خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ٤ ساڵ لە خزمەتی شەکرەشاردا
ئاری ئاغۆک
کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی هەر کار و چالاکیەک بریتیە لە پاراستن و بەدیکۆمێنتکردنی ئەو جموجۆڵ و کار و بەرهەم و پڕۆژانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا ئەنجام دراون؛ دواتر لە دەلاقەیەک دا ئەرشیف و تۆمار دەکرێن، پاشان و لەدواڕۆژ سودی لێ وەردەگیرێ، بێگومان ئەو ئەرشیف و کۆکراوانە لە چەند بوارێک خۆی دەدۆزێتەوە، کە هەرکامێکیان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کەسانێک لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان ئیش لەسەر ئەرشیف دەکەن، هونەرمەند لە بواری هونەرەکەی کار لەسەر ئەرشیف پارێزی دەکات، وەرزشوان لە ڕوانگەی وەرزشیەوە چالاکی وەرزشی دیکۆمێنت دەکات و، هتد.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێ بکەین بریتیە لە ئەرشیفکردن و بەدیکۆمێنتکردنی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی دامودەزگا میریەکان، بێگومان ئەمەشیان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، کە جگە لەلایەنە کارگێڕیەکە وەک ئەرشیفی بەردەوام ئەوا دەتوانرێ بۆ هەڵسەنگاندنی کار و چالاکیەکان سوودی لی وەربگیرێ.
لەم ماوەیەدا لە دووتوێی دوو بەرگ، دوو کتێبی ١٣٩٥ لاپەڕەیی بە ناونیشانی ٤ ساڵ لە خزمەت شەکرەشاردا، (ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی دارایی و خزمەتگوزاریی بەردەوام)ـەکەی ئومێد خۆشناو هاتە چاپکردن، لێرەدا خوێندنەوە و شرۆڤەیەک بۆ پەیام و دیدگا و پێکهاتەی ئەو کتێبە دەکەین.
• پێکهاتەی کتێب:
ناوی کتێب: ٤ ساڵ لە خزمەت شەکرەشاردا، (ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی دارایی و خزمەتگوزاری بەردەوام)
بابەت: گوتار و لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانی ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر
ئامادەکردن: کەنعان بەهائەدین
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان: د. سابیر حوسێن
پێداچوونەوە: ئەرسەلان ڕەحمان، عائیشە ڕەحمان
دیزاینی ناوەرۆک: سەرباز سیامەند
وێنەکان: گەیلان حاجی
دیزاینی بەرگ: هەڵوێست گەردی
ڤیدیۆ و تەکنیک: محەمەد خۆشناو، هەڵوێست گەردی
سەرپەرشتی چاپ: سەلام خۆشناو
ناوەرۆکی هەردوو بەرگ، پێک هاتووە لە:
• ئومێد خۆشناو وەک ٤٢هەمین پارێزگای هەولێر
• یەکەم وتاری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا
• پێنج بەش بۆ ٥ ساڵی کار و چالاکییەکانی پارێزگای هەولێر
• پاشکۆ دەربارەی هەولێر
• پاشکۆی وێنەکان
• سەرچاوەکان
پێشەکی و پەیامی ئەم کتێبە
کاتێ کتێبێک دێتە چاپکردن، ئامانج و پەیامێکی لە پشتەوەیە، زۆر جار ئەمەشیان لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ دەکرێ، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە و ئاشنابوونێک بۆ خوێنەران بخرێتە ڕوو، بۆیە لەم کتێبەشدا لە لاپەڕە (٥) بەفراوانی ئاماژە بە ناوەرۆکی کتێب کراوە، لە گۆشەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی دیوانی پارێزگای هەولێر دەڵێ:
هاوشاریان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمەی لە بەردەستتاندایە بەشێکی گرنگە لە کۆی ئەو گوتار و کۆنفراسە ڕۆژنامەڤانیانەی ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر کە لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی رابردوو لە چالاکیەکانی ڕۆژانەیدا ئاماژەی پێ داون، بۆیە بەگرنگمان زانی لە دوو توێی کتێبێکدا وەک ئەرشیف بۆ هەولێر و هەولێریەکان و توێژەران و خوێنەران کۆیان بکەینەوە و چاپ بکرێت. چونکە ئەو ماوەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر ئێجگار سەخت بوو، بەڵام بە ئیرادەیەکی پتەوی خۆڕاگری و ڕێزگرتن لە خەڵکی شاری هەولێر، توانرا هەموو پیلانگێڕیەکان لە دژی ئاوەدانی بوەستێنرێت و، هتد. ل ٥.
