رۆژنامەی ھەولێر

هه‌شتی مارس، وێستگەیه‌ك بۆ نوێبوونەوەی خەباتی ئافرەتان

زیــــــبا تـەهـــــــــــا

هه‌شتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان تەنها وێستگەیەکی سیمبولی نییە بۆ ڕێزلێنان، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە تێکۆشانێکی مێژوویی بۆ چەسپاندنی چەمکی یەکسانیی جێندەری وەک بنەمایەکی سەرەکی لە مافەکانی مرۆڤدا. ئەم ڕۆژە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوە کرێکاری و سیاسییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، کە تێیدا ئافرەتان وەک هێزێکی کاراو و هۆشیار دژی چەوسانەوەی ئابووری و بێبەشبوون لە مافی دەنگدان، هاتنه‌ده‌نگ. ئەمەش وایکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٧دا بە فەرمی ئەم ڕۆژە بناسێنێت. لە ڕوانگەیەکی سۆسیۆ-پۆلیتیکییەوە، پرسی ئافرەت تەنها پەیوەست نییە بە ڕەگەزێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو پێوەرێکی زانستییە بۆ پێوانەکردنی ئاستی دیموکراسی و پێشکەوتنی هەر دەوڵەتێک؛ چونکە پەراوێزخستنی نیوەی وزەی مرۆیی کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشەپێدانی بەردەوام و لاوازبوونی بنیادی خێزانی و نیشتمانی.
لە ئێستادا، گوتاری كۆمه‌ڵایه‌تی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیاردان و کایە ئابوورییەکاندا، فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و چەسپاندنی ئاشتیی نێودەوڵەتی. سەرەڕای بوونی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک سیداو (CEDAW) کە داوای نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دەکات، هێشتا ئالنگارییە که‌لتووری و یاسایییەکان لە زۆرێک لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا وەک بەربەست دەمێننەوە. بۆیە پێویستە ئەم یادە بکرێتە هەوێنێک بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتە گشتییەکان بە شێوەیەک کە تێیدا ئافرەت وەک بکەرێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا ببینرێت. کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و فەراهەمکردنی هەلی یەکسان لە خوێندن و کاردا، تەنها خواستێکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو زەروورەتێکی زانستی و یاسایییە بۆ بنیادنانی جیهانێکی دادپەروەرتر کە تێیدا شکۆی مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی پارێزراو بێت.
بۆ ئێمەی ئافره‌تانی کوردستان، ئەم یادە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی قووڵی هەیە؛ چونکە ئافرەتی کورد هەمیشە لە یەککاتدا لە دوو سەنگەردا بووە: سەنگەری بەرگری لە خاک و نەتەوە، و سەنگەری تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی وەک مرۆڤ. لە نێو ئەم مێژووە پڕ سەروەرییەدا، ئافره‌تی کورد وەک نموونەیەکی دەگمەنی خۆڕاگری دەردەکەوێت. لێرەدا دەبێت بە شانازییەوە ئاماژە بە “کەمپەینی کەزی” بکەین، کە بووە سیمبولێکی جیهانی بۆ تێکۆشانی ئافرەتی کورد؛ هۆنینەوەی کەزییەکان تەنها نمایشێکی سیمبولی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕەوان بوو بۆ هەموو جیهان کە ئافره‌تی کورد بوێر و خۆڕاگرە و خۆی دەكاتە قوربانی لە پێناو ئازادی و دژایەتیکردنی ستەم و تاریکپەرستی. کەمپەینی کەزی نیشانەی ئەوە بوو کە پرچی ئافرەتی کورد نەک هەر کۆت و بەند نییە، بەڵکو دەبێتە پەتی سێدارە بۆ دوژمنانی ژیان و ئازادی، ئەم بزووتنەوەیە سەلماندی کە کەزییەکانمان هێمای شه‌ره‌ف و به‌رخودانن.
خاڵێكی تر كه‌له‌م یاده‌دا دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، پاڵپشتی و كارەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پرسی ئافرەت. حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی کارنامە چاکسازییەکانیدا، هەنگاوی کردەیی و گرنگی بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی ئافرەتان ناوە و بەردەوامە لە پەرەپێدانی ئەم سێکتەرە، چونکە بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە گەشەپێدانی نەتەوەیی بەبێ بەشداریی کارای ئافره‌تان مەحاڵە.
شانبەشانی ئەوه‌ش بەرزکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتی ئافرەتان لە جومگە باڵاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریدا، بەشێک بووە لەو گۆڕانکارییانەی کە سیمایەکی شارستانییان بە دامەزراوەکانی هەرێم بەخشیووە. هەروەها جەخت لەسەر بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی لە فەرمانگەکاندا دەکاتەوە، ئەمە نیشانەی ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی ئافرەتی کورد لە داهاتوودا نەک هەر لە ناوخۆ، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو و خاوەن بڕیار دەربکەوێت و ژینگەیەکی وەهای بۆ بڕەخسێنرێت کە تێیدا پارێزراو و شکۆمەند بێت.
ده‌توانین بڵێین ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەم قۆناغەی ئێستادا، ڕۆڵێکی گشتگیر و فرە جه‌مسه‌ره‌. ئەمڕۆ ئافرەت تەنها پەروەردەکار نییە، بەڵکو بزوێنەری ئابووری و داهێنەری زانستییە. لە هەموو کایەکانی ژیاندا، لە کەرتی تایبەتەوە تا ناوەندە ئەکادیمییەکان، کچانی ئێمە بە لێهاتووییەکی بەرزەوە دەدرەوشێنەوە. ئافرەتی ئێستا ئافرەتێکی هۆشیارە کە دەزانێت چۆن هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەها ڕەسەنەکانی کۆمەڵگە و هەنگاونان بەرەو مۆدێرنێتە ڕابگرێت.
ئەرکی ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتان لەم قۆناغەدا، بەهێزکردنی ئەم پێگەیەیە لەرێگەی پەروەردەی سیاسی و فیکرییەوە، تاوەکو ئافرەت تەنها وەک ڕێژە ئامادە نەبێت، بەڵکو وەک سەرمایەیەکی مرۆیی گرنگ لە داڕشتنی داهاتووی نەتەوەکەماندا بەشدار بێت. هاوكات وەک ڕێکخراوێکی داکۆکیکار، کار ده‌كه‌ین بۆ چەسپاندنی یاساکانی پاراستنی خێزان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەکردنی تواناکانی ئافرەت، چونکە کۆمەڵگە ناتوانێت پێشبکەوێت ئەگەر نیوەی هێزەکەی پەکبخات و بێبەشی بکات لە بڕیاردان، بۆیە دەبێت هەوڵەکانمان یەکبخەین بۆ ئەوەی ئافرەتی کورد نەک هەر لە سەنگەری بەرگریدا، بەڵکو لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسیشدا پێشەنگ بێت. پەیامی هەشتی مارس بۆ ئێمە ئەوەیە کە خەبات بەردەوامەلەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و ئازادیخواز.