رۆژنامەی ھەولێر

لە پەروەردەوە بۆ بەرپرسیاریەتی لە قوتابخانە

بەکر کەریم حەسەن*
(ئەلبێرت ئەنیشتاین) فیزیازانی بەناوبانگی ئەڵمانی، دەڵێ “پەروەردە تەنها فێربوونی زانیارییەكان نییە، بەڵكو ڕاهێنانی مێشكە بۆ بیركردنەوە”.
یەكێك لە باڵاترین و گرنگترین جۆرەكانی بیركردنەوە ئەوەیە كە وا لە قوتابی بكەین و تێبگەیێنین و بزانێ‌ كەوا ژینگەكەی بەشێكە لە ناسنامەی ئەو، قوتابخانە تەنها ناوەندێك نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری و فێربوونی زانست، بەڵكو دامەزراوە و كۆمەڵگەیەكی بچووككراوەیە كە تێیدا نەوەكانی داهاتوو فێری ژیان كردن دەبن. ئەركی سەرەكی مامۆستاش لێرەدا چاندنی تۆوی بەرپرسیاریەتی و خۆ بە خاوەن زانینە لە ناخ و دەروونی قوتابیاندا.
مامۆستا هەمیشە پێشەنگە و خۆشەویستە لای قوتابی وەكو نموونەیەكی بەرزی پەروەردەیی دەبینرێ، قوتابییش زیاتر بە چاوەكانی فێر دەبێت، نەك بە گوێیەكان. كاتێك مامۆستایەك بەبێ فەرمانكردن و تەنها بە كردار و پارچە كاغەزێك لە حەوشە و گۆڕەپانی قوتابخانە هەڵدەگرێتەوە و یان بە وریاییەوە مامەلەی لەگەڵدا دەكات و، كەلوپەلەكان دەپارێزێ ئەوە خۆی لە خۆیدا پەیامێكی قووڵ دەگەیەنێت؛ “من خاوەنی ئەو شوێنەم و پاراستنی ئەركی منە. ”

هەر ئەو جۆرە پەروەردە و بیركردنەوەیە بوو كە ئەنیشتاین مەبەستی بوو. ڕاهێنانی مێشك بۆ هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی بەرامبەر هەر بستێكی ئەو نیشتمانە. هەر ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕوانگە و تێڕوانینی قوتابی بۆ ئەوەی قوتابی ببێتە پارێزەری ژینگەكەی، پێویستە قوتابی لەوە تێبگات كە زۆر جار دەگوترێت قوتابخانە مڵکی گشتییە مەبەست ئەوە نییە كە بێ خاوەنە، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە هەموومان خاوەنی قوتابخانەین.

لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا دەبینرێ كە قوتابی فێر بكات و پەروەردەی بكات لە سەر ئەوەی مڵکی گشتی واتە مڵکی هەموومان. “واتە هی تۆ، هی من، هی ئەو”.
گرنگە مامۆستا بە زمانێكی سادە لە قوتابی بگەیەنێت كە ئەم دیوارو مێزو كورسی و كەلوپەلانە بە ڕەنج و ماندبوونی خێزانەكانتان كڕدراوە و لە پێناو ئێوە و بۆ ئێوە دابین كراوە. پیس كردنیان یان تێكدان و شكاندنیان تەنها زیانگەیاندن نییە بە كەلوپەل و دیوارەكان، بەڵكو بێڕێزیكردن و بەهەدەردانی ئەو ماندووبوون و ئەركەیە كە لە پێناو ئێوەدا كرایە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان پێویستە ڕۆڵی سەرەكییان هەبێت و ڕێگا بە قوتابیان بدەن پۆل و حەوشە و ڕێڕەوی قوتابخانەیان پاك ڕابگرن و بیانڕازێننەوە و باخچە و گوڵ و دارەكان بپارێزن و پابەند بن بە ڕێنماییەكان، ئەوكات زیاتر هەست بە خاوەنداریەتی دەكەن.

بێگومان كاتێك قوتابییەك مێزێك دەسڕێتەوە ڕێگە بە كەسێكی تر نادات پیسی بكات، یان كاتێك قوتابییەك گولێك یان نەمامێك دەچینێت هەرگیز ناهێلی هیچ كەسی تر زیان بەوگول و نەمامە بگەیەنێ ئەوەش هەستی خاوەندارییەتییە.
پێویستە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی بدرێتە قوتابی ئەویش بە متمانەدان، چونكە متمانە بەرپرساییەتی دروست دەكات كاتێك قوتابی هەست دەكات “بەرپرسە” ڕەفتاری دەگۆڕێت لەوەوە دەست پێ بكەین كە قوتابخانە مڵکی قوتابییە و هەر قوتابی خاوەنداریەتیی قوتابخانە دەكات، هەر ئەوەش وا دەكات بیپارێزێ، بێگومان منداڵ یان قوتابی تا گەورەش وا فێربووە ئەو شتانە دەپارێزێ كە هەست دەكات هی خۆیەتی.
بێگومان ئامانجی پەروەردە دروستكردن و بنیاتنانی هاووڵاتی و تاكێكی بەسوود و خاوەندار و بە ویژدانە. قوتابخانەیەك لە قوتابییەكانی خۆیان بە خاوەنی بزانن هەمیشە قوتابخانەیەكی پاك و خاوێن و ئاوەدان و دڵگیر دەبێت.
مامۆستا دەتوانێ‌ قوتابی وا پەروەردە بكات و فێری بكات و مێشكی ڕابهێنێ كە نیشتمانپەروەری لە پاراستنی مێزەكەی بەردەمی قوتابییەوە دەست پێدەكات. كاتێك قوتابی فێربوو بەرپرسیار بێت ئەوا ئێمە بە سەركەوتوویی “ڕاهێنان و مەشقمان بە مێشكی كردووە بۆ داهاتوویەكی گەشتر وەكو كەسێكی زیندوو بە ئاگا” و ئەوەش بناغەی نەوەیەكی دڵسۆز و بەویژدان و بەهێزە بۆ نیشتمان.

* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی