حەمەسەعید حەسەن
بۆچی پەرستگە ئەوەندە جوان و بڵند و سەرنجڕاکێشە؟ بۆ ئەوەی هەژاران تووشی سەرسامی و حەپەسان بکات. هەموو دینەکان داوای ئاشتی دەکەن، کەچی جەنگ هەر بەردەوامە، هەموو ئایینەکان داوای ئەوەمان لێ دەکەن، یەکتریمان خۆش بوێت، کەچی هەر یەکتری دەکوژین! بۆ ئەوەی لە عەقڵی دینی تێبگەین، پێویستمان بەوەیە خۆمان لە لێکدانەوەی منداڵانە ڕزگار بکەین، گوێ بۆ ئەم قەدیس، یان ئەو واعیز شل نەکەین و نەبینە کۆیلەی ئەم ڕێبەری ڕۆحی، یان ئەو مەرجەعی دینی. ڕامان سوودی چییە کە عەقڵت سیخناخ بێت لە نیگەرانی و ڕق و تۆڵە؟ دەزانیت عەقڵ چۆن دەبێت بە ئامێر و کەسێکی گەوجت لێ پەیدا دەبێت؟ بەوەی هەموو ڕۆژێک هەمان ئەو شتە دووبارە بکەیەوە کە دوێنێ کردووتە. ئەوەی تۆ لەسەری ڕاهاتوویت و هەمیشە دووبارەی دەکەیتەوە و بە ڕامان، یان ئۆلی دەزانیت، هەر وەک سیاسەت وایە، ئاخر سیاسەتکارانیش بەردەوام هەمان گوتار و ڕەوتاری خۆیان دووبارە دەکەنەوە.
ڕامان بۆ ئەوە نییە، چەند دەقیقەیەک خەیاڵمان لای دەوروبەر نەمێنێت، بۆ ئەوەیە بۆ هەمیشە هەواری بەراوردکاری جێ بهێڵین، لە دەست خودی خۆمان قوتارمان ببێت و عەقڵمان سنووری قاوغی هەموو شێوازێک و سیستەمێک ببەزێنێت، ئەوسا هەست بە ئازادییەکی ڕاستەقینە دەکەین کە ڕێسا و ڕێکخستنی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەوسا عەقڵمان گوڵ دەگرێت و دونیای بەراوردکاری و گەڕان لەدووی ئارەزوو جێ دەهێڵێت، ئەوسا دەرک بەوە دەکەین، نە هیچ پەیکەرێک پیرۆزە، نە هیچ ساختمانێک، بەڵکوو ئەوە عەقڵی نەریتخواز و ماوەبەسەرچووە، ئەم شتی پیرۆز کردووە، ئەو شتی ئەفەرۆز. ڕامان ئازادییەکی ڕێکخراوە، ڕامان هەڵاتن نییە لە واقیع، پتەوکردنی پێوەندییە بە بزاڤی ژیانی ڕۆژانەوە.
دەرستان دانادەم، گوتوبێژتان لەگەڵدا دەکەم، گوتوبێژی نێوان دوو کەس کە بە لایانەوە گرنگە، چی لە دونیادا ڕوو دەدات. هونەرێک هەیە ناوی هونەری گوێگرتنە، با فێر ببین گوێ بۆ یەکدی ڕادێرێن، ئاخر ئێمە هەمیشە بە کێشەکانی خۆمانەوە سەرقاڵین، گوێ لەوانی دیکە ناگرین. هونەری گوێگرتن ئەوە نییە، گوێ لە کەسانێک بگرین، وەک خۆمان بیر بکەنەوە، ئەوەیە گوێ لە کەسانی سەر بە کولتووری جیاواز لە کولتووری خۆمان بگرین.
