رۆژنامەی ھەولێر

دیواری بەرلین و کورد

د. خالیدە خەلیل
وەخیێک لە ساڵی ١٩٦١دا دیواری بەرلین بە کۆنکرێت لە ناوجەرگەی شارێکی ئەورووپیدا بونیاد نرا، برینێکی قووڵی لە جەستەی گەلێکدا دروست کرد. ئەوسا، ئەڵمانییەکان لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا دابەش بوون؛ لەنێوان دوو سیستەمدا کە کێشمەکێشی جەنگی سارد پەلکێشی کردبوون. بەم شێوەیە دیوارەکە گۆڕا بۆ سنوورێکی دڵڕەقانە، کە ماڵێکی لە ماڵێکی دیکە، دایکێکی لە ڕۆڵەکەی و یادەوەرییەکی لە یادەوەرییەکی دیکەجیا دەکردەوە. دیوارەکە بەرجەستە و بەرچاو بوو، وەک ئەو دابڕانەی کە سەپاندبووی سارد و بێبەزەیی بوو، تا وای لێهات ببێتە سیمبولێکی جیهانی بۆ هەر دابەشبوونێکی زۆرەملێ کە دەستدرێژی دەکاتە سەر یەکێتیی ئەو مرۆڤانەی کە خاوەنی یەک نەتەوەن.
بەڵام هەموو دیوارەکان لە بەرد نین؛ دیوارگەلێک هەن کە نابینرێن، بەڵام قووڵتر و کاریگەرییان پڕئازارترە. کاتێک دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکاندا نەخشەی ناوچەکە سەرلەنوێ کێشرایەوە، کوردەکان خۆیان لەنێوان سنووری چوار دەوڵەتدا دابەشکراو بینییەوە: تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا. لەوێدا هیچ دیوارێکی کۆنکرێتی بەرز نەبووەوە تا گوندەکان لە یەکدی جیا بکاتەوە، بەڵام ئەو هێڵ و سنوورانەی کە تەنیا لەسەر کاغەز کێشرابوون، لە واقیعدا گۆڕان بۆ بەربەستگەلێک کە جوگرافیایان پارچەپارچە کرد و یەک خێزانیان لێک دابڕی؛ وایان کرد هەر بەشێکی ئەم گەلە ناچار بێت خۆی بە دەوڵەتێکەوە ببەستێتەوە کە خاوەنی زمانێکی فەرمی، کولتوورێکی نیشتمانی و گێڕانەوەیەکی تایبەت بە خۆیەتی.
دیواری بەرلین بوونی خۆی بە ڕوونی ڕادەگەیاند؛ دەکرا دەستی لێ بدرێت و ببینرێت، تەنانەت دەکرا تێکیش بشکێنرێت. لە ڕاستیشدا لە ساڵی ١٩٨٩دا هەرەسی هێنا و لەگەڵ خۆشیدا سیمبولی دابەشبوونیشی تێک ڕووخا، بەوەش ئەڵمانیا دووبارە یەکی گرتەوە؛ وەک بڵێی شارەکە دوای ماوەیەکی درێژ لە قەتیسبوون، لێدانی دڵی بۆ گەڕابێتەوە. بەڵام ئەو دیوارە ڕەمزییەی کە دەوری کوردی داوە، پێکهاتەکەی ئاڵۆزتر و مەوداکەی درێژخایەنترە؛ دیوارێک کە لە سیاسەت و سنوور و زمانە فەرمییە لێکدابڕاوەکان دروست بووە، مرۆڤ ناچار دەکات پێناسەی “خود”ی خۆی بەپێی ناسنامەی ئەو دەوڵەتە بکاتەوە کە تێیدا نیشتەجێیە، وای لێ دەکات ئینتیما بۆ سنوورە دەستکردەکان زاڵ بکات بەسەر ئینتیمای نەتەوەییدا، تەنانەت دەیخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی زۆرەملێ بۆ لایەنگیری لە قەوارەیەکی سیاسی کە بەسەریدا سەپێنراوە!
لە هەردوو ئەزموونەکەدا، دابەشبوون وەک کردەوەیەکی سیاسی دەردەکەوێت کە لە دەرەوەی ئیرادەی گەلان سەپێنراوە؛ چونکە نە ڕاوێژ بە ئەڵمانییەکان کرا کاتێک نیشتمانەکەیان لەت کرا، نە دەرفەتی بڕیاردانی چارەنووسیش بە کورد درا کاتێک دەوڵەتەکان لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کردن. جیاوازییەکە لە سروشتی دیوارەکە و تەمەنەکەیدایە؛ دیواری بەرلین تەنیا یەک دیوار بوو لە یەک شاردا، کەمتر لە سێ دەیە خۆی گرت، پاشان لەژێر فشاری مێژوو و ئیرادەی خەڵکدا هەرەسی هێنا. بەڵام ئەو دیوارە ڕەمزییەی کە دەوری کوردی داوە، دیوارێکی فرەڕەهەندە، بەناو دەوڵەت و سنوور و کولتوورەکاندا کێشراوە و نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە؛ دیوارێکە کە لە یەک وێنەی دیاریکراودا نابینرێت، بەڵکو لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەرجەستە دەبێت.
سەرەڕای ئەمانەش، دیوارەکان – چ ئەوانەی لە کۆنکریت بونیاد نراون یان ئەوانەی بە بڕیارە سیاسییەکان داڕێژراون – لە ئاست سڕینەوەی یادەوەریدا دەستەوستان دەمێننەوە. چونکە ناسنامە قووڵترە لەوەی لە ڕەگەوە هەڵبکێشرێت، زمان زیندووترە لەوەی بە فەرمانێک بسڕێتەوە، و فەرهەنگیش ڕەسەنترە لەوەی تەنیا بە گۆڕینی نەخشە و سنوورەکان لەناو بچێت. هەرەسهێنانی دیواری بەرلین ئەوەی سەلماند کە ئەو شتانەی بە زەبری هێز بونیاد دەنرێن، کاتێک ڕووبەڕووی ئیرادەی مرۆڤ دەبنەوە، هەرەس دەهێنن. لە ئەزموونی کوردیشدا، ئەم پرسیارە هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە: کەی ئەو دیوارە ڕەمزییەی کە ڕێککەوتننامەی سایکس–پیکۆ کێشاویەتی، دەڕووخێت؟!