانی کراوە بەڵام هەربەردەوام بوو لە شۆڕش و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی ئافرەتان؛ ئەم نموونانە پێمان دەڵێت کە ئافرەتانی کورد لە مێژوودا تەنها لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵیان نەبووە بەڵکو لە بوارە سیاسی و سەربازییەکانیش کاریگەری گەورەیان دروست کردووە؛ مێژووی ئەم رۆژەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی 8ـی ئادار ڕۆڵ و تێکۆشانی ئافرەتان زیاتر بخرێتە بەرچاو، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان هەنگاوی سیستەماتیکی درێژخایەن بگرنە بەر بۆ ئەوەی یەکسانیەکی ڕاستەقینە لە نێوان ئافرەت و پیاودا دابین بکرێت؛ وەکچۆن سیستەمی کۆتا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، پاراستنی مافی ئافرەتانی توانا و شیاو لە کاتی وەرگرتنی کار و پلەی ئیداری دوور لە هەر دەستێوەردانێک مافی خۆی پێ بدرێت چونکە زۆر جار ئەو ئافرەتانەی توانا و ئەزموونی کاریان هەیە دەرفەتیان پێ نادرێت، بۆیە پێویستە ناوەندێکی پەرەپێدانی سەرکردایەتی بۆ ئافرەتان لە دامەزراوە ئیدارییەکاندا هەبێت بۆ دەرکەوتن و پێگەیاندنی ئافرەتانی توانا و توانای سەرکردایەتیکردنیان وە سیستەمێک هەبێت بۆ شکات و پاراستنی مافی ئافرەتان لە دامەزراوەکاندا چونکە ڕۆڵی ئافرەتان تەنها داواکارییەکی مافی مرۆڤ نیە بەڵکو پێویستیەکی بنەڕەتیە بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و گەشەی کۆمەڵگا، لەم رۆژەدا هیوای خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ئافرەتانی جیهان دەخوازم و بەتایبەت ئافرەتانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان پیرۆز بێت رۆژی 8ـی ئادار.