• ٣٧٢ وتە و وتاری ئومێد خۆشناو
ئەم کتێبە دووبەرگیە، بەشێکی فراوان لە وتە و وتارەکانی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەخۆ دەگرێ؛ ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم وتارەکانی پارێزگار لە کار و چالاکیەکانی ڕۆژانەیدا بە شێوەی زارەکیە، واتە ناوەرۆکی وتار و دەقەکان لە کاغەزێک نەنووسراونەتەوە، بەڵکو پارێزگار ڕاستەخۆ لە سەر پرس و بابەتی دیاریکراو قسە و پەیام و وتاری خۆی هەیە، بە پێچەوانەوە لەم کتێبەدا وتە و قسە بۆتە دەقێکی نووسراو، ئەمەشیان بۆ ئەو بەستێنە ڕۆشنبیری و ئیعلامی و ئەزموونە کارە ڕێکخراوەییەی ئومێد خۆشناو دەگەڕێتەوە کە توانیویەتی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زمانێکی جوان و کاریگەر و پاراو قسان بکات کە وەک میدیاکارێکی دێرین و دەرچووی بەشی راگەیاندن ئەم توانایی و بەهرەیەی لێ بەدی دەکرێت.
چونکە هەموومان دەزانین هونەری وتاربێژی جگە لە دەنگێکی ڕوون و خاوێن، ئەوا زمانی جەستە و ئاماژە بۆ ئامادەبووان کاریگەریی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت بیرۆکە و ئامانج و پەیام لەگەڵ هەست تێکەڵ بکرێت و بە جوانی بگەیەنرێت، کەواتە لەسەر ئەم بنەمایانە وتارەکانی پارێزگار چۆتە خانەی ئەم پێناسەیەی سەرەوە.
لەبەر ئەوەی پارێزگار، وتارەکانی هەمەچەشنە، وەک وەزارەتێکی دیاریکراو نیە، کە لە یەک روانگەوە قسە و وتارەکان دەرببڕێ، بۆ نموونە وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی وەزارەتەکەیەوە وتارەکان دەگەیەنرێت، هەروەها وەزارەتی پەروەرەدە بە هەمان شێوە و، هتد.
بەڵام هی پارێزگار کۆی گشت پڕۆژە و کار و چالاکی و بۆنە تایبەتەکان لەخۆ دەگرێ، بۆ نموونە، بەیانیەکەی لە کۆنفراسێکی زانکۆ بەشدارە وتارەکەی لە چوارچێوەی ئەم کۆنفراسە دەگەیەنێ، نیوەڕۆکەی لە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بەشدارە وتاری لەم چوارچێوەیەدایە، دوای نیوەڕۆ سەردانی ئیفرازی سێ دەکات وتاری هەیە، دوای چەند کاتژمێرێک لە چالاکیەکی یەکێتیی نووسەراندا بەشدارە، وتارێک پێشکەش دەکات، بەر لە مەغریب وێستگەیەکی کارەبا دەکرێتەوە وتاری دەبێت، شەوەکەی پێشوازی لە شاندێکی کونسووڵخانەیەک دەکات بە هەمان شێوە وتاری هەبووە، ئەمانە نموونەیەکن لە حیکایەتی ڕۆژێکی پارێزگار تەنیا لە لایەنی وتاردانەوە، ئەمە جگە لە دیدار و سەردان و واژووە کارگێڕیەکان.
بۆیە دوای خوێندنەوەی وتارەکانی نێو ئەم کتێبە لە کۆی گشتیی ئەم پرۆسەیە ئەم ڕاستیەمان بۆ ڕوون بۆوە کە توانراوە لەسەر بنەمایەکی ئەکادیمی و زانستی پەیام و قسەی خۆی بگەیەنی کە لە ماوەی ٤ ساڵدا پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو (٣٧٢) وتاری سەرەکیی هەبووە، ئەمەیان جگە لە وتار و بابەتی لاوەکیی ڕۆژانەی.
