رۆژنامەی ھەولێر

مەترسی دووبارەبوونەوەی داعش!

د. خالیدە خەلیل
گەڕانەوەی داعش بە شێوازێکی نوێ، لەژێر سێبەری گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریادا دیسان سەری هەڵداوەتەوە؛ ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەت و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەم گەڕانەوەیە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دۆخی عێراق؛ بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی لە ڕووی ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە فشۆڵن. هەروەها هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کەمینەکان کە هەمیشە ئاسانترین نێچیر بوون بۆ توندڕەوی و توندوتیژی؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە پێکهاتەی ئێزیدی، کە هێشتا برینەکانی جینۆسایدی ساڵی ٢٠١٤یان ساڕێژ نەبووە و لە ئازاردا دەژین.

مەترسیی داعش تەنیا لە هێزە سەربازییەکەیدا نییە، بەڵکوو لەو بنەما بیروباوەڕییەدایە کە لەسەر نکۆڵیکردن لە “ئەوی تر” و بە تاوانبارکردنی جیاوازییەکان داڕژاوە؛ هەروەها لە گۆڕینی فرەیی ئایینی و کولتووری بۆ بیانوویەک بۆ دەرکردن و پەراوێزخستن. ئێزیدییەکان یەکێکن لە قوربانییە هەرە دیارەکانی ئەم بیرکردنەوە سڕێنەرەوەیە. ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤، دڕندانەترین ئەڵقەی زنجیرەی مێژوویەکی درێژی چەوسانەوەی سیستماتیک بوون، کە بە درێژایی سەدەکان ڕووبەڕووی ئەم پێکهاتەیە بووەتەوە. سەرچاوە جیاوازە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئێزیدییەکان ڕووبەڕووی دەیان شاڵاوی قڕکردن بوونەتەوە کە ژمارەیان لە ٧٤ جینۆساید تێپەڕیوە. ئەم شاڵاوانە بە شێوازی جۆراوجۆری وەک: کوشتن، کەنیزەکردن، کۆچی زۆرەملێ و سڕینەوەی ناسنامە ئەنجام دراون. ئەمەش لە سۆنگەی ململانێ ئایینی و سیاسییەکانەوە بووە کە تێیدا ئێزیدییەکان لایەنە بێدەرەتانەکە بوون؛ لە کاتێکدا ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان، نە پاراستنێکی ڕاستەقینەیان بۆ دابین کردوون، نە دانیشیان بە ماف و تایبەتمەندییە ئایینی و کولتوورییەکانیاندا ناوە.
تاوانەکەی ساڵی ٢٠١٤ لووتکەی ئەم ڕێڕەوە تراژیدییە بوو؛ تەنیا لەبەر قەبارەی پێشێلکارییەکان نا، بەڵکوو بەهۆی شێوازە ئاشکرا و ڕێکخراوەکەیەوە وەک جینۆسایدێکی تەواو. لەم پەلامارەدا، گوندەکان داگیر کران، خەڵکەکەی بە زۆر ڕاگوازران، پیاوان کوژران، ژنان کرانە کەنیزەک و منداڵانیش بۆ شەڕ تەیار کران؛ ئەمە هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ ڕیشەکێشکردنی بوونی ئێزیدییەکان لە ڕووی جەستەیی و مەعنەوییەوە. ئەوەی برینەکە قووڵتر دەکات، ڕوودانی ئەم تاوانەیە لە سەردەمی دەوڵەتی مۆدێرن و لەژێر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا؛ لە کاتێکدا دەبوو سیستمە یاساییەکان ڕێگری لە جینۆساید بکەن و تاوانباران سزا بدەن، بەڵام بێدەنگی و کەمتەرخەمی بوونە بەشێک لە خودی تراژیدیاکە.
لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی پارێزەری کەمینەکان دەرکەوت؛ ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی تەناهی و چاودێری و پابەندیی ڕوون بە پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان. هەرێم کاری کرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی هەمەجۆریی کولتووری و ئایینییان تێدایە، هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گوندە ئێزیدییەکانی دا، لە سەرەتای قەیرانەکەدا پەنای بۆ ئاوارەکان کردەوە و دواتر گەڕانەوەی بۆ ئاسان کردن. هەروەها پشتگیری لە دادگا ناوخۆییەکان کرد بۆ سزادانی تاوانبارانی داعش و دۆکیۆمێنتکردنی جینۆسایدەکە و پێشکەشکردنی هاوکاریی ماددی و مەعنەوی بە قوربانییان. جگە لەمانە، هەوڵی دا نوێنەرایەتییەکی سیاسیی دادپەروەر بۆ کەمینەکان مسۆگەر بکات و کەلەپووری کولتووری و زمانییان بپارێزێت؛ ئەگەر بەهۆی ئاستەنگ و ململانێ سیاسییەکانی هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا نەبووایە، دەکرا ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی گشتگیرتر و وردتر جێبەجێ بکرێن.