با گوتوبێژ لەبارەی ئەوەوە بکەین کە بۆچی ئینسان وەک دڕندەی لێ هاتووە؟ ئەم هەموو کاولکاری و زەبروزەنگە لە چییەوە سەریان هەڵداوە؟ بۆچی ڕووباری خوێن هەر خوڕەی دێت و جەنگ هەر درێژەی هەیە؟ هونەر لەوەدا چییە مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر چەندان نەتەوە و ئاییندا؟ ئەگەرچی لە هەر کوێیەک دابەشبوون هەبێت، ململانێیش دەبێت. کێ دونیای دابەش کرد؟ بۆچی وێڕای ئەزموونی هەزاران ساڵ و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ئینسان هەر دڕندەتر دەبێت؟ ئایا عەقڵی ئینسان پرۆگرام کراوە؟ پرۆگرامێک کە ئەمیان بوودایی بێت و ئەویان هیندۆس؟ ئەمیان عەرەب بێت و ئەویان تورک؟
ئایا عەقڵی تۆ، بە فیکرێکی تەسکی کۆنی نەریتخواز پرۆگرام کراوە؟ زۆرینە نەزانن لە دونیای بایەلۆجیا و تەکنەلۆجیا و لە جەنگەکاندا چی ڕووی داوە، ئاخر بە ژیانی ڕۆژانەیان و بە کێشەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن. لەبەرچی زۆر لەمێژە مرۆڤایەتی لەسەر باوەڕی کریستیان، بوودایی، موسوڵمان، یان هیندۆس پرۆگرام کراوە؟ بۆچی عەقڵی ئینسان لە قاڵب دراوە؟ تا سنوور و کۆت و پێوەند بمێنن، ململانێ و دوژمنایەتییش دەمێنن، تا عەقڵمان لە قاڵب درابێت، ترس و دڵەرواکێ و خەمیش دەمێنن.
زۆرن ئەو زانایانەی پێیان وایە، عەقڵی مرۆڤایەتی تا دونیا دونیایە هەر لە قاڵبدا دەبێت و ئەوپەڕەکەی بڕێک گۆڕانکاری بەسەر قاڵبەکەدا دێت، بەڵام ئازادبوونی عەقڵ وەک مەحاڵ وایە. دەسەڵاتی ستەمکار فیکری ئینسانی خستووەتە بن هەژموونی خۆیەوە، هەموو فیکرێکی ئازادی قەدەغە کردووە و هەر فیکرێکی ئازاد سەری هەڵدا، خاوەنەکەی لە زیندان توند دەکرێت، یان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێت و سەرلەنوێ دەهێنرێتەوە ژێر بار.
ئەگەر کەسێکی هۆشیار بیت، دەرکت بەوە کردووە، ژیانت هێندە لێ تەسک کراوەتەوە، بوارت نەماوە پڕ بە سییەکانت هەوای ئازاد هەڵبمژیت، هەستت کردووە ترس و دڵەراوکێ و نیگەرانی تەنگیان پێ هەڵچنیویت و ئاسوودەیی و دڵنیایی بە میوانییش ڕێیان نەکەوتووەتە هەواری ناخت. ئینسان لە قاڵب دراوە، ئیدی هیچ فەرق ناکات، قاڵبەکە هیندۆسی بێت، یان بوودایی، مەسیحی بێت، یان ئیسلامی، یان هەر ئایینێکی دیکە، بۆیە ململانێ و شەڕ لە نێوان خەڵکانی سەر بە دینە جیاوازەکاندا، نەک هەر چاوەڕوانکراوە، بەڵکوو شتێکە حەتمی.
ناخوازم ترس و ڕەشبینی بڵاو بکەمەوە، بەڵام ڕاستییەکەی لە ئەنجامی قەیرانی هۆشیارییەوە، ژیان ئەوەندە سەخت و ئاڵۆز بووە، ئینسان بەرگەی ناگرێت و داهاتووی مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینەدایە. قەیرانەکە بۆ ئەوانە قووڵترە، لەم دونیایەدا کە ماددە ڕۆڵێکی کاربڕ وازی دەکات، ئەوان هێشتا لە دونیای ڕەمز و ئەفسانە و داستاندا دەژین. گۆڕانی ڕیشەیی ڕوو نادات، تا خۆمان لە سنووری قاڵبەکان ڕزگار نەکەین. عەقڵمان بە جۆرێک لە قاڵب دراوە، لە خۆمان وایە، ئازادی ئەوەیە، ئەم فیکر بەو فیکر بگۆڕین، ئەم فەیلەسووف، بەو فەیلەسووف بگۆڕین، ئەم ڕێبەری دینی بەو ڕێبەری دینی بگۆڕین، ئەم ئۆل بەو ئۆل بگۆڕین، ئەم قاڵب بەو قاڵب بگۆڕین.

