ئازار حەسۆ میرخان
ئێرنێست هێمینگوەی لە ڕۆمانی (پیاوەپیرەکە و زەریا) دا، باسی هەوڵدانی بێوچانی کەسێک دەکات لەسەر گەمیەکەی دەیەوێ ماسی بگڕێ و ناتوانێت. پیاوە پیرەکە بێ توانایە، ڕەنگبێ بشزانێ ناتوانێت و هەر بەردەوام دەبێت. لەوێ هێمینگوەی پێمان دەڵێت: بەردەوامبوون لە هەوڵی بێ ئەنجام، فەوتانە.
ئەگەر پێش ساڵی ٢٠١١ (ڕاپەرینی خەلکی سووریا) سەردانی قامشلوت کردبا، شاڕێکی هەژار بەڵام زیندووت دەبینی.
سەرەڕای حوکم و زۆلمی بەعس، خەلکی شاڕ لەسەر پێی خۆیان وەستابوون، هیوات لە چاوەکانیانا دەبینی، گرنژینی سیمایان ڕەنگدانەوەی ژیان بوو. کە دەیانزانی مێوانی و بەتایبەت لە باشوورەوە ڕۆیشتووی فەرموویان لێ دەکردی، حەزیان لێ بوو لەگەڵت بدوێن، خزمەتت بکەن. کۆلانەکانی شاڕ ئاودان بوون، دەنگی یاری و شادی مندالەکەن هەستێکی خۆشی پێ دەدای. ماڵەکانیان چەند بچووکیش بان بەڵام خاوێن و بژوون بوون.
لە دەسپێکی ڕاپەرین دژی ڕژێمی بەعس لە سووریا، کورد تەنیا چاودێری دەکرد و هیچ هەنگاوێکی نەهاوێشت، بەڵام ڕژێمی ئەسەد دەستپێشخەری کرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ ( پ ک ک ) برۆگرامی کۆنترۆڵکردنی ڕۆژئاڤایان دارشت. ئەوسا سالح موسلیم لە قەندیل بوو. بەرپرسانی مخابراتی سووری بەفڕۆکەیەکی سەربازی ڕۆیشتنە سلێمانی و شەوێک لەوێ مانەوە، بۆ ڕۆژی دواتر سالح موسلمیان لەگەڵ خۆیان بردەوە شام.
(پ ک ک ) بە هاوکاری رژێمی بەعس بە ناوی جیاوە ( پ ی د)، ( ی پ گ ) و … لە ژێر قیادەی سالح موسلیم کۆنترۆلی ڕۆژئاڤایان کرد. بنکەی مخابرات،استخبارات وەک خۆی ماوە و هەر لەدەست ڕژێمی بەعس بوو، فڕگەی قامشلوش بەدەست بەعسییەکانەوە بوو. پەیکەری حافز ئەسەدیش هەر قیت بوو.
پاش ئەوە بەرچاوترین دیاردە، هەڵواسینی وێنەی عبداللە ئۆجەلان لە دەرودیوار و دەروازەکانی شاڕ بوو. عبداللە ئۆجەلان نەک لە زیندان بوو، ڕێنماییشیدەردەکرد. لە زیندانییە سیاسییەکانی کورد بیستومانە داگیرگەر چۆن لە زیندان کوردیان بە زیندوویی ڕاگرتووە و نەیانکووشتوونە. گوێ لە بیرەوەرییەکانی(مهدی زانا ) و … بگرن کە لە زیندانەکانی تورک چی بە زیندانییە کوردەکان دەکەن. ئەوە گەمژەییە پەیرەوی ڕێنمایی کەسێک بکەی کە بەندکراوی تورکە. (پ ک ک ) لە ڕۆژئاڤا وای کرد و ئێستاش بەردەوامە.
نەیانهێشت هیچ تاک، ڕێکخراو و پارتێک لە دەرەوەی (پ ک ک )چالاکی بنوێنێ. بەتایبەت دژایەتی ئەوانەیان کرد نەتەوەیی بوون و مەبەستیان ماف وخاکی کوردستان بوو. ئالای کوردستان قەدەغە کرا.
