پ.د.نەزاکەت حسێن
مرۆڤ لە مێژوودا هەمیشە لە مرۆڤ ترساوە، جەنگی لەگەڵ بکات دەسەڵاتی لێ بسەنێتەوە و کۆنتۆڵی بکات و موڵک و ماڵی داگیربکات یاخود بیکوژێت و لەناوی بەرێت. جەنگی گرتنە دەستی دەسەڵات جەنگی مێژووی مرۆڤایەتی بووە لە ئیمپراتۆریتەکانەوە بیگرە تا جەنگی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، ئەم زاڵبێت بەسەر ئەوی تردا. هەمیشە دەسەڵات هۆکاری دابەش کردنی مرۆڤەکان بووە بۆ چین و کلاسەکان. نموونە لە سەردەمە سەرتایەکاندا، زەوی و هەبوونی زەویەکی زۆر و فراوان هێزو دەسەڵات بوو، بۆیە سیاسیەکان هەوڵیان دەدا زۆرترین زەوی داگیربکەن و جەنگە گەورەکانی ئەوکاتە لەسەر زەوی بوو وڵاتێک زەویەکی زۆری داگیردەکرد جەنگەکەی دەبردەوە و دەسەڵاتی زیاتری دەگرتە دەست، بەهەمان شێوە هەبوونی زەوی لای کۆمەڵێک و نەبوون یان کەمی لای کۆمەڵێکی تر کۆمەڵگەی دابەشدەکرد بۆ هەردوو چینی ئەرستۆکرات و کۆمۆنیست. لە دوو سەدەی رابردوو هەبوونی مەکینە و ئامێری کارکردن و کارگە ئامرازی هێزن بوون لای هەرلایەک بوایە، بۆیە سیاسیەکان و دەوڵەتەکان هەوڵیان دەدا زۆرترین مەکینە و کارگەیان هەبێت. هەبوونی مەکینە و کارگە کۆمەڵگەی دابەش کرد لەنێوان کاپیتالیست و پرۆلیتاری. سەدەی ٢١ جیاوازتر لە هەموو سەردەمەکانی تر و دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ چینەکان. سەردەمەکە سەردەمی هەبوونی’داتا’ یە و چ وڵات چ لایەک زۆرترین داتا کۆبکەنەوە لەسەر مرۆڤەکان و جیهان ئەوە دەسەڵێت دەچێتە لای ئەوان. کۆکردنەوەی داتا و زانیاریەکانیش بێگومان وەک چۆن لەسەدەکانی رابردوو زەوی و مەکینە و کارگە لای کەمینەیەک هەبوو لای هەموو دەوڵەتان و هەموو کەس نەبوو. هەبوونی داتا لەم سەردەمەدا لای هەموو کەس نابێت و ڕەنگە زۆتر دیاری کراو لای وڵات و سەنتەر و دەزگای تایبەت و کەم هەبێت، بۆیە لەم سەدەیە و لەسەدەکانی داهاتوو کێ زۆرترین داتای لابوو ئەوە دەسەڵات لای ئەوە، زەوی و مەکینە و کارگە چیتر نابنە هۆکاری هەبوونی هێز و دەسەڵات، لەڕووی دابەشکردنی کۆمەڵگە هەرگیز وەک سەردەمەکانی پێشوو نییە، کۆمەڵگە و مرۆڤە دابەش ناکات بۆ چینایەتی جیاواز وەک رابردوو بەڵکو کۆمەڵگە دابەش دەکات لەنێوان مرۆڤی راستەقینە و مرۆڤی ئالی و زیرەک. واتە جۆرێکی تر کائین کە ڕاستەقینە نین و بەڵکو مرۆڤی ئالی و زیرەکن دێن لەگەڵ مرۆڤەکان کێبڕکێ دەکەن. واتە مرۆڤ ئیتر لەگەڵ جۆرێ تر لەمرۆڤ چینایەتی بۆ دروست دەبێت کە مرۆڤی راستەقینە نین و ئالین. بۆیە ئێستا وڵاتانی زلهێز و براوەی جەنگەکانی رابردوو دڵەراوکێی ئەوەیانە کە ئایا وەک زلهێز و خاوەن دەسەڵات دەمێنەوە یان نا ؟ هەمان کات دڵەراوکێی ئەوەیانە کامیان زۆرترین داتای کۆکردوەتە لەسەر مرۆڤەکان و جیهان، چونکە هێز و دەسەڵات دەچێتە لای ئەو.