لەبەرانبەر ئەو هەوڵ و دەسپێشخەرییە بەرچاوانەی کوردستان، پێویستە حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارێتییە دەستووری و یاساییەکانی خۆی بەرانبەر کارەساتی ئێزیدییەکان جێبەجێ بکات، وەک بەشێک لە تەنگژەیەکی فراوانتر کە پەیوەستە بە بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراق و ناوچەکەدا. ئەمەش بە دانپێدانی فەرمی بە جینۆساید وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی، دەرکردنی یاسای کارا بۆ پاراستنی کەمینەکان، کاراکردنی ڕێڕەوەکانی دادپەروەریی گواستراوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەبێت؛ هەروەها پێویستە پڕۆگرامەکانی خوێندن بە ئاڕاستەی ڕێزگرتن لە فرەیی بگۆڕدرێن و پڕۆژەی گەشەپێدان بەتایبەت بۆ گەنجان بخرێنە گەڕ.
توندڕەوی لە بۆشایییەوە سەر هەڵنادات، بەڵکوو لە فشەڵی و لاوازیی سیاسی، نەبوونی دادپەروەری و لێڵبوونی سەروەریی یاسا گەشە دەکات. ئەمەش وا دەکات وەرگرتنی وانە لە جینۆسایدی ٢٠١٤ ببێتە پێویستییەکی هەنووکەیی و حەتمی، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکرێت بە شێواز و ناوی جیاواز. لەم چوارچێوەیەدا، هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگییەکی تایبەتی هەبووە و هەیە؛ ئەمەش لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکان، دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و داڕشتنی پلانی باری نائاسایی کە توانای دەستوەردانی خێرای هەبێت لە کاتی هەر هەڕەشەیەکی مەترسیداردا. ئەمە ڕێگری دەکات لەوەی تراژیدیای ئێزیدییەکان تەنیا وەک یادەوەرییەکی کۆن لە ئەرشیفدا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەیکاتە کەیسێکی زیندوو کە پێویستی بە پاراستنی ڕاستەقینە و گەرەنتیی بەردەوام هەیە.
ئەمڕۆ، لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکییەکانی داعش و گەڕانەوەی شانە نوستووەکانی، جارێکی تر نیگەرانییەکی قووڵ لای ئێزیدییەکان و تەواوی کەمینەکانی تری عێراق دروست دەبێتەوە. سنوورە کراوەکان، جوگرافیای ئاڵۆز و لاوازیی هەماهەنگیی هەرێمی، ئەم مەترسییانە دەکەنە هەڕەشەیەکی تێپەڕێنەری سنوورەکان. هەروەها ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە و پرسی گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکانیش تێیاندا یەکلا نەکراوەتەوە. ئاستەنگەکان تەنیا لە هێرشی چەکداریدا کورت نابنەوە، بەڵکوو پەراوێزخستنی ئابووریی بەردەوام، داڕمانی ژێرخان، کۆچی بەردەوامی بژاردە و خوێندەواران، نەبوونی دادپەروەریی گواستراوە و بەردەوامیی گوتاری ڕق و کینە لە هەندێک سەکۆی سیاسی و ئایینیدا، مەترسییەکانیان قووڵتر کردووە.
لەبەر ئەوە، پاراستنی ئێزیدییەکان و تەواوی کەمینەکانی تری عێراق، تەنیا لە ڕێکاری ئەمنیی کاتیدا کورت ناکرێتەوە؛ بەڵکوو پێویستی بە دیدگایەکی گشتگیر هەیە کە لەسەر بنەمای بنیاتنانەوەی دەوڵەت و هاووڵاتیبوونی یەکسان بێت. هەروەها دەبێت گوتاری ڕق و کینە بە تاوان بناسێنرێت و سزای یاسایی بۆ تاوانباران لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی مسۆگەر بکرێت. چونکە جینۆساید تەنیا بە بەکارهێنانی چەک دەست پێ ناکات، بەڵکوو لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێت، جیاوازی دەکرێتە تۆمەت و ناسنامەش دەبێتە بیانوویەک بۆ دوورخستنەوە و توندوتیژی.
لەسەر ئەم بنەمایە، گەڕانەوەی داعش ــ هەرچەندە ئاستی سەربازیی کەمیش بێت ــ پێش ئەوەی هەڕەشەیەکی ئەمنی بێت، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی ئاکاری، یاسایی و سیاسییە؛ چونکە مەترسییەکی جیدییە بۆ ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان. ئەمە بیرهێنانەوەیەکە کە نابێت ئێزیدییەکان و کەمینەکانی تری عێراق بەبێ گەرەنتیی ڕاستەقینە بەجێ بهێڵدرێن، چونکە ئەوان بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و یاسای مافەکانی مرۆڤ، پێکهاتەی پارێزراون. لێرەوە، پاراستنی ئەوان تەنیا لە چوارچێوەی هاوسۆزیی مرۆییدا نییە، بەڵکوو ئەرکێکی یاساییە لەسەر شانی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ جیدییەتی سیستەمی دادپەروەریی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی پرەنسیپی “دەربازنەبوون لە سزا” بچەسپێنێت و گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکان بدات؛ تاوەکوو بەڵێنی (دووبارە نابێتەوە) لە دروشمێکی ئاکارییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەرکێکی یاسایی و سیاسیی چەسپاو و جێبەجێکراو.