ماڵباتە نەتەوەیی و ڕەسەنەکان لە ترسی (پ ک ک) ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشت. هۆکاری سەرەکیی ئاوارەبوونی زۆرینەی کورد لە ڕۆژئاڤا (پ ک ک )بووە.
لە قۆناغی سەرهەڵدانی داعش دا یەکەم شاڕی کورد لە ڕۆژئاڤا کە کەوتە ژێر مەترسی، کۆبانی بوو. ئەودەم شەڕی دژی داعش هەواڵی یەکەمی هەموو میدیا جیهانییەکان بوو.
داعش کۆبانی دۆرپێچ کردبوو، هەندێ گەڕەکی کۆبانیشی گرتبوو، کۆر وکچانی کورد بەرگرییان دەکرد.هەمووان خەمی کەوتنی کۆبانیان بوو.
هەموو کورد خەمی کۆبانی بوو، وەبیر خۆتان بێننەوە ئەودەم ئەردۆگان لەبەردەم کامیراکان گوتی؛ کۆبانی تەواو بوو. سەرۆک بارزانیش گوتی؛ کۆبانی شاڕێکی کوردانە و ناکەوێ. سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕێکەوت و پێشمەرگەی بە ئالای کوردستانەوە ناردە کۆبانی و بە پاڵپشتی پێشمەرگە، هاوپەیمانان و بەرگڕی خەڵکی کۆبانی شار نەکەوت.
لەم سەدەیە کۆبانی گەشترین لاپەڕەی دیرۆکی کوردە لە ڕۆژئاڤا و هەموومان شانازی پێوەدەکەین.
لەدوای نەمانی مەترسی لەسەر کۆبانی و دەڤەرە کوردییەکان و گەرانەوەی پێشمەرگە، (پ ک ک ) دیسان وەخۆ کەوت.
لێهاتووترین و وێرەکترین ڕۆڵەکانی کورد نێردرانە منبج و ڕەقە و .. و کرانە قوربانی بۆ بەرزکردنەوەی دروشمی بڕایەتی گەلان. کامتان دڵتان دێ کچە ١٥ ساڵییەکەتان بنێرنە مەیدان دژی جیهادییەکان؟
هیج ماڵباتێک بۆی نەبوو پرسەی جەنگاوەرە گیانبەختکراوەکەی بگێرێ مەگەر ئامادەبووەکانی پرسەکە لە ژێر وێنەی عبداللە ئۆجەلان دا بڕۆن و شانازی بەوە بکەن کە پەیڕەوی ڕێنماییەکانی کەسێک بکەن کە لە هیچ شوێنێک بوونی نییە و لە زیندانی داگیرکەر دایە.
ئەم ڕۆژانە بڕۆیە قامشلی، دەبینی شار چوولە، ئەوەی حەز دەکەی ببینی،نایبینی، گەڕەکی نوێی عەرەبی پەیدا بوون. گەڕەکە عەرەبەکان ئاوەدانن و تژی مندال، مێرمنداڵ و گەنجن.
گەڕەکی کورد بێ گەنج و مێرمندالە. گەنجی کورد بە تۆپزی دەنێردرانە منبج و رەقە تا گیانیان بۆ برایەتی گەلان بەخت بکەن یان شاڕیان بە جێ هێشتووە.
ئێستا قامیشلو بێدەنگ و کەوتووە، کە دەرۆیە نێو شاڕ کەس ناتدوێنێ، کەس ناوێري قسە بکات، خەلکێکی ماندوو و ڕەشبین دەبینی، ڕووخۆشی و گەشی بەدی ناکەی، کەس فەرمووت لێ ناکات. زیندوویەتی شار نادۆزیەوە.
پاش ئەوەندە ساڵە، دیسان چوارگۆشەی ئەمنی و شوێنە گرنگەکان کەوتنە دەست شامی جۆلانی. کورد دەڵێ؛ کە نازانی بۆ کوێ بڕۆی، مڵ نەدە ڕێگە.
هەڵواسینی وێنەیەک و بەرزکردنەوەی دروشمی سەرگەردان، ئاماژە ونیشانەن و وێدەچی ( پ ک ک ) دەستێک بێ هەوڵبدات کورد ببێتە خاوەن سەروەریی خۆی و ئەرکی تێکدانی جڤاکی کوردی پێ سپێردرابێ.

