رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژوو بە هیوای خۆ پارێزی(تەقوا)ی خوا

عومەر چنگیانی
بابەتی پێش نیازكراوی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینیی بۆ مامۆستایان تا لە 20ی شوباتی 2026 بیری مسوڵمانانی بێننەوە، تیشك خستنە سەر باسی ڕۆژوو بوو بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ڕستەی (لعلكم تتقون)ـدا كە لە دووتوێی ئایەتی 183ی سوورەتی (بەقەرە)دا هاتووە و دەفەرمێت:
“ئەی گرۆی بڕواداران لەسەر ئێوە بەپێویستگیڕراوە كە بەڕۆژوو ببن وەك چۆن بەر لەئێوەیش لەسەر نەتەوە و، شوێنەكەوتەی پێغەمبەرەكانی تریش بەپێویست گێڕرابوو، ئەم ڕؤژوو بەپێویستگێڕاندنەیەش سابەڵكو بگەڕێین لەوانەی كە خۆپارێزن و تەقوای خوا دەكەن.”
خودای گەورەی کاربەجێ و باڵادەست ڕۆژووی لەسەر فەرز کردووین بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی گەورە و بەرهەمێکی شکۆدار، ئەویش “تەقوا” و پارێزکارییە.
ڕۆژوو گرتن تەنها دوورکەوتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵکو قوتابخانەیەکی تەواوکارییە بۆ پەروەردەکردنی نەفس و ڕاهێنانی؛ تاوەکو بەندە بگاتە پلەی تەقوا، کە ئەویش کۆکەرەوەی هەموو چاکەکانە.
ئەگەر ڕۆحی ڕۆژووەوان بەم عیبادەتە مەزنە بەرز بووەوە، ئەوا کاریگەرییەکەی ڕەنگ دەداتەوە لەسەر ڕەفتارەکانی، مامەڵەکانی ڕاست و دروست دەبن و، ڕەوشتی جوان دەبێت و، ژیانی بە نووری تەقوا ڕووناک دەبێتەوە.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تەقوا دوو ڕەهەندی سەرەکی هەیە کە ڕۆژوو لە نەفسماندا دەیانچێنێت: ڕەهەندی ڕۆحی و ڕەهەندی ئەخلاقی.
تەقوا و کاریگەرییەکەی لەسەر پاكکردنەوەی ڕۆح:
یەکەمین و گەورەترین بەرهەمی ڕۆژوو، چاندنی مانای دڵسۆزییە (ئیخلاس) بۆ خودا و چاودێریکردنیەتی لە نهێنی و ئاشکرادا.
ڕۆژوو عیبادەتێکی نهێنییە لە نێوان بەندە و پەروەردگارەکەیدا کە کەس ئاگاداری نییە، بەندە خواردن و خواردنەوە و ئارەزووەکانی تەنها لەپێناو ڕەزامەندی خوای میهرەبان بەجێ دەهێڵێت.
ئەم عیبادەتە پەنهانییە چاودێرییەکی بەردەوامی خودا لەناو دڵی بڕواداردا پەروەردە دەکات، هەست دەکات خودا لە هەموو ساتێکدا ئاگاداریەتی.
ئەم هەستی چاودێرییەش وا لە موسڵمان دەکات بە پلەکانی ڕۆژوودا سەربکەوێت.
زانایان ڕۆژوویان دابەش کردووە بۆ سێ پلە:
ڕۆژووی گشتی: کە بریتییە لە پاراستنی سک و داوێن لە ئارەزووەکان.
ڕۆژووی تایبەت: کە بریتییە لە ڕۆژووی ئەندامەکانی جەستە؛ گوێ ڕۆژوو دەگرێت لە بیستنی حەرام، چاو لە سەیرکردنی حەرام و، زمان لە درۆ و پاشملەوتن (غەیبەت) و دووزمانی و قسەی ناشرین.
ڕۆژووی تایبەتی تایبەت: کە بریتییە لە ڕۆژووی دڵ لە هەموو بیرکردنەوەیەکی نزم و، سەرقاڵبوونی تەواوەتی دڵ تەنها بە خوای گەورەوە.
موسڵمانی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بە هەموو ئەندامەکانی جەستەی ڕۆژوو دەگرێت و، ئەمە ئەو ڕەهەندە ڕۆحییەی تەقوایە کە ترسی خودا و گەڕانەوە بۆ لای ئەو لە دڵدا دروست دەکات.
تەقوا و کاریگەری لەسەر ڕاهێنانی ڕەفتار:
ئەگەر تەقوا لە دڵدا جێگیر بوو و بەرهەمی چاودێری خودای هەبوو، ئەوا ڕەنگدەداتەوە لەسەر ڕەفتاری بەندە و ڕەوشتی لەگەڵ خەڵکیدا. ڕۆژوو قوتابخانەی ڕەوشتە بەرزەکانە، هەربۆیە پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر، ڕۆژووی بەستووەتەوە بە ڕەفتاری ڕاست و دروستەوە.
ئەوەی زمانی لە درۆ و ئەندامەکانی لە تاوان ڕۆژوو نەگرن، ئەوا ڕۆژووەکەی تەنها ڕووکەشە و هیچ نرخێکی لەلای خودای گەورە نییە. ڕۆژووی ڕاستەقینە ڕەوشتی ڕۆژووەوان دادەڕێژێتەوە و دەیکاتە مرۆڤێکی لەسەرخۆ و ئارامگر. کاتێک ڕووبەڕووی خراپە یان جنێو دەبێتەوە، بە وێنەی ئەو وەڵام ناداتەوە، بەڵکو بەبیر خۆی دەهێنێتەوە کە ڕۆژووەوانە و دەڵێت: (من بەڕۆژووم) وەک ئەوەی پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر، فەرمانی پێ کردووە.
ڕۆژوو مرۆڤ لەسەر ئارامگرتن پەروەردە دەکات و بەرەنگاری هەوا و ئارەزووی نەفس دەبێتەوە، بەمەش مرۆڤ بەسەر نەفسی خۆیدا سەردەکەوێت.
هەروەها ڕۆژوو بەها ڕەوشتییە بەرزەکان لە نەفسدا دەچێنێت، وەک: ڕاستگۆیی، داوێنپاکی، پاراستنی چاو، پاراستنی زمان، ئەنجامدانی سیلەی ڕەحم، بەخشین و، هەستکردن بە هەژاران؛ کە ئەمانەش دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی خۆشەویستی و هاوکاری لە نێوان خەڵکیدا.
ئەوەی لە خواردن و خواردنەوە ڕۆژووی گرتووە بەڵام لە جنێو و ئازاردان و غەیبەت ڕۆژووی نەگرتووە، ئەوە بە ڕاستی ڕۆژووی نەگرتووە، بەڵکو هەر بە دیلی ئارەزووە ڕەوشتییەکانی نەفسی ماوەتەوە. کەواتە پێویستە تەقوا لەگەڵ ڕۆژوودا بچێنن، تاوەکو ڕۆژووەکەتان بکەنە هۆکارێک بۆ بەدیهێنانی تەقوا بە هەردوو ڕەهەندە ڕۆحی و ڕەوشتییەکەیەوە؛ بۆ ئەوەی لەم قوتابخانە پەروەردەییە خوداییە بە پاکی و ڕەوشتبەرزی بچنە دەرەوە و، ئەوکات مژدەی خوداتان لێ بێت.
تێبینی:
دكتۆر جەعفەر گوانی ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیویەتی و مامۆستا وەزیر باپیر كورداندی و منیش وەرگێڕانم بۆ ئایەت و فەرموودەكان كرد و كردمنە زمانی نووسین.