فەرهاد قادر ئۆمەر
ئێوارەیەكی زێڕین بوو، خۆرەتاوی دوانیوەڕۆ كەمێك شكابوویەوە و سێبەری دارتووەكەی حەوشە باوەشی بەسەر زەوییەكەدا كێشابوو. ئەو دارەی كە شایەتیی گەورەبوونی چەند نەوەیەكی بنەماڵە گەورەكەی ئۆمەر بەگیە. لەوێ، لە بەر سێبەری دارتووە بەتەمەنەكەدا، كە وەك باپیرەیەكی ڕیشسپی باوەشی بۆ مێژووی خێزانەكە كردبۆوە، جارێكی تر باوەشی كردەوە بۆ خڕبوونەوەیەكی پڕ لە یادگاری سێ نەوە و سێ دڵ، سێ مرۆڤی پڕ لە شكۆ. لەسەر تەختە كورسیە كۆنەكاندا، دایە جەواهیر بەو سیما جوانە میهرەبانەیەوە دانیشتووە، جارجار بە دەستە ماندووەكانی چایەكەی تێك دەدا و بە زەردەخەنەیەكەوە دەیڕوانیە عەلیی كوڕی و مامۆستا جەلالی ئامۆزایدا. ئەو دووانە هەر ئەو دوو منداڵە بوون كە ساڵانێك لەژێر دارتووە بەتەمەنەكەدا یارییان دەكرد. ئەو بۆ مامۆستا جەلال، تەنها مامۆژن نەبوو، مەڵبەندی ئارامی و سۆز بوو، هەر كات تینووی سۆز بوایە، لای ئەو تینوویەتیەکەی دەشكا.
مامۆستا جەلال ئەو پیاوەی وەك سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی خاوەن ئەزموون تەمەنی لەنێوان لاپەڕەی كتێب و هۆڵەكانی پەروەردە بەسەر بردبوو، بۆ ساتێكیش جانتا و خەمی قوتابخانەكانی بەلاوە نەدەنا، ئێستا لە بەردەم شكۆی دایە جەواهێری مامۆژنیدا ببۆوە بەو منداڵە وریا و چاوگەشەی جاران. مامۆستا جەلال سەری بەرز كردەوە و سەیرێكی دارتووەكەی كرد و گوتی: مامۆژن! ئەو دارە تەنها دارێكی ئاسایی نییە؛ ئەوە دەفتەری یادگاریەكانی ئێمەیە، هەر گەڵایەك چیرۆكێكی تێدا نووسراوەتەوە، كە تەنها شنەی شەماڵ لێی تێدەگات.
پاشان ڕووی بە لای مامۆستا عەلیدا وەرگێڕا وگوتی: عەلی گیان، بیرتە ئەو ساتەوەختانەی قەدی ئەو دارەمان دەكردە نیشانە و تۆپمان تێ دەگرت و، مامۆژنم چۆن لێمان تووڕە دەبوو، نەكا دارەكە تێك بشكێنین.
مامۆستا عەلی كە تۆزێك بە نێو تەمەندا كەوتووە و جەستەی وەك جاران ڕێك نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك مامۆستایەكی وەرزشی و هەمیشە پڕ لە وزە، بە خەندەیەكەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەی چۆن ئامۆزا گیان..! ئێستاش كە سەیری ئەو دارتووە دەكەم، هەست دەكەم هەموو یارییەكانمان لەناو گەڵاكانیدا شاردراونەتەوە، جاران من لە مەیدانی وەرزشی واتێگەیشتبووم كە پێشبڕكێ بۆ بردنەوەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە حزوری دایە جەواهێر و لەژێر سێبەری ئەو پیرە دارتووە تێگەیشتم كە گەورەترین سەرمایە لە ژیاندا گەڕانەوەیە بۆ سەر ڕەگ و ڕیشە. دایە جەواهێر فێری كردین دار وەك مرۆڤ وایە، هەرچەند بەناو تەمەندا بكەوێ، ڕەگەكەی زیاتر لەزەوی دەچەقێ وسێبەرەكەی شیرینتر دەبێ. بێدەنگیەك باڵی كێشا، پاشان دایە جەواهێر دڕی بە بێدەنگیەكەدا و بە دەنگە لەرزۆك و بەسۆزەكەیەوە گوتی: ڕۆڵەكانم، دنیا هەر ئەمەیە و خەڵك بە دوایەوە وێڵە، دارتووەكە پیر بووە و ئێوەش گەورە بوونە، بەڵام بۆ من هەر ئەو دوو هەڵۆیە چاوگەشەن كە لە هێلانەی ئەو ماڵەوە فێری فڕین بوون. دەی كوڕم چایەكەتان بخۆنەوە، چونكە چای ئەم عەسرانە، بۆن و بەرامەی تەمەنی بەفیڕۆنەچووی ئەو كاتانە دەدات كە دڵەكان گەورەتر بوون لە ماڵەكان. لەو ساتەدا سەمای دووكەڵی چا و هەناسەی سارد و دەنگی پیاڵەكان تێكەڵ بە شنە بای نێوان گەڵاكانی دارتووەكە ببوون، وەك بڵێی نە سەرپەرشتیار هەبوو، نە مامۆستای وەرزش؛ تەنها دوو ئامۆزا لە باوەشی میهرەبانی دایك و مامۆژنێكدا، كە مێژووی بنەماڵەكەیان لە بەر سێبەری دارتوویەكدا دەخوێندەوە. منیش كڵاشم دڕا و هیچم پێ نەبڕا. جگە لەوەی بڵێم:
بڵێین: ئەم دارە مێژووە گەڵای هەر یادی ڕۆژانە
لە مەیدانی وەفای تۆدا ژیان هەر ئەشقی یەزدانە
بخۆ چایە بە تامی سۆز، لەژێر ئەم دارە تەمەندارە
كە دنیا پڕ لە جەنجاڵە و، تەنها ئەم سۆزەیە چارە