• ٣٠١ لێدوان و کۆنفراسی ڕۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو
بۆ ڕاگەیاندنی هەواڵێک یا ڕوونکردنەوەی بابەتێک، یا جێبەجێکردنی چالاکیەک و گەیاندنی زانیاری ئەوا کۆنفراسی ڕۆژنامەوانی بۆ کەسی پەیوەندیدار ئەنجام دەدرێ ئەویش لە ڕێگەی گەیاندنی زانیاری راست و دروست لەسەر زاری بەرپرسەوە دەگەیێندرێ، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری هەولێر لە ماوەی ٤ ساڵ ئەرکی وەزیفیدا (٣٠١) لێدوان و چاوپێکەوتن و میوانداریی کەناڵەکانی راگەیاندن و کۆنفراسی ڕۆژنامەوانیی کردووە، کە ئەمەش بەهەمان شێوە بۆ ئەزموونی کارکردنی وەک میدیاکار و نووسەر و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەگەڕێتەوە، لەم ڕوانینەوە دوای سەیرکرنی سەرجەم وتار و لێدوانەکانی (کۆ سەرنجم) لەم خاڵانە بۆ ڕوون بۆوە:
1. ئومێد خۆشناو وەک پارێزگار، چاوپێکەوتنەکانی بۆ سەرجەم کەناڵەکان بووە، تەنیا بۆ یەک دیدگا و یەک جۆر کەناڵ نەبووە، بەڵکو بۆ کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چاوپێکەوتن و دیداری ئەنجام داوە، ئەو وەک پارێزگاری شار هەموو ڕاگەیاندنەکان بەیەک چاو سەیر دەکات.
2. بەهۆی چالاکی و سەردانی زۆر و جیاواز، گەلێ جار ڕۆژانە زیاتر لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەوان داوە، ئەمەش بەپێی بابەت و پرس و کێشە و داخوازیەکان بووە.
3. لێدوانەکانی هەمەچەشنن، لە وشکەساڵیەوە بۆ باران و لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، لە پەرەسەندنی کۆرۆناوە بۆ هاوکاری لێقەوماوانی دەرەوەی شار، لە کردنەوەی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریەوە بۆ کێشەی هەشتی حەسارۆک، لە چالاکیەکی وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ قیرتاوکردنی گەڕەک و شەقام. هەموو ئەم بابەتە جیاواز و هەمەچەشنانە لە زاری پارێزگای هەولێرەوە بە ریتمێکی نەرم و، بە زمانێکی پاراو، پەیامەکان دەگەیەنێت.
4. پارێزگار گەلێ جار ڕووبەڕووی پرسیاری موحریج و شەخسی بۆتەوە، بەڵام هەمدیس زۆر هێمنانە بە ئاوازێکی جوانی میدیایی وەڵامی راگەیێنکار و ڕۆژامەوانانی داوەتەوە.
5. لە دیداری ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیونیدا لە کەناڵی ئۆپۆزسیۆن و هەمەلایەندا توانیویەتی هاوسەنگ و بنەمای ئەرک و وەزیفەی خۆی بە ڕوونی و شەفافی بگەیەنێت.
ئەمانە هەمووی لەم (٣٠١) لێدوان و چاوپێکەوتنی میدیاییدا بەدیار دەکەوێت کە لە دووتوێی ئەم دوو کتێبەدا خراوەتە ڕوو.
• شیعرێک بۆ ئەنفال و حەیرانێک بۆ هەولێر
وەک ئاماژەم پێ کرد ئەم کتێبە کۆکراوەی وتار و لێدوان و کۆنفراسە ڕۆژنامەوانیەکانی پارێزگای هەولێرە، وەک ئەرشیف وەک دیکۆمێنت گرنگی و بایەخی خۆی بۆ ئێستا و دواڕۆژ هەیە، بەڵام دوو بابەتی دیکە لە چوارچێوەی ئەدەبی و کولتووریدا خۆی دەدۆزێتەوە کە لەم دوو بەرگەی شەکرەشاردا بڵاو بۆتەوە؛ لێرەدا وەک ئەمانەتێکی ڕۆژنامەوانی و وەک خوێندنەوەیەکی گشتگیری ئەم بەرهەمە دەبێ ئاماژەی پێ بکەین کە بریتین لە شیعرێک بۆ ئەنفال و حەیرانێک بۆ هەولێر.
ئومێد خۆشناو جگە لە کاری وەزیفی، وەختی خۆیشی خوێنەرێکی چاک و نووسەرێکی باش بووە، بەتایبەتی لە بواری ئەدەبدا، کە لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە، بۆیە شیعر و ئەدەبیات لای ئومێد شتێکی نامۆ نیە. لەم ڕوانگەیەوە لە لاپەڕە (٦٦٠ تا ٦٦٥) بەرگی یەکەم، دەقەشیعرێکی جوان و کاریگەری لێ بڵاو بۆتەوە کە لە رێوڕەسمی هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی بارزان خوێندراوەتەوە؛ ئەو بابەتە وەک دەقێکی زیندووی ئەدەبی، بە ڕۆحێکی هیلاک و ماندووەوە نووسراوە؛ ئومێد خۆشناو تابلۆشیعرێکی کاریگەری نووسیوە کە بریتیە لە ١٣٠ دێڕ، هەر دێڕێک چیرۆکێکی خەمگینی ئەنفال و ئینسانیەت نیشان هەمووان دەدات.
هەروەها لە لاپەڕە (٨٩ تا ٩١) بەرگی دووەمی ئەم کتێبە دەقێک بە ناونیشانی (حەیراێک بۆ شەکرەشار) لە نووسینی ئومێد خۆشناو بڵاو بۆتەوە، ئەمەشیان وەک خۆشەویستیەکی ئەبەدی بۆ شەکرەشاری ئازیز، هەولێری هەمووان؛ بە زمانێکی هەولێریانە حەیرانێکی پڕ لە وێنەی جوانی ئەدەبی و کولتووریی بڵاو کردۆتەوە، ئەمەشیان هەمدیس قەڵەم و ئەزموونی نووسەر بەدیار دەخات کە بەر لە پارێزگارەتیی شەکرەشار، ئەو وەک هەولێریەکی رەسەن، شیرینی و ئەشقی هەولێر لە ڕۆحیدایە، بۆیە بە گەشتە حەیرانێک هەموو کەلێن و گۆشە و جوانیەکانی شار نیشان دەدات، کە دەکرێ ئەم دەقە حەیرانە لە دەرفەتێکی دیکە و لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی ئەدەبیدا زێتر خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ بکەم.
• گەشتێک بەنێو بابەتە پەیوەندیدارەکاندا
لەم کتێبەدا جگە لەم بابەتانەی سەرەوە کە باسمان کرد و خوێندنەوەیەکی خێرامان بۆ کرد، ئەوا وەک زانیارینامەیەک چەند بابەتێکی پەیوەندیدار لەخۆ دەگرێ کە بریتین لە:
1. ناوی سێانی و مێژووی دەستبەکاربوون و پایدۆسی (دەستلەکارهەلگرتن) و وێنەی هەر ٤٢ پارێزگارەکەی هەولێر، ئەمەش وەک ئینسکلۆپیدیایەک گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ توێژەران و ڕۆژنامەوانان.
2. جوگرافیای هەولێر
3. شوێنەوارەکانی هەولێر
4. گەڕەکەکانی هەولێر
5. دانیشتووانی هەولێر
6. مۆزەخانەی هەولێر
7. بازاڕەکانی هەولێر
8. قەزا و ناحیەکان
9. نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە پارێزگای هەولێر کە بریتین لە ٤١ نوێنەر
10. پاشکۆی وێنەکان
• دوا پەیام
بەداخەوە ئێمە لە بواری ئەرشیف و دیکۆمینت زۆر دەوڵەمەند نین، ئەم چالاکی و پرۆژانەی لە دوای راپەڕینەوە ئەنجام دراون بە شێوەیەکی گشتی و ستاندەری ئەکادیمی کاری لەسەر نەکراوە بۆ ئەوەی وەک ئەرشیفی کاغەزی بمێنێتەوە، ڕاستە وەک ڤیدیۆ و دەنگ تاڕادەیەک هەنگاو نراوە، بەڵام وەک ئەرشیفی ڕۆژنامەوانی و کتێب و کاغەز بەم جۆرە کاری لەسەر نەکراوە، کە دڵنیام بۆ توێژنەوەو ئەرشیف و مێژوو لە داهاتوو ئاسانکاریەکی باشمان بۆ دەکات کە لە چەندین لایەنەوە دەکرێ سوودی لێ وەربگیرێ، لە هەمانکاتدا کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەنتر دەبێ